بەڵگەفیلمی پێگەی ئاهەنگەرانانی دەرهێنەر بووە پاڵێوراوێکی ئۆسکار
شانشینی یەکگرتوو بەڵگەفیلمی «Rehearsals for Revolution»ی بۆ خەڵاتی ٩٩هەمی ئەکادیمی لە بەشی فیلمە نێودەوڵەتییەکان پاڵێورا. ئەم بەرهەمە بە بەکارهێنانی دیمەنی ئەرشیفی و چیرۆکی کەسی، مێژووی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئێستا دەخاتە ڕوو.
ناوەندی هەواڵ
بەڵگەفیلمی Rehearsals for Revolutionڕاهێنانەکانی شۆڕش، بە دەرهێنەرایەتی پێگەی ئاهەنگەرانانی، وەک نوێنەری شانشینی یەکگرتوو لە بەشی باشترین فیلمی نێودەوڵەتیی درێژ بۆ خەڵاتەکانی ئەکادیمی ئۆسکاری ٩٩هەم هەڵبژێردراوە. ئەم فیلمە زیاتر لە چل ساڵ لە مێژووی ئێران دەگرێتەوە و یادەوەرییە کەسییەکان و ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نەوە جیاوازەکان دەخاتە ڕوو.
بەپێی هەواڵی گۆڤاری پیشەسازیی فیلمی «Screen Daily» کە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ئەم بەرهەمە لەلایەن لیژنەیەکی شانشینی یەکگرتووەوە هەڵبژێردراوە کە ئەندام و نوێنەرانی لیژنەی فیلمی ئەکادیمیای هونەرەکانی فیلم و تەلەڤیزیۆنی بەریتانیا (BAFTA) پێکیدەهێنن.
پێگەی ئاهەنگەرانانی لەم بەڵگەفیلمەدا، بە بەکارهێنانی ئەرشیفی کەسی، ڤیدیۆی ماڵەوە، دیمەنەکانی خۆپیشاندانە شەقامەکان، تۆمارە ڕۆژنامەییەکان و تۆمارە دەنگییەکان، مێژووی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ەوە تا ئەمڕۆ دووبارە بنیات دەنێتەوە. ئەو مێژووە بە ژیانی خۆی و گێڕانەوەکانی پێنج کەسی خزم و کەسانی دیکەوە دەبەستێتەوە کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی داناوە. هەروەها فیلمەکە ئەزموونەکانی بەرخۆدان و هیوا بۆ گۆڕانی سیاسی لە چوارچێوەی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا دەخاتە بەر باس.
فیلمەکە پاڵێوراوێکی خەڵاتی ئۆسکار بووە
«Rehearsals for Revolutio» لە فێستیڤاڵی فیلمی کانی ٢٠٢٦ لە بەشی «پیشاندانە تایبەتەکان»دا بۆ یەکەمجار پیشان درا و خەڵاتی چاوی زێڕنی وەک باشترین بەڵگەفیلم وەرگرت. فیلمەکە هەروەها لە فێستیڤاڵەکانی تێلۆراید و تۆرۆنتۆش پیشان درا.
فیلمەکە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بۆ ماوەیەکی سنووردار لە شانشینی یەکگرتوو و ئیرلەندا پیشان درا. پیشاندانەکانی فیلم بۆ پاڵێوراوەکانی ئۆسکار لە مانگی کانونی یەکەمدا لە نیویۆرک و لۆس ئەنجەلەس پلانیان بۆ دانراوە و دواتر لە کانونی دووەمی ٢٠٢٧دا لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سینەماکاندا پیشان دەدرێت.
هەڵبژاردنی فیلمەکە بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێی خەڵاتی ئۆسکار بەو مانایە نییە کە حەتمەن دەچێتە ناو لیستی کۆتایی فیلمەکان. ئەوەی فیلمەکە دەگاتە لیستی کۆتایی یان نا، بە قۆناغەکانی دواتری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەکادیمی پەیوەستە.