ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان: بارودۆخی دەستبەسەرکردن لە سودان لە ڕادەبەدەر جێگەی نیگەرانییە

لەگەڵ بەردەوامی ململانێکان لە سودان، نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تیشک دەخاتە سەر پێشێلکارییە بەربڵاوەکان و مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان.

ناوەندی هەواڵ- دانیشتووانی سودان تووشی پێشێلکاری و کردەی نامرۆڤانە دەبن لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکانەوە لەناو زیندانەکاندا، کە دەیان هەزار کەس لەنێویاندا ژن و منداڵ تێدا دەستبەسەر کراون.

 

ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ئادار بڵاوکرایەوە، تیشکی خستە سەر شێوازێکی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوان لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان لە ویلایەتی خەرتوم، کە ئاوێنەیەکی ئەو پراکتیزانەیە کە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا دەبینرێن.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەیان هەزار کەس بە ژن و منداڵەوە بەبێ تۆمەت و بەرکەوتنی سنووردار یان هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ خێزانەکانیان دەستبەسەر کراون، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ەوە لە دامەزراوە ناشیرین و قەرەباڵغەکاندا دەژین.

 

کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکرد، پراکتیزە بەربڵاوەکانی دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەگەڵ دەستگیرکراوەکان و بارودۆخی نامرۆڤانەی دەستبەسەرکردنەکان بە پێچەوانەی نۆرم و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان "بە قووڵی نیگەرانکەرن".

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە نابێت هیچ کەسێک ئازادی خۆی بێبەش بکرێت بەبێ پرۆسەی یاسایی، هەروەها نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا تووشی ئەشکەنجە یان مامەڵەیەکی تری دڕندانە، نامرۆڤانە یان ڕیسواکردن یان سزای بکرێت.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا باسیکانی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی بەڵگەدار کردووە، لەوانە لێدانی توند و دووبارە لە شوێنەکانی دەستبەسەرکردن، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پاکوخاوێنی، و نەبوونی خۆراک و ئاوی پێویست، ئەوان ڕایانگەیاندووە کە شایەتحاڵی مردنی چەندین دەستگیرکراو بوون لە دەستبەسەرکردندا، بەهۆی نەبوونی چارەسەر لە هەردوو دامەزراوەی پشتیوانی خێرا و سوپای سودان.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، منداڵانی تەمەن ١٤ ساڵان وەک پاسەوانی تایبەت لە زیندانی سۆبا بەکارهێنراون، منداڵانی تەمەن ١٣ ساڵان لەگەڵ کەسانی پێگەیشتوودا دەستبەسەر کراون و حاڵەتی توندوتیژی و ئیستغلالکردنی سێکسی بۆ دەستبەسەرکراوانی ژن لە دوو دەستبەسەری کە لەلایەن RSF کۆنترۆڵکراون، تۆمارکراوە.

 

هەروەها دەستگیرکراوەکان لە شوێنەکانی دەستبەسەرکردن کە لەلایەن هەردوو لایەنی ململانێکانەوە کۆنترۆڵکراون، باسیان لە مامەڵەی جیاکاری کردووە لەسەر بنەمای نەتەوە و پەیوەندییان بە لایەنی بەرامبەری ململانێکانەوە، کە تاکەکانی ناوچەکانی دارفور و کۆردۆفان کراونەتە ئامانج.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە نەبوونی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی دەستگیرکراوەکان نیگەرانییەکی جددی لەبارەی حاڵەتەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەناو زیندانەکاندا دروست دەکات.

 

کۆمیساریای باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پراکتیکانەی کە هەردوو لایەنی ململانێکان ئەنجامی دەدەن بە قووڵی نیگەرانکەرن و مەترسی پێشێلکردنی ستاندارد و نۆرمەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و تێکدانی پرۆسەی یاسایی و سەروەری یاسا زیاد دەکەن.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا داوای لە لایەنەکانی ململانێ کرد کە دەستبەجێ کارەکانی گرتن و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپی تر ڕابگرن و بارودۆخی دەستبەسەرکردن باشتر بکەن و دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ئاسان بکەن و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەگەڵ لایەنەکانی ململانێدا کاربکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە شێوازەکانی گرتنی ئارەزوومەندانە و دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان و مامەڵەی ناخۆشی بەرفراوان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ بهێنن.