لە یەمەن زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ و ژنی دووگیان لە چارەسەری بەدخۆراکی بێبەش کران
ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی بەرنامەی خۆراکی جیهانی پشتڕاستی کردەوە، زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ و ژنانی دووگیان و شیردەر لە یەمەن بەهۆی نەبوونی بودجە لە چارەسەری بەدخۆراکی توند بێبەش بوون.
ناوەندی هەواڵ
ساڵانی درێژخایەنی شەڕ لە یەمەن وایکردووە ملیۆنان دانیشتووی یەمەن ڕووبەڕووی بارودۆخی سەختی مرۆیی و تێکچوونی ئابووری و زیادبوونی نائاسایشی خۆراک ببنەوەو لە ئەنجامدا پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە.
دوێنێ ٣٠ی تشرینی یەکەم لە ڕاپۆرتێکی نوێی بەرنامەی خۆراکی جیهانیدا ئاماژەی بەوەکردووە، نەبوونی بودجە ڕێگری لە زیاتر لە دوو ملیۆن منداڵ و ژنانی دووگیان کردووە لە ماوەی مانگی ئەیلوولدا چارەسەری بەدخۆراکی توند وەربگرن، ئەمەش ژیانی ئەوان دەخاتە ئاستێکی مەترسی بەرزەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٢.٣ ملیۆن کەس لەم مانگەدا چارەسەری پێویستیان وەرنەگرتووە بەهۆی کەمی پشتگیری دارایی توندەوە، بەرنامەی خۆپاراستن لە بەدخۆراکی توندی بەرنامەکە لە مانگی کانوونی دووەمەوە ڕاگیراوە، ٢.٤ ملیۆن منداڵ و ژنانی دووگیان بەرەوڕووی مەترسی ئاڵۆزییەکانی بەدخۆراکی دەبنەوە کە ڕەنگە لێکەوتەی تەندروستی جددی لێبکەوێتەوە.
بەرنامەکە پشتڕاستی کردەوە، کارەکانی لە یەمەن بەدەست کەمیی بودجەوە دەناڵێنن، چونکە بودجە لە ٤٣%ی کۆی پێویستی دارایی پاک تێپەڕ نەبووە، کە بە ٤٤٨ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، بۆ٦ مانگی داهاتوو، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە دەستپێدەکات تا مانگی ئاداری ٢٠٢٥، سەرەڕای ئاستەنگەکان، مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو، پرۆگرامی خۆراکی جیهانی توانی لە ڕێگەی پرۆگرامە سەرەکییەکانی خۆراکەوە هاوکاری پێشکەش بە ٧٦٢.٥ هەزار منداڵ و ژن و کچانی دووگیان و شیردەر بکات.
ارودۆخی ئێستای یەمەن، لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری، پێویستی بە هەوڵی چڕبوونەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی پێویست و بەپەلە بۆ پاراستنی تەندروستی منداڵان و ژنان لە یەمەن، هەروەها بۆ دوورکەوتنەوە لە خراپتربوونی ئەو قەیرانە مرۆییانەی کە هەڕەشەن بۆ ژیانی ملیۆنان کەس.