عادیلە خانم، شاژنەکەی شارەزوور کە شکستی بە سیاسەتی داگیرکاریی عوسمانییەکان هێنا

ئەمڕۆ ١٠٠ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی عادیلە خانم، کە زیاتر لە سەدەیەك پێش ئێستا و لەناو كۆمەڵگەیەكی لەقاڵبدراو، بە كارەكانی وەک قائیمقامی هەڵەبجەو وەک سەرۆكی هۆزی جاف توانای ژنی سەلماند.

ناوەندی هەواڵ

 

عادیلە خانم لە ساڵی ١٨٥٤ شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، چونکە خێزانەکەی دوای ڕوخانی میرنشینی بابان شاری سلێمانیان بەجێهێشتووە و چوونەتە شاری سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان.

 

 لەلایەن مامۆستای تایبەتەوە بنچینەی خوێندنی قورئان وەرگرتووە، لە دوای مەحموود پاشای جاف، سەرۆکایەتی ھۆزی جاف دەکەوێتە ئەستۆی عوسمان پاشا و عادیلە خانم دەبێتە یارمەتیدەرێکی کارای ھاوژینەکەی بووە.

 

لە ساڵی ١٩٠٥ و دوای گیان لەدەستدانی هاوژینەکەی، عادیلە خانم ھەموو کاروباری ھۆزی جاف بەڕێوە دەبات و ناوبانگی لە ھەموو ناوچەی شارەزوور  و شوێنەکانی دیکەی باشووری کوردستان بڵاو دەبێتەوە، لە ناوچەکانی هەورامان و ڕۆژەهەڵاتی کوردستان خاوەن ڕێزێکی زۆر و دەسەڵاتێکی مەزن بووە، لە ناو خێڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرجەم بڕیارەکانی جێبەجێکراوە. یەکڕیزی جافەکانی پاراستووە و  توانیویەتی پەیوەندی کوردەکان لەگەڵ ئینگلیزەکاندا بەهێزبکات و بپارێزێت .

 

عادیلە خانم لەسەردەمی دەسەڵاتیدا توانیوویەتی چەندین کاری گرنگ ئەنجام بدات، ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە پێشخستنی زانست و خوێندەواریدا بۆ ئەو مەبەستەش قوتابخانەی دروست کردووە هەروەها سێ کۆشکی گەورە، مزگەوتێک بە ناوی خانم، بەندینخانە بۆ ئەو کەسانەی بڕیارەکان جێبەجێناکەن و قەیسەرییەکی نوێی دروستکردووە، دادگای تایبەت بە خۆی هەبووە و هەر خۆشی سەرپەرشتی کردووە.

 

عادیلە خان تەنها فەڕمانڕەوایەکی بەهێز و بوێر نەبووە، بەڵکو دایکێکی کارامە و پەروەردەکار بووە، دوو شاعیری گەورەی لە پاش خۆی بۆ پاشخانی هونەری کوردی بەجێهێشتووە، دایکی هەردوو شاعیری کورد "تاهیر بەگی جاف و ئەحمەد موختار جاف" بووە.

 

بە هۆی ئەوەی عادیلە خانم، هەڵەبجەی لە گوندێکی لەبیرکراوی عوسمانییەکانەوە کرد بە ناوەندێکی سیاسیی و بازرگانی و شارێکی گەورە، لەو سەردەمەدا داگیرکارانی عوسمانی چاوتێبڕینیان و ئیرەییان بەرامبەر هەبووە، بەو هۆیەشەوە عادیلە خانم  بە هیچ شێوەیەک ڕێگەی نەدەدا دەسەڵاتی عوسمانی لە هەڵەبجەدا ڕەگی خۆیان داکوتن.

بەهۆکاری ئەوەی شێوازی بەڕێوەبردن و بڕیارەکەنی عادیلە خانم هێندە لێهاتوانە و بەهێزبووە بە شاژنی شارەزوور ناوبراوە.

 

عادیلە خانم ، ڕۆژی ١١ی نیسانی ١٩٢٤  کۆچی دوایی کردوو لە گۆڕستانی عەبابەیلێ نزیک هەڵەبجە بەخاک سپێردراوەو لە ساڵی ٢٠١٤ پەیکەرێکی بۆ دروستکراوە و لە باخی گشتی هەڵەبجە داندراوە.