بۆ پشتیوانی لە غەززە، ژنانی چالاکوانی لوبنان بایکۆتی ئاهەنگێک دەکەن

چالاکوانانی لوبنان لە بەردەم چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمریکا پاڵپشتی شەڕی کەرتی غەززە و گەمارۆدانی ڕەفەح دەکات.

بەیروت

 

ژنانی چالاکوانی لوبنان بایکۆتی ئاهەنگێکیان کرد کە لەلایەن ناوەندی ئەمریکییەوە بەبۆنەی "ڕۆژی سەربەخۆیی" ئەمریکاوە لە ڕۆژی ٣ی تەمووزدا بەڕێوەچوو، بەڵام پاسەوانانی ناوەندی ئەمریکی لە ناوەڕاستی بەیروت، ئەو چالاکوانە لوبنانییانەیان دەستگیرکرد.

 

چالاکوانانی لوبنانی لە بەیروت لە ناوەڕاستی شاری بەیروت لەبەردەم دوکانێکی شەربەت و قاوە دانیشتنێکیان ئەنجامدا و بەردەوامیی شەڕی کەرتی غەززەیان ڕەتکردەوە و جەختیان لەوە کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە شەڕی غەززە و گەمارۆدانی شاری ڕەفەح دەکات.

 

خۆپیشاندەران بوێری ئەوەیان هەبوو بایکۆتی ئاهەنگی سەربەخۆیی ئەمریکا بکەن و ڕایانگەیاند،ناوەندی ئەمریکی بوێری ئەوەی هەیە کە بەناو ڕۆژی سەربەخۆیی کۆلۆنیالیستە ئەمریکییەکان ئاهەنگ لە غەززە و باقی فەلەستین و گوندەکانی باشووری لوبنان بگێڕێت بۆیە ئێمەش بوێری خۆمان دەردەخەین.

 

یەکێک لە ژنە خۆپیشاندەران وتی: ئەوان پارەی جینۆسایدی گەلی فەلەستین دەدەن و لە هەمان کاتدا لە وڵاتی ئێمەدا یادی ڕۆژی سەربەخۆیی خۆیان دەکەنەوە، گەلەکەمان لە باشوور بە چەکی ئەمریکی دەکوژرێن.

 

 یەکێکی تر پێی وابوو کە کردنەوەی ناوەندی ئەمریکی بەشێکە لەو شەڕە تایبەتەی کە دژی ناوچەکە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کولتووری ئەمریکی لە لوبنان بەڕێوەدەچێت.

 

ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ دانیشتنێکی دیکە لە دژی کۆمپانیایەکی ئەمریکی کە خاوەنی زۆربەی پشکەکانی دوکانێکی شەربەتە لە ناوەڕاستی بەیروت، کە تۆمەتبارە بە پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل دانیشتنێکیش لەبەردەم قاوەخانەی ستاربەکس ئەنجامدرا.

 

ژنانی چالاکوان بەیاننامەیەکیان بەسەر ڕێبواراندا دابەشکرد و داوای بایکۆتکردنی شەربەتەکەیان کرد، چونکە هەموو کۆمپانیا ئەمریکی و ڕۆژئاواییەکان پشتگیری ئیسرائیل دەکەن، ئەو خۆپیشاندەرانەی دەستبەسەرکرابوون ئازادکران، دانیشتنەکەش لە بەردەم دوکانی شەربەتیش تا ئێستا بەردەوامە.