بۆ پشتگیری جوتیاران هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە کرایەوە

بە مەبەستی پاڵپشتی بەربوومی ناوخۆیی و كەرتی كشتوكاڵ، لە پارێزگای هەڵەبجە هەفتەبازاڕێكی كشتوكاڵی كرایەوە و جوتیاران بەروبوومەكانی خۆیانی تێدا ساغدەكەنەوە.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-دوێنێ ٨ی ئاب، لە پارێزگای هەڵەبجە هەفتەبازاڕی کشتوکاڵی بە ئامانجی پشتگیریکردن لە جووتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکانیان کرایەوە، پڕۆژەکە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و بە هاوکاریی ڕێکخراوی فریاگوزاری ئیسلامی بەڕێوەدەچێت و دەرفەتێکی ڕاستەوخۆ بۆ جووتیاران دەڕەخسێنێت تا بەرهەمەکانیان بگەیەننە دەستی کڕیاران.


فریشتە عەلی، خاوەنی پەرەی بەروبوومی هەورامان کە بەرهەمە خۆماڵیەکانیان لە هەورامانەوە هاتوون بەشداری هەفتە بازاڕی کشتوکاڵی کردووە وتی: بەرهەمەکانمان هی باخەکانی هەورامانەو لە فێستیاڤاڵەکاندا بەشداری دەکەین و سەرجەمیان هی دەستی خۆمانن و ئامانجمانە بەروبوومی سروشتی بڵاو بکەینەوەو، خەڵک هۆشیار بێت لە بەکارهێنانیان و ئەم هەفتە بازاڕانە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ ناساندنی بەرهەمەکانمان و ئاشنابوونمان بە خەڵکەکان.


نیان محەمەد بە بەرهەمە خۆماڵییەکانی شاخ و کێوەکانی کوردستان وەکو قەزوان و هەنار بەشداری کردووەو وتی: ئەمە دەستپێکیکی زۆر زۆر باشەو گەنجەکان و ژنان بەشداری دەکەین و هیواخوازین هەموو هەینییەک بەردەوام بێت.

 

شانۆ بەهادین، بەرپرسی پڕۆژەی کشتوکاڵی لە ڕێکخراوی فریاگوزاریی ئیسلامی  وتی: ئەم هەفتەبازاڕە، کە هەموو ڕۆژانی هەینی بەردەوام دەبێت، دەرفەتێکە بۆ جووتیاران تا بتوانن ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانیان بە هاووڵاتیان بفرۆشن.  ئەم هەنگاوە نەک تەنها یارمەتی بە بازاڕکردنی بەرهەمەکان دەدات، بەڵکو هانی خەڵکیش دەدات بۆ کڕینی بەرهەمی خۆماڵی و دەیکاتە کولتوور.