عادیلە خانم، شاژنەکەی شارەزوور کە شکستی بە سیاسەتی داگیرکاریی عوسمانییەکان هێنا
ئەمڕۆ ١٠٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی عادیلە خانم، کە زیاتر لە سەدەیەك پێش ئێستا و لەناو كۆمەڵگەیەكی لەقاڵبدراو، بە كارەكانی وەک قائیمقامی هەڵەبجەو وەک سەرۆكی هۆزی جاف توانای ژنی سەلماند.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/04/20240411-adila-xanm-jpg02de67-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
عادیلە خانم لە ساڵی ١٨٥٤ شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، چونکە خێزانەکەی دوای ڕوخانی میرنشینی بابان شاری سلێمانیان بەجێهێشتووە و چوونەتە شاری سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان.
لەلایەن مامۆستای تایبەتەوە بنچینەی خوێندنی قورئان وەرگرتووە، لە دوای مەحموود پاشای جاف، سەرۆکایەتی ھۆزی جاف دەکەوێتە ئەستۆی عوسمان پاشا و عادیلە خانم دەبێتە یارمەتیدەرێکی کارای ھاوژینەکەی بووە.
لە ساڵی ١٩٠٥ و دوای گیان لەدەستدانی هاوژینەکەی، عادیلە خانم ھەموو کاروباری ھۆزی جاف بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە ھەموو ناوچەی شارەزوور و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان بڵاو دەبێتەوە، لە ناوچەکانی هەورامان و ڕۆژەهەڵاتی کوردستان خاوەن ڕێزێکی زۆر و دەسەڵاتێکی مەزن بووە، لە ناو خێڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەم بڕیارەکانی جێبەجێکراوە. یەکڕیزی جافەکانی پاراستووە و توانیویەتی پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ ئینگلیزەکاندا بەهێزبکات و بپارێزێت .
عادیلە خانم لەسەردەمی دەسەڵاتیدا توانیوویەتی چەندین کاری گرنگ ئەنجام بدات، ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی زانست و خوێندەواریدا بۆ ئەو مەبەستەش قوتابخانەی دروست کردووە هەروەها سێ کۆشکی گەورە، مزگەوتێک بە ناوی خانم، بەندینخانە بۆ ئەو کەسانەی بڕیارەکان جێبەجێناکەن و قەیسەرییەکی نوێی دروستکردووە، دادگای تایبەت بە خۆی هەبووە و هەر خۆشی سەرپەرشتی کردووە.
عادیلە خان تەنها فەڕمانڕەوایەکی بەهێز و بوێر نەبووە، بەڵکو دایکێکی کارامە و پەروەردەکار بووە، دوو شاعیری گەورەی لە پاش خۆی بۆ پاشخانی هونەری کوردی بەجێهێشتووە، دایکی هەردوو شاعیری کورد "تاهیر بەگی جاف و ئەحمەد موختار جاف" بووە.
بە هۆی ئەوەی عادیلە خانم، هەڵەبجەی لە گوندێکی لەبیرکراوی عوسمانییەکانەوە کرد بە ناوەندێکی سیاسیی و بازرگانی و شارێکی گەورە، لەو سەردەمەدا داگیرکارانی عوسمانی چاوتێبڕینیان و ئیرەییان بەرامبەر هەبووە، بەو هۆیەشەوە عادیلە خانم بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدەدا دەسەڵاتی عوسمانی لە هەڵەبجەدا ڕەگی خۆیان داکوتن.
بەهۆکاری ئەوەی شێوازی بەڕێوەبردن و بڕیارەکەنی عادیلە خانم هێندە لێهاتوانە و بەهێزبووە بە شاژنی شارەزوور ناوبراوە.
عادیلە خانم ، ڕۆژی ١١ی نیسانی ١٩٢٤ کۆچی دوایی کردوو لە گۆڕستانی عەبابەیلێ نزیک هەڵەبجە بەخاک سپێردراوەو لە ساڵی ٢٠١٤ پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە و لە باخی گشتی هەڵەبجە داندراوە.