"با بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ بوونی خۆمان بپارێزین"

کورد و عەرەب و سریانییەکان جەختیان لەوە کردەوە کە گەلی ناوچەکە بە پڕۆسەی بوون و لەناوچووندا تێدەپەڕن و ڕایانگەیاند، کات کاتی پاراستنی خاک و هەبوونیانە.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای خۆپاراستن و سەفەربەری گشتی لە دژی هێرشی چەتەکانی سەر بە حکومەتی داگیرکەری تورکیایبۆ سەر کانتۆنی شەهبا-عەفرین و هێرشەکانی سەر ناوچەکە کرد، کورد و عەرەب و سریانییەکانی حەسەکە پەیامی خۆیان بۆ سەفەربەری دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە بوونی گەلی شۆڕشگێڕ و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان دەپارێزن.

 

"دەبێت خاکی خۆمان لە داگیرکەران بپارێزین"

ڕۆژین عەلی کە لە پێکهاتەی کوردە، ڕایگەیاند، سەردەم سەردەمی بوون و نەبونە و وتی: لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریاوە، لە ناوچەکەدا خاوەنی بەرخۆدان و ڕەنج و تێکۆشانین هەبووە، ئەمڕۆ لە سایەی ئەم بەرخۆدانەدا چەندین دەستکەوتی پیرۆزمان بەدەستهێناوە، ئەو هێرشانەی ئێستا بۆ سەر شەهبا و حەلەب و شێخ مەقسود ڕوودەدەن پلانێکە دژ بە ئیرادەی گەل و دەستکەوتەکانی گەلە، ئامانجی کوشتن و دابەشکردنە، ئێمە بە پرۆسەیەکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕین، دەبیت وەک پێکهاتەیەل بە ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ خۆمان و دەستکەوتەکانمان بپارێزین، لە ناوەڕاستی شەڕێکی پیسداین، هەموو دەوڵەتەکان شاهیدی کۆمەڵکوژی و کوشتار و ئازاری کۆچکردنن کە خەڵک بەدەستیەوە دەناڵێنن و بێدەنگن. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە لەگەڵ ئەم کردەوانەدا نین، بۆیە ئەم بێدەنگییە ئیدانە دەکەین و دەڵێین لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژوودا جێگەی خۆیان دەگرنەوە، چاوەڕوانی کەس نین، هێڵی ئێمە هێڵی بەرخۆدان و تا کۆتایی تێدەکۆشێن.

 

"ئەو هێرشە دەرئەنجامی قبوڵنەکردنی بانگەوازی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە بۆ گفتوگۆ"

نەوال سەلوم، لە پێکهاتەی سریانی ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆسەی ناوچەیی ڕوودەدات، چونکە حکومەتی شام بانگەوازی خۆبەڕێوەبەری بۆ دیالۆگ قبوڵ نەکردووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: خۆبەڕێوەبەری هەمیشە داوای گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی شام دەکرد، ئێمە وەک پێکهاتەکانی ناوچەکە دەمانەوێت ڕێگەچارەیەکی سیاسی بۆ ئەم قەیرانەی ئێستا بدۆزینەوە، بەڵام بەداخەوە ڕژێمی سووریا بەدوای بەرژەوەندی خۆیدا دەگەڕێت و گفتوگۆکەی قبوڵ نەکرد، بەهۆی قبوڵنەکردنی دیالۆگەوە، ئەم ئەنجامە ڕوویدا، گەل ڕووبەڕووی جینۆساید و کۆچ و گەمارۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەش وەک ئەندامانی هەرێم دەبێت بە یەکڕیزی و تەبایی و ڕۆحی گەلی شۆڕشگێڕ خۆمان و خاکەکەمان بپارێزین و تا کۆتایییش پشتیوانی لە هەسەدە بکەین.

 

"بە ڕۆحی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی خاکەکەتان بپارێزن"

خەزنە عەبود کە لە پێکهاتەی عەرەبە، سەرنجی بۆ ئەو هێرش و پلانانە ڕاکێشا کە بۆ سەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام دەدرێن و ڕایگەیاند، جینۆسایدێکی کولتووری و مێژووییە و ئامانجی بوونی گەلە و وتی: لەگەڵ هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر حەلەب، شێخ مەقسود و شەهبا دەیانەوێت خاکی سووریا دابەش بکەن و تاڵانی بکەن، ئەمڕۆ شەڕ و پلانێکی گڵاو لەسەر دەستکەوتەکانی ژنان بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەرکی هەموو ژنێکە خۆی بپارێزێت، داوا لە هەموو ژنان دەکەین لە بەرامبەر هێرشە جینۆسایدییەکان بوەستنەوە و بە ڕۆحی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی خاکەکیان بپارێزن.