نامەیەک لە ٩٥ کەسەوە بۆ سی پی تی: دەستبەجێ شاندێک بۆ ئیمراڵی بنێرە

لە ئەڵمانیا ٩٥ کەسی ناودار و نووسەر نامەیەکیان بۆ سی پی تی ناردووە و داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان کردووە و دەستبەجێ شاندێک ڕەوانەی ئیمراڵی بکەن بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" چالاکییەکان بەردەوامن، لە ئەڵمانیا ٩٥ کەس لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکای کرێکاران، پارتە سیاسییەکان، نوێنەری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئاشتی، چالاکان، ئەکادیمی، پرۆفیسۆر، پارێزەر و ڕۆژنامەنووس، نامەیەکیان بۆ ئالان میشێل، سەرۆکی لێژنەی ڕێگریکردن لە ئەشکەنجە "سی پی تی" نارد.

 

"دەستبەجێ پێویستە شاندێکی سی پی تی لێکۆڵینەوە بکات"

لە نامەکەدا داوا کراوە کە شاندێکی سی پی تی دەستبەجێ بچێتە دوورگەی ئیمرالی بۆ لێکۆڵینەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە عەبدوڵڵا ئۆجالان لەلایەن ملیۆنان کوردەوە وەک نوێنەری سیاسی ڕەوا قبوڵکراوە و گۆشەگیری نامرۆڤانە بەرامبەری ئەنجام دەدرێت.

 

بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئەوروپا بەبیرهێندرایەوە

لە نامەی بانگەوازییەکەدا بۆ سی پی تی، ماددەی ٣ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی ئەوروپا بەبیرهێندرایەوەو داواکرا کە بەپێی ئەم مادەیە هەنگاو بنێن، لە نامەکەدا هاتووە: ماوەی ٢٥ ساڵە بەڕێز ئۆجەلان لە مافە مرۆییەکانی بێبەش کراوە، ماوەی سێ ساڵە مافی دیدار لەگەڵ پارێزەر و بنەماڵەکەی پێشێل کراوە، بەڕێز ئۆجالان هاوڵاتی دەوڵەتێکی ئەنجومەنی ئەوروپایە، بۆ ئەوەی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان هەبێت و زانیاری لەسەر تەندروستی بەڕێز ئۆجالان وەربگرین.

 

لە کۆتایی نامەکەدا هاتووە: داواتان لێدەکەین دەستبەجێ شاندێک بنێرن بۆ ئیمرالی، بۆ ئەوەی تورکیا دان بە مافی بەڕێز ئۆجالاندا بنێت کە لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرانی کۆببێتەوە، پێویستە پێداگری بکەن، هەنگاوێکی لەم شێوەیە بۆ تورکیا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی خۆی وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی ئەوروپا جێبەجێ بکات، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی بەپەلەی مافی مرۆڤ و تێپەڕاندنی نیگەرانییەکانی ملیۆنان کورد، هەروەها چارەسەری پرسی کورد بەشێوەیەکی ئاشتییانە، ڕۆحی پێویستی ئاشتەوایی زیندوو دەکاتەوە.