بانگەوازییەک لە تەژەئاوە: بۆ سووریایەکی ئازاد پشتیوانی پێویستە
تەژەئا کاردانەوەی بەرامبەر هێرشی چەتەکانی "SMO" دژی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بەئامانجکردنی ژنان دەربڕی و داوای لە ژنان کرد بۆ سووریایەکی دیموکراسی و یەکسان و ئازاد تێبکۆشن و یەکبگرن.
ئامەد
بزووتنەوەی ژنانی ئازاد "تەژەئا" بەیاننامەیەکی نووسراوی سەبارەت بە دەستدرێژی و کوشتن و ڕفاندنی ژنان لەلایەن سوپای نیشتمانیی سووریا سەر بە تورکیا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جەنگی جیهانی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامە و پرۆسەیەکی نوێ لە سیاسەتەکانی جەنگدا دەستی پێکردووە.
بانگەوازی پشتیوانی
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: SMO و ئەوانەی پشتگیری دەکەن ناتوانن ڕێگری لە ژیانی ئازاد و دیموکراسی بکەن، گەل و ژن ئەو ژیانە بونیاد دەنێن کە خەونی پێوە دەبینن، ئێمە لە هەموو هەلومەرجێکدا هێڵەکانی ئازادی ژن و خەبات بۆ ئازادی ژن دەپارێزین، ژنان و گەلی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بڕیار دەدەن کە سووریا چۆن بەڕێوە دەچێت، سڵاو لە خەباتی ژنانی هەموو گەلی سووریا کە لە دژی ڕژێمی ئەسەد و چەتە جیهادییەکان و ئەو دەسەڵاتدارانە وەستانەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕاکێشا بۆناو شەڕ، لە کۆلان و بەربەست و زیندان و ماڵەکاندا بەرخۆدانیان کرد، بە ڕێزەوە هەموو ئەو ژنانە بەبیردەهێنینەوە کە لە بەرخۆدانی خۆبەڕێوەبەریدا گیانیان لەدەستدا، داوا لە هەموو ژنان دەکەین بۆ سووریایەکی دیموکراسی و ئازاد و یەکسان خەبات بکەن و یەکگرتوو بن.