مامەڵەی نەشیاو بەرامبەر بە ژنانی دووگیان لە نەخۆشخانەکانی ئێران ئەنجامدەدرێت

لە ئێران بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون و نەخۆشخانەکانی دەوڵەت لە کاتی منداڵبووندا توندوتیژی بەکاردەهێنن و بە وشەی "بۆچی دووبارە منداڵتان دەبێت؟ ژنانی دووگیان سەرزەنشت دەکەن."

لارا گەوهەری

 

مەهاباد- دووگیانی و منداڵبوون ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە جەستە و دەروون و ڕۆحی هەردوو دایک و منداڵ، هەر بۆیە ئەو ژینگەی دایک تیایدا منداڵی دەبێت کاریگەری لەسەر ژیانی هەردووکیان هەیە، لە ئێران بە هۆی کێشە و گرفت لە سیستەمی تەندروستی، ژنانی دووگیان ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفت دەبنەوە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا ژنانی دووگیان لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون و نەخۆشخانە حکومییەکان لە کاتی پرۆسەی منداڵبووندا تووشی ئازار و توندوتیژی بوون، ئەم کێشەیە زیاتر لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارانەی کە ژمارەی دانیشتووانیان کەمترە، بەدی دەکرێت و  بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش جیاوازتر نییە.

 

لە ئەنجامی بێباکی و هەڵەی پزیشکی لە شاری مەهاباد و سەردەشت، ٢ ژن لە کاتی منداڵبووندا گیانیان لەدەستدا، خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان لە خزمەتگوزارییەکانی منداڵبوون لە نەخۆشخانەکانی دەوڵەتدا لەلایەن کارمەندانی تەندروستیەوە بەشێکە لە تایبەتمەندی نەخۆشخانەکان.

 

لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون بە خراپی مامەڵە لەگەڵ ژنان دەکرێت

یەکێک لەو ژنانە سەحەر ق. وتی: "کارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون مامەڵەی خراپ لەگەڵ ژنان دەکەن، ژنێک بەهۆی خراپی مامەڵەی پزیشکییەوە گیانی لەدەستدا، هەروەها هەموو ئەو ژنە دووگیانانەی لەوێ بوون ترسیان لە مردن هەبوو و پەستانی خوێنیان بەرز بووەوە، دەبوو نەشتەرگەری بۆ ئەو ژنە بکرێت، بەڵام کەمتەرخەمی پزیشکەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی."

 

" پزیشکەکە بە مامەڵەیەکی توندەوە پشکنینی کرد "

گۆڵناز باسی لە ئەزموونەکانی خۆی کرد لەو نەخۆشخانەیەی کە چووبوو بۆ ئەوەی منداڵی سێیەمی لەدایکببێت: "بە پزیشکی بەرپرسم وت کە ئازارێکی زۆرم هەیە و پێدەچێت ژانم هەبێت، پاشان هەندێک لە کارمەندانی تەندروستی هاتن و ڕاهێنانیان لەسەر دەکردم لە کاتێکدا من بە خوێن داپۆشرابووم، دیسان هاوارم کرد و خوێندکارەکان نازانن کە چۆن کارەکەیان بکەن، پزیشکەکە توڕەبوو و بە توندی پشکنینی بۆ کردم، هێندە خێرا ئەو کارەی کرد کە بۆ ساتێک کۆرپەکەم جوڵەی کرد و هەستم کرد کۆرپەکەم لەبار دەچێت."

 

"ئەزموونی منداڵبوون بە ئازارە"

یەکێک لەو ژنانەی لە نەخۆشخانەی حکومی بۆکان منداڵی بووە، ڕۆبار.ک، باسی لەوەکرد کە ترس و فشاری دەروونی لە کاتی منداڵبووندا زیادی کردووە و وتی: "کاتێک ئازارەکانم دەستی پێکرد، داوام لە پەرستارەکان کرد کە بمبەن بۆ ژووری منداڵبوون یان مامانەکە پشکنینم بۆ بکات، بەڵام گوێیان نەگرت و دواجار مامانێک هات و وتی تۆ بەتەنیا منداڵ نابێت، لێرە ژنی زۆر لێیە و کەس دەنگی نایەت، ئازارەکەم زۆر توند بوو و لەدایک بوونی منداڵەکەم بەهیچ شێوەیەک ئاسایی نەبوو، دوای ئەوەی دایکم هەڕەشەی سکاڵای لێکردن پزیشکێک هات، دوای پشکنین بڕیاریان دا کە پێویستە نەشتەرگەریم بۆ بکرێت، من لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت منداڵی دووەمم لەدایکبوو و لەوێ ئەوەندە ئاسوودە بووم کە منداڵبوونم ئاسانتر بوو، منداڵبوون دەتوانێت باشترین ئەزموون بێت بۆ هەر دایکێک، بەڵام لە نەخۆشخانە حکومییەکان بەتایبەت لە بواری منداڵبوون و ژنان ئەزموونێکی پڕ لە ئازارە."

 

کاتێک نەیتوانی شیر بە منداڵەکەی بدات، هەڕەشەی لێکرا

نارین.پ، کە لە نەخۆشخانەی دەوڵەتی مەهاباد منداڵی بووە، هەمان قسەی کرد و وتی: "٤ شەو لەوێ خەوتم، ئاوە گەرمەکە بڕدرا و هەموومان بە ئاوی سارد بۆ چەند ڕۆژێک خۆمان شۆرد و دوای ئەوەی ناڕەزایەتیم دەربڕی ئاوی گەرمیان هێنا، هاوسەرەکەم هاتە نەخۆشخانە و پێی وتن کە دەیەوێت بمباتە ئورومیە، بەڵام پزیشکەکان ڕێگەیان پێنەدا، دوای چوار ڕۆژ منداڵەکە لەدایک بوو."

 

نارین.پ، باسی لەوەکرد کە نەیتوانیوە شیر بە منداڵەکەی بدات بەهۆی کەمی شیری لە یەکەم لەدایکبوونیدا، بۆیە ناچار بووە شیر لە دەرمانخانە بکڕێت و وتی: " لە نەخۆشخانە پێیان وتم ئەگەر شیر بە منداڵەکە نەدەیت، بۆ ماوەی شەوێک ٣ ملیۆن غەرامە دەکرێیت، بۆ من کابوسێک بوو، هاوسەرەکەم شیری بۆ هێنام بۆ ئەوەی منداڵەکە برسی نەبێت، لە لایەکی ترەوە دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەرچووم، ویستم ناوێکی کوردی لە کچەکەم بنێم، بەڵام تەنانەت دوای ٢٠ ڕۆژ کارگێڕی دانیشتووان پەسەندی نەکرد."

 

هەروەها سەبارەت بە لەدایکبوونی منداڵەکەی، ئەڤین.م، وتی: "بەیانی چوومە نەخۆشخانە و ئازارەکانم زۆر توند بوون، هەرچەندە فێری وەرزشی دووگیانی بووم، بەڵام نەمتوانی ئازارەکانم کۆنتڕۆڵ بکەم، لە ناوەڕاستی منداڵبوونمدا ترسام و تەنها هاوارم کرد، هەستم دەکرد من و کۆرپەکەم دەمرین، یەکێک لە مامانەکان لەبری ئەوەی دڵنەواییم بدات، چەند جارێک بە توندی لە پشت و شانی دام و توندوتیژی بەرامبەرم بەکارهێنا، بە وتنی "دەنگت نزمکە" سووکایەتییان پێکردم."

 

" ژمارەی پەرستار و پزیشک وەک پێویست نیە"

یەکێک لە بەڕێوەبەرانی بەشی منداڵبوون و ژنان، ڕزوان محەمەدی، ئاماژە بەوە دەکات، لە بەشی منداڵبوون و ژنان، پەرستار و پزیشکی پێویست نییە و لە هەر شەفتێکدا ٣ پەرستار کاردەکەن و وتی: "کێشەی نەشتەرگەری و ژنانیش هەیە، لە هەمووی زیاتر پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون بۆ نەشتەرگەی هەیە، بەڵام بۆ منداڵبوونی سروشتی لە نیوەڕۆ و شەوانە لە دۆخی نائاساییدا، کەمیی پزیشکمان هەیە و پێویستە پزیشکەکان لە دۆخی نائاساییدا بێن و بەردەوام ئامادەبن."

 

ڕزوان محەمەدی ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هەندێک لە هاوکارەکانیان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ژنانی دووگیان و وتی: "ژمارەی نەخۆشەکان زۆرە کە سەردانمان دەکەن، منیش لەگەڵ ئەوەدام کە بەشێک لە هاوکارەکانمان وەک پێویست مامەڵەیەکی گونجاو ناکەن، بەڵام تێکچوونی باری دەروونی و فشاری کار و کەمی مووچە لە نەخۆشخانە حکومییەکان هۆکاری ئەمەن، زۆرجار قسەی نەشیاو بەکاردەهێنن و بە دایکەکان دەڵێن بۆچی دووبارە منداڵتان دەبێت."