شاندەکەی ژنانی باکوور سەردانی یەکێتی ژنان و ڕژاکیان کرد

لە درێژەی سەردانییەکانی شاندی ژنانی باکووری کوردستان بۆ لای لایەن و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان، لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان و ڕژاک کۆبوونەوە.

سلێمانی


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی ژنانی باکوور کوردستان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردستان و تاوتوێ کردنی پرسی گەلی کورد و تێکۆشانی ژنان، سەردانی پارێزگاری سلێمانیان کرد. 


هەر ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان کۆبوونەوە و پرسی کورد و تێکۆشانی ژنانیان هەڵسەنگاند.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، کنێر عەبدوڵا، ئەندامی یەکێتی ژنانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، خۆشحاڵین ئەمڕۆ لەگەڵ ژنانی پارچەیەکی تری کوردستان دانیشتین و تاوتوێی چەند پرسێکمان کرد،  بۆ ئەوەی ئاشنای کارکردنی یەکتر بین، بێگومان کوردانی هەر چوار پارچە لە دوو ئامانجدا یەک دەگرنەوە، ئەوانیش پێشخستنی پرسە نەتەوەی و نیشتمانیەکان و پرسی ژنانە، لە داهاتووشدا پێکەوە کار دەکەین. بۆیە هیوادارین پێکەوە چارەسەرێک بۆ  کێشەکان بدۆزینەوە و یەکیەتی نەتەوەیی بپارێزین.

 

سەباحەت ئەردۆغان، ئەندام پەرلەمان لە شاری سێرتی باکووری کوردستان و ئەندامی شاندەکە، لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەک شاندێکی ژنانی باکووری کوردستان سەردانی یەکێتی ژنانمان کرد بە بۆنەی ١٦ ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خۆشحاڵبووین لە نزیکەوە ژنانی باشووری کوردستان دەبینین، هیوادارین پێکەوە کارێک بکەین بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژیەکانی سەر ژنان، هەروەها گفتوگۆی ئەوەمان کرد ژنان چۆن خۆیان بە ڕێکخستن بکەن بەرامبەر ئەو سیستەمەی لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت.

 

لە درێژەی سەردانیکردنەکەیان بۆ هەمان مەبەست، شاندی ژنانی باکووری کوردستان لە بارەگای ڕێکخراوەکەیان لەگەڵ  ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک کۆبوونەوە و و کارو چالاکیەکانی ژنانیان هەڵسەنگاند و جەختیان لە کاری هاوبەش کردەوە.