ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکردنی سیستماتیکی ژنان لە ئەفغانستان ئاشکرا دەکات

ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی دەکاتەوە کە تاڵیبان بە سیستماتیکی ژنانی لە دەسەڵات و دامەزراوە سیاسییەکان وەدەرناوە، و هیچ ئامارێکی جێی متمانەش لەسەر بوونیان نییە، ئەمەش ئەفغانستانی کردووەتە نموونەیەکی گەورەی وەدەرنانی ژنان لە جیهاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە چوارچێوەی زنجیرەیەک فەرمان و سنووردارکردنی بێوچان، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان کاردەکەن بۆ نەهێشتنی ژنان و منداڵانی کچ لە ژیانی گشتی لە ئەفغانستان بە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنیان بە خوێندن و دامەزراندن و ئازادی هاتوچۆ و بەشداری کۆمەڵگە، بە ئامانجی سڕینەوەی ژنان لە کایەی گشتیدا.

 

ڕاپۆرتێکە ئاشکرای دەکات، کە ئەفغانستان بووەتە یەکێک لەو وڵاتە کەمانەی جیهان کە ژنان نەک هەر لە پێکهاتە فەرمیەکانی دەسەڵات دوورخراونەتەوە، بەڵکو ئامارێکی جێی متمانەیان نییە سەبارەت بە بوونیان لە دامەزراوە سیاسییەکان، ئەم دۆخە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی وەدەرنانی سیستماتیکی ژنانە لە ژیانی گشتی دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات.

 

ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە ناوی "ژن لە سیاسەتدا" کە بەدواداچوون بۆ بەشداری ژنان لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە ١٩٠ وڵاتدا دەکات، وێنەیەکی نیگەرانکەر لە دۆخی ئەفغانستان دەکێشێت، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەفغانستان لەنێو کۆمەڵێک وڵاتدایە، هاوشانی غینیا و میانمار، کە هەڵسەنگاندنی ئاستی بەشداری ژنان لە پێکهاتە سیاسییەکاندا سەختە بەهۆی هەلومەرجی ناوازە یان نەبوونی داتای بەردەست.

 

بەشداریکردنی ئەفغانستان لەم لیستەدا نەک تەنها ڕەنگدانەوەی کەمی داتای ئامارییە بەڵکو دەرخستنی تەواوەتی ژنانە لە سیستەمی سیاسی و نەبوونی دامەزراوە هەڵبژێردراو و لێپرسینەوەکان لە وڵاتەکەدا، پرسێک کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە یەکێک لە قووڵترین شێوازەکانی دەرکردنی سیاسی ژنان لە ئاستی جیهانیدا دادەنرێت.

 

دەرکردنی ژنان لە لیستەکەدا

بەپێی ئەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە، تێکڕای نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانەکاندا لە سەرانسەری جیهاندا لە٢٧.٤٪یە، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە هێشتا دوورە لە بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگوزی، بەڵام ئاماژەیە بۆ ڕەوتێکی گەشەسەندنی بەشداریکردنی ژنان لە زۆرێک لە وڵاتان.

 

بەڵام بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دوای دەستبەسەرداگرتنی تاڵیبان و نەبوونی هیچ زانیارییەکی فەرمی سەبارەت بە پێکهاتەی یاسادانان، ئەفغانستان لە ڕاستیدا، لە ڕیزبەندی جیهانی نوێنەرایەتی ژنان لە دەزگاکانی یاساداناندا جێگیر نەکراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێش ڕووخانی حکومەتی پێشوو لە ساڵی ٢٠٢١، ژنان نزیکەی لە ٢٧٪ی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستەوە بووە، کە یەکسانە بە ٦٨ کورسی لە کۆی ٢٥٠ کورسی کە دەستوور بۆیانی تەرخانکراوە.

 

شارەزایان پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دوورخستنەوەی تەواوەتی ژنان لە پڕۆسەی یاسادانان، ئەفغانستانی بەتەواوی لە ڕێڕەوی بەشداری سیاسی دەرهێنا کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا وردە وردە پەرەی سەندبوو.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریدەخات، کە ئەفغانستان لە لیستی ئەو وڵاتانە لابراوە کە ئاماری نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستەکانی کابینەدا بۆیان لەبەردەستدایە، لەم بەشەدا ئەفغانستان لەگەڵ کۆریای باکوور و میانمار دانراوە، دوو وڵات کە زانیاری جێی متمانە سەبارەت بە بوونی ژنان لە پۆستە باڵاکانی جێبەجێکردندا لەبەردەستدا نییە.

 

دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، بە شێوەیەکی بنەڕەتی هەموو وەزارەتەکان و دەزگاکانی بڕیاردان و ئەنجومەنەکان و پێکهاتە جێبەجێکارەکان بێبەش بوون لە ژن، ئیتر ژنان هیچ ڕۆڵێکیان لە کارگێڕی سیاسی وڵاتدا نییە، ئەم دۆخە وایکردووە ئەفغانستان ببێتە یەکێک لەو کەمترین وڵاتە لە جیهاندا کە ژنان هیچ پۆستێکی فەرمی حکومەت و ڕۆڵی سەرەکی بڕیاردانیان نییە.

 

ڕواندا لە پێشەنگی جیهاندایە لە نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمانەکاندا، ژنان ٦٣.٨٪ی کورسییەکانیان داگیرکردووە، کوبا بە ٥٧.٢٪ و نیکاراغوا بە ٥٥٪، ئەم ڕیزبەندییە ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکانە بۆ پێشخستنی بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی سیاسی و بەهێزکردنیان لە پۆستەکانی بڕیاردان.

 

لە ئاستە بەرزەکانی حکومەتدا، سەرەڕای جیاوازیی بەردەوامی ڕەگەزی، بوونی ژنان لە پۆستەکانی سەرکردایەتیدا بەردەوامە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٠.٦٪ی وڵاتانی جیهان سەرۆکی دەوڵەتی ژنیان هەیە و ١٠.٩٪ی سەرۆکوەزیرانی ژنیان هەیە، لەبەرامبەردا ئەفغانستان نەک هەر لەدوای ئەم ڕەوتە جیهانییە کەوتووە، بەڵکو بەهۆی سیاسەتە بەرتەسککەرەوەکانی تاڵیبانەوە لە چەندین پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە بەشداری سیاسی ژنان دوورخراوەتەوە.

 

شارەزایانی بواری مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مافی ژنان هۆشدارییان داوە کە دوورخستنەوەی تەواوەتی ژنان لە پێکهاتەی دەسەڵات نەک هەر پێشێلکردنی مافی نیوەی دانیشتوانی ئەفغانستان بەڵکو بە شێوەیەکی جددی شەرعیەت و ڕوونی و کاریگەریی سیستەمی سیاسی تێکدەدات.

 

ئەوان پێیان وایە ئەم ڕەوتە بەردەوامە وایکردووە ئەفغانستان ببێتە یەکێک لەو وڵاتە کەمانەی جیهان کە ژنان نوێنەرایەتی فەرمییان نییە لە دەزگاکانی یاسادانان، جێبەجێکردن یان بڕیاردان، ئەم دۆخە جیاوازی نێوان ئەفغانستان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤی گەورەتر کردووە، ڕەوتی پەرەسەندنی بەشداری سیاسی ژنانی گەورەتر کردووە و نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکانی سەبارەت بە داهاتووی مافەکانی ژنان لەو وڵاتەدا بەرزتر کردووەتەوە.