"بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان لە مەیدانەکان دەبین"

لەبارەی چالاکییەکانی ٨ی ئادار، ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داوای لە هەموو ژنان کرد بەشداری لە چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا بکەن و وتی: بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان لە مەیدانەکان دەبین.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە-پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوێنێ لە پارکی ٤ی نیسان لە حەسەکەی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنانی ئازاد، سیاسەتی جینۆساید و داگیرکردن و گۆشەگیری تێکدەشکێنین" بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و زنجیرەیەک چالاکیش بۆ ٨ی ئادار ڕاگەیەندرا، ژیان حسێن، ئەندامی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەوبارەیەوە هەڵسەنگاندنی کرد.

 

دروشمی ئەمساڵ چی پەیامێک دەدات؟

ژیان حسێن ڕایگەیاند، یەکگرتوویی و ڕێکخراوی ژنان ۆلانەکانی جینۆساید و گۆشەگیری و داگیرکردن تێکدەشکێت و وتی: وەک پلاتفۆرمێک بۆ چالاکی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەیاننامەیەکمان بۆ ٨ی ئادار دەرکرد بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنانی ئازاد، سیاسەتی جینۆساید و گۆشەگیری تێکدەشکێنین"   بۆچی ئەم دروشمە هەڵبژێردرا؟ ئەو ساڵەی تێپەڕی، ساڵی ٢٠٢٣، چەندین هێرش و کۆمەڵکوژی بۆ سەر ژنان لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ ئەنجام دراون، بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە ئەم کۆمەڵگەیە بەڕێوە دەبەن لە هەموو بوارەکاندا بە ئامانج دەکرێن، جا سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان سەربازی، لە هەمان کاتدا، ئەو ژنانەی لە ناوچە داگیرکراوەکان دەژین ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی جینۆساید و هەراسانکردن دەبنەوە، هەروەها تا ئەمڕۆش ژنانی بەندکراو ئەشکەنجە دراون، لەبەر ئەوە ئەم دروشمەمان هەڵبژارد و ئەم دروشمە بە بەرخۆدان و یەکگرتوویی و سووربوونی ژنانی ئازاد جێبەجێ دەکەین و ژنان لە جینۆساید و پلانی داگیرکاری دەپارێزین.

 

"پێکەوە هێزی ڕێکخراوەیی و پەروەردەییمان بەهێز دەکەین"

 

ژیان حسێن تیشکی خستە سەر پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان و وتی: ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ ماوەی ١٢ ساڵە خەبات و بەرخۆدانێکی بێوێنەیان کردووە، تێکۆشانیان لە هەموو جیهاندا بڵاو بووەوە، سیستمێکی سەربەخۆی ژنان هەیە، ژنان بەرگری لە خۆیان دەکەن، یاساکانی خۆیان دەنووسن، خۆیان ڕێکدەخەن، خەباتێکی تایبەت دەکەن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هێزی خۆپاراستن دەستکەوتێکی پیرۆزە کە هەوڵی پاراستنی هەموو ژنان دەدات لە هێرش و داگیرکاری و کۆمەڵکوژی، ئەم دەستکەوتانە گرنگن و مێژوویین، پێویستە هەموو ژنان خاوەنداری لەم دەستکەوتە بەنرخە بکەن، بێگومان ئەمە پێویستی بە تێکۆشانێکی بێهاوتا هەیە، چونکە تا ئێستا هێرشی توندوتیژی کراوەتە سەر ئەم دەستکەوتانە، سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە قبوڵ ناکرێت و وەک مەترسییەک بۆ خۆیان دەیبینن، پێویستە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان پێکەوە ئاستی خەبات بەرز بکەنەوە و هێزی خۆیان و خۆڕێکخستن و پەروەردەیان بەهێز بکەن.

 

"مێژووی تێکۆشانی ژنان بەردەوامە"

ژیان حسێن داوای لە هەموو ژنان کرد کە پێکەوە دەستکەوتەکانی شۆڕشەکەیان بپارێزن و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە بەئامانجکردنی ژنان پەیامێک دەدەن، لەو کارەدا  هەوڵ دەدەن ڕێگری لە خەبات و ئیرادەمان بکەن، ئەمە پەیامی ئێمەیە؛ کاتێک هاوڕێیەکی ژن شەهید دەبێت، هەزاران ژن تووڕە دەبن، خەباتیان زیاد دەکات و بەڵێنەکانیان نوێ دەکەنەوە، چەندین چالاکی و سیمینار و کۆبوونەوە و پەروەردە بۆ ژنان و پیاوان لە ٨ی ئادار ڕێکدەخرێت، هەروەها  بۆ ماوەی ١٢ ساڵە خەبات و بەرخۆدانێکی تایبەت دەکەین، چالاکییەکانمان تا ٨ی ئادار بەردەوام دەبن، هیوادارین ئەمساڵ ببێتە ساڵی ئازادی بۆ هەموو ژنانی بەندکراو، دەست بخەنە دەستی یەک و یەکگرتووی بەهێزتر بکەین، دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە و سەدەی ٢١ بکەنە سەدەی ئازادی ژنان.