بۆ دووەم جار دانیشتنی دادگایی چالاکوان وریشە مورادی دواخرا

دانیشتنی دادگایی چالاکوان وریشە مورادی، کە بڕیار بوو ٢٨ی ئاب بەڕێوەبچێت، دیسان بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتیی و دادوەر عەموزادە ڕاوێژکاری دادگا، بۆ دووەم جار دواخرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بڕیاربوو دوێنێ ٢٨ی ئاب دادگاییکردنی وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی نوێنەری داواکاری گشتیی و دادوەر عەموزادە ڕاوێژکاری دادگاوە دواخراوە بۆ کاتێکی تر.

 

ئەمە دووەمین جارە دانیشتنی دادگایی ئەو چالاکوانە سیاسییە کوردە دوادەخرێت، جێی ئاماژەیە وریشە مورادی وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی و شەریفە محەمەدی ئامادەی دانیشتنی دادگایی کردنەکەی لە ٤ی ئاب نەبوو، بۆیە بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە دواخرا.

 

وریشە مورادی لە ١ی ئابی ٢٠٢٣ دوای دەستبەسەرکردنی لە نزیک شاری سنە، گوازرایەوە بۆ زیندانی ئەڤین و هێشتا دۆسیەکەی بە نادیاری ماوەتەوە و لە پشکنینی پزیشکی و پەیوەندی و کۆبوونەوە لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرەکەی بێبەش دەکرێت.