بۆ مانگرتووانی سلێمانی نامەیەک ئاڕاستەی دۆناڵد ترامپ دەکرێت
لقی هەرێمی کوردستانی ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی دۆخی مانگرتووانی سلێمانی نامەیەکیان ئاڕاستەی دۆناڵد ترامپ كرد.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250204-screenshot-2025-02-04-115252-750x430-pnga7d1a8-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ٤ی شوبات، ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لقی هەرێمی کوردستان لەبەردەم خێمەی مانگرتووانی سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا و تێیدا لەبارەی دۆخی مانگرتووانەوە پەیامێكی ئاڕاستەی سەرۆكی ئەمریكا كرد.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، حكومەتی هەرێم دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیانی پشگوێ خستووە، کە ئەمەش جێگەی قبوڵ نییە و خەڵکی کوردستان شایەنی حکومەتێکن کە خزمەتیان بکەن و مووچەیان بە دادپەروەرانە بەسەردا دابەشبکات نەک حکومەتێک کە ئیستیغلالیان بکەن، تا کاتێک نادادپەروەری بەردەوامبێت، ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندەران و مانگرتوواندا دەبین و بێدەنگ نابین.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەرێمی کوردستان، ماوەیەکی زۆرە بەدەست گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنی حکومڕانییەوە دەناڵێنێت ئەمەش کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکانی ژیان درووستکردووە، ساڵانێکی زۆرە فەرمابەران لە هەرێم چەندین جار لە مووچەکانیان بێبەشکراون لە کاتێکدا سەروەت و سامانی هەرێم بەتایبەتی نەوت و سامانە سرووشتییەکان لە رێگەی گەندەڵییەوە خراپ بەکار هێنراون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی سەرکوتکردن و پێشێلکاری بەردەوامی مافەکانی گەلی کوردستانەوە قەیرانێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی درووستكردووە و دەسەڵاتە خۆجێیەکان بەشێوەیەکی نایاسایی دەستیان گرتووە بەسەر داهاتی نەوتدا بۆ بەرژەوەندییە سیاسییە تایبەتەکان.
ئاماژە بەوەشكراوە، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لە دۆخێکی ناجێگیردا ماونەتەوە و بەشێوەیەک کە ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.