ڕاپەڕینی کۆیە، زامێک بوو بۆ ژنان

لە کۆیە بۆ بەبیرهێنانەوەی ئەو زامانەی کە بوون بە داهاتوویەکی چاوەڕوان نەکراو، و ئەو ژنانەی کە بوون بە سیمبوولی ئەو بیرەوەریانە، چالاکییەک بەڕێوە چوو.

 شیا کۆیی

کۆیە- ڕۆژی ٩ی ئادار، بەئامادەبوونی بەشێک لە بەرپرسانی دەزگا حکومییەکان و کۆمەڵە و ڕێکخراوە تێکۆشەرە دێرینەکان و فەرماندە سەربازییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان و گەنجان و وەرزشوانان و توێژە جیاجیاکانی شاری کۆیە، ڕێوڕەسمێکی شایستە بۆ یادی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی شاری کۆیە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای یادەکەدا لەلایەن خێزانی شەهید جەوهەر ناسکە بەردی بناغەی پارکێکی نموونەیی داندرا، پاشان شانۆیەکی سەر شەقام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری کۆیە پێشکەش کرا، هاوکات پێشانگایەکی وێنەی شەهیدانی راپەڕین کرایەوە.

هەورین عەلی، چالاکوان و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە کۆیە سەبارەت بە رۆژی راپەرین و رۆڵی ژن لەم ڕۆژەدا وتی: راپەڕین بەکۆی گشتی خەڵک تێیدا بەشدار بوو، بە ژن و پیاو شانبەشانی پێشمەرگە راپەڕین و لەراپەڕینی کۆیە کە ٩ی ئاداری ١٩٩١ بوو ژنان بەشداری کارایان هەبووە، لەشانەی بروسک، کە دیارترینیان کوردەخان بووە و ژنەکانی دیکە لەگەرەکی (جەمعیە، ئازادی، گردی )، کە بانگەواز کراوە و  لە مزگەوتی گەورە ژنان بەدەم بانگەوازەکان چوون و دەرگا بەدەرگا گەڕاون تا خەڵک بێتە دەرێ و بەشداری راپەڕین بکەن.

هەورین عەلی لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی: جگە لەوەی ژنان بەشداریەکی کارایان هەبووە شەهید و قوربانیشیان داوە، هەر لەرۆژی راپەڕین چوار ژن شەهید کران و چەندانی دیکەش بریندار بوون، بۆیە هەمووکات ژنان بەشداری کارایان هەبووە لە راپەڕین و سەرجەم شۆڕشەکاندا.

شایەنی بەبیرهێنانەوەیە لە راپەڕنی کۆیە ٢٤ کەس شەهید بوون، کە چواریان ژن بوون و ژمارەیەکی  زۆر لە خەڵکی مەدەنی و پێشمەرگە بریندار بوون.