بۆ سێیەمین مانگ لەسەر یەک... ژنانی سوەیدا بەردەوامن لە خۆپیشاندان

ژنانی سوەیدا هێشتا بەردەوامن لە بزووتنەوە جەماوەرییەکەیان، بۆ ئەوەی جەخت لەوە بکەنەوە ئەوان لە داواکارییەکانیان پاشگەز نابنەوە بۆ مافەکانیان و ئازادکردنی ژنان و بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی.

 

ڕوشیل جونیور

سوەیدا- گەلی سوەیدا بۆ سێیەم مانگ لەسەر یەک بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان و داوای ڕووخانی ڕژێم و جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.

نەبیلە موراد وتی: لە ئەنجامی ئەو نادادپەروەرییەی کە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی بووینەوە، بۆ پشتیوانیکردنی چەوساوەکان، گەڕاندنەوەی شکۆمەندییان و ئازادکردنی ژنان لە نادادپەروەری و ستەمکاری و پەراوێزخستن چووینە ناو مەیدانەکان.

ڕوونیکردەوە داوای ڕووخانی ڕژێم دەکەن دوای ئەو سیاسەتە جیاکارییانەی کە لەلایەن حکومەتی شامەوە پەیڕەو دەکرێت و وتی: بزووتنەوەکەمان ئاشتیخوازە، لەگەڵ هەموو سوورییەکانداین، دژی تایەفەگەری و دابەشبوونی وڵات، ئازادی و خۆشەویستیمان دەوێت، بە شکۆمەندی چووینە ناو خۆپیشاندانەکان بۆ ئەوەی دەنگی بەرز بکەینەوە دژی ئەو نادادپەروەرییەی ئەزموونی دەکەین، داوا لە هەموو ژنان دەکەم هاوکاری یەکتر بکەن و داوای مافەکانیان بکەن.

 

 

لە لایەکی دیکەوە، کامیلە دانون ئاماژەی بەوەکرد، دەیانەوێت ئەو ئازارانە نەهێڵن کە چەندین ساڵە لەگەڵیدا دەژین، وتی: بەهۆی هەژاری و کوشتنێکی بەرفراوانەوە لە وڵاتەکەدا ئازارمان چێشت، داوای ڕووخانی ڕژێم و ئازادی و شکۆمەندی و دادپەروەری دەکەین، هیچ دەستێوەردانێک لە خۆپیشاندانەکاندا نییە لەلایەن هێزە دەرەکی و ناوخۆییەکانەوە و داوا لە ژنان دەکەم بەشداری لە بزووتنەوەی ئاشتیانەدا بکەن.