بەهیە خانی حامید بەگی جاف کۆچی دوایی کرد
"بەهیەخانی حامید بەگی جاف" لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا، لە لەندەن گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ- بەیانی ئەمڕۆ هەینی، "بەهیەخانی حامید بەگی جاف" لە تەمەنی ١٠٠ ساڵیدا، لە لەندەن گیانی لەدەستدا.
بەهیەخان، لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە و نزیکەی ٣٢ ساڵە لە بەریتانیا دەژی و لە پایتەختی ئەو وڵاتەوە بە جل و بەرگی رەسەنی کوردییەوە ژیا و دەردەکەوت، کە جلەکانی جێگەی سەرنجی هەمووان.
ئەوکاتەی لە هەڵەبجە کچان و ژنان بە پەچەوە دەردەکەوتن، "بەهیە خان" وەک یەکەم کچە کورد لە ساڵی (١٩٣٢) دەچێتە قوتابخانەی کوڕان و دەخوێنێت، دواتر (حامید بەگ)ی باوکی کە لەوکاتەدا قائیمقامی هەڵەبجە بووە، قوتابخانەیەک بۆ کچانیش دەکاتەوە.
بەهیەخان لە زۆرینە چالاکییەکانی کوردان لە بەریتانیا بەشداری دەکرد و بە جلی و کوردی سەر و کڵاوی رەنگاو رەنگ و رەسانەیتییەوە دەردەکەوت.
بەهیەخان کاتێک میدیاکان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرد، وەک شانازییەک دەیوت "ساڵی ١٩٢٥ لە هەڵەبجە نیشتمانەکەم لە دایک بووم".
ساڵی ٢٠٢٣ رەوەندی کوردی لە لەندەن مەراسیمێکی رێزلێنانیان بۆ بەهیەخان رێکخست.