بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»؛ چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل لە شوێنی شەهیدبوونەکەی کرایەوە
ئەمڕۆ چوارساڵ بەسەر شەهیدبوونی ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە "هەڤاڵ زیلان" تێپەڕی، بە دانانی چەپکە گوڵ و داگیرساندنی مۆم لە شوێنی شەهیدکردنی لە لایەن هاورێ و هاوخەباتەکانی بەبیرهێندرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
سلێمانی_ ئەمڕۆ، ٤ی تشرینی یەکەم، لە گەڕەکی بەختیاری، لە شاری سلێمانی، لە شوێنی شوێنی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل، نوسەر و ئەکادیمیست و پێشەنگی ژنۆلۆژی ناسراو بە " هەڤاڵ زیلان"، لە لایەن هاوڕێ و هاوخەباتەکانییەوە بەبیرهێندرایەوە، سەرەتای مەڕاسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان، پاشان بە دانانی تاجەگوڵی وەفاو داگیرساندنی مۆم لە شوێنی شهیدکردنەکەی دەستیپێکرد، پارچە میوزیکێک پێشکەش بە ڕۆحی شەهید ناگیهان ئاکارسەل کرا.
ڕوناک مەجید، چالاکوانی بواری ژنان، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ناگیهان ئاکارسەل ناسراو بە " شەهید زیلان"، وتی: ڕێک چوار ساڵ لەمەوبەر، لەم شوێنەدا ڕێهەڤاڵ ناگیهانیان لێ سەندینەوە…
لەم ڕۆژە مێژووییانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا پێ دا تێپەڕ دەبین، لە ناخەوە هەست بە نەبوونی دەکەین، ئەو ڕێهەڤاڵەی چاو و دڵمان بە دوایدا دەگەڕێت، ئازاری قووڵی لەدەستدانی هێشتا وەک ڕۆژی یەکەم، نوێیە. ئەگەر ئهمڕۆ لە نێوانماندا بووایە، ڕێهەڤاڵ ناگیهان ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشخستنی ئەم قۆناغەدا دەبوو… شوێنپەنجە و ڕەنگدانەوەی قووڵی لە ژیان و بیرکردنەوەماندا بەجێهێشت.
بە جۆش و خڕۆش، خۆشەویستی و زانابوونێکی گەورەوە کاری بۆ بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کرد کە داخوازی و حەسرەتی هەموو کوردێک بوو. لە پاڵ ڕەهەندی سیاسیی یەکێتیی کورد، بە ئاگاییەوە لە پێویستیی ڕەهەندەکانی کۆمەڵایەتی، هونەری و کولتووری، پێشەنگایەتی بۆ پڕۆژەی (ناوەندی توێژینەوە، ئەرشیف و پەرتووکخانەی ژنی کورد) لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد. لە دژی ئەو زهنییەتەی کە کوردستان و کەسایەتیی کورد پارچە دەکات و لە بوونی خۆی دووری دەخاتەوە، کاروخەباتی گرنگی لە تێکۆشانی کورددا بۆ خۆبوون بەڕێوەبرد. لە سلێمانی کە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی ڕۆشنبیریی کورد، پێشخستنی پەروەردە و توێژینەوە بە دەست و ڕەنگی ژنان، وەڵامێکی مانادار بوو بۆ کێشە قووڵە کۆمەڵایەتییەکان. ئەمەش ئومێدی بە ئێمە و بەو ژنانە بەخشی کە لەم ناوچەیەدا تێکۆشان لە پێناوی ئازادی دا دەکەین.
لە سەردەمێکدا کە سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ڕۆڵێکی گرنگی لە پێشخستنی هۆشیاریی ئازادیی ژناندا گێڕا لە بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی باشووری کوردستاندا. لە ڕێگەی کارەکانی لە بوارەکانی ژنۆلۆژی، زەمینەیەکی بەنرخی بۆ تێکۆشان و فەرهەنگێکی دەوڵەمەندی بۆ خەباتی بوون و ناسنامەی ژنان ئافراند. لەو ژیانە تاریکەی بەسەر ژناندا دەسەپێندرا، بووە ڕووناکییەکی ڕێنیشاندەر. بەرکەوتەی لەگەڵ هەموو ئەو ژنانە هەبوو کە قسەی لەگەڵ دەکردن، دیداری لەگەڵ ساز دەکردن و پەیوەندیی پێوە دەکردن. تێگەیشتنی بۆ ژیان، زانست و فەلسەفەیانە بوو و لە دەوروبەریشی دەگەیاند. بە پێزانینەوە یادی ڕەنج و تێکۆشانی بێپایانی دەکەینەوە و بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە، ئەو تێکۆشانەی بەڕێوەی دەبرد ھەرگیز بە نیوەچڵی ناهێڵینەوە.
لەم پێناوەدا و لە کاتێکدا پێ دەنێینە پێنجەمین ساڵی شەهیدبوونییەوە، ڕایدەگەیهنین کە تێکۆشانمان لە باشووری کوردستان و لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا لە دژی ئەو زهنییەتە و جێبەجێکارانیی، گەورەتر دەکەین کە ڕۆژانە ژنان لەلایەن دەوڵەتان و پیاوانی دەسەڵاتدارەوە دەکوژرێن. بەو چالاکییانەی لە یادی هەڤاڵانی پێشەنگ ناگیهان، گوڵستان، هێرۆ و زەلال کە لە باشووری کوردستان شەهید کران، ئەنجامی دەدەین، بەڵێنی خاوەندارێتیکردن لە یادیان نوێ دەکەینەوە.
مانادارترین وەڵاممان لە دژی کۆمەڵکوژیی ژنان، گەورەکردنی ڕێکخستنەکانمان و بەدیهێنانی ئازادیی ژنانە لە شارەکانمان، مالەکانمان و شەقامەکانماندا. تاقە ڕێگەی ئازادی ژنان لە شارێکدا، خۆپاراستنە. مەرجی سەرەکیی خۆپاراستنیش، ڕێکخستنبوونە.
تێپەڕینی ٤ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی هەڤاڵی ئازیزمان ناگیهان ئاکارسەل، کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان لە ناو جەرگەی شەقامێکدا لەلایەن ئەندامێکی سیخوڕیی تورکیاوە شەهید کرا. ئەگەرچی ئەوەی دەستی بە پەلەپیتکەکەدا نا دەستگیر کرابێت، بەڵام دەزانرێت کە ئەنجامدرەران و دامەزراوەکانی پشت ئەو تیرۆرە، هێشتا بە سزای خۆیان نەگەیشتوون. بەڵێن دەدەین کە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی ئەم دۆزە و و خەبات دەکەین بۆ سزادانی تاوانباران و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ هەڤاڵ ناگیهان و زۆربەی ئەو هەڤاڵانەی لە باشووری کوردستان شەهید کراون.
بەیان فەرەج مینە،خانەوادەی شەهید بەکر عەبدولکەریم، ئاماژەی بەوەکرد: ناگیهان ئاکارسەل بە گیان تیرۆریانکرد، بەڵام بە فکرو ئایدیا لە ناوماندا زیندووە، وتی: شەهید ناگیهان ئاکارسال جوانترین و پێشنگترین ژن بو، ژنۆلۆژی و پەرتوکخانەی ژنی کورد لە پێناو خوێنی ئەودا دامەزرا، شەهیدیانکرد بەڵام فکر و فەلسەفەی ناگیهان بەردەوامی هەیە، بەڕتوکخانەی ژنی کورد لە ناو نەچوو بەڵکوو گەورەتربوو، ئێستە نەک ناگیهانێک هەزاران ناگیهان لەسەر ڕێ و ڕێبازی ناگیهان و ڕێبەر ئاپۆ بەردەوامن، ئەوان تەنها بە جەستە لێرەنین.
لە کۆتاییدا وتیشی: ناوەندی ئەرشیف و پەڕتوکخانەی ژنی کورد لەسەر خوێنی ناگیهان بونیادنرا، ئێمە لەسەر ڕێ و ڕێبازی بەردەوام ئەبین.
سارا ڕەزا، چاودێری سیاسیی، وتی: هەڤاڵ ناگیهان لە تەمەنێکی کەمدا هەستی بە داگیرکردنی خاکی کردووە، دیارە ناگیهان چندین ساڵ لە زیندانەکاندا زیندن بووە، پاشان لێکۆڵینەوەی بۆ ژنۆلۆژی و ئازادی خاک دەکرد، لە پێناو ئازادی ژندا دەکەوتە زیندانەکان دواجار لە پێناو ئازادی خاک و ژندا شەهید کرا، کارو خەباتی بۆ کۆکردنەوەی ناوەندێک ئەرشیف کردووە، لەسەر پێشنیاری خۆی پەڕتووک خانەیەک بۆ ئەرشیفی ژن کریەوە، بەڵام لە ڕێگای کردنەوەی ناوەندەکە شەهیدکرا.
لە کۆتاییدا وتی: لە پێناو ئازادی ژن و ئەرشیفکردنی مێژووی ژن گیانی بەختکرد، بۆیە ئێمە لەسەر ڕێ و ڕێبازی بەردەوام دەبین، لە ئێستادا هەزاران ناگیهان هەیە، ناوەندەکە لەسەر ڕێ و ڕێبازی کرایەوە و ئێستە هەزاران پەرتووکی تێدایە، شەهید نامرێت ڕێ و ڕێبازیقن بەرنادەین.