٩ی ئەیلوول ڕۆژی پاراستنی پەروەردە لە هێرش؛ گەلی کورد لەکوێی پاراستنی پەروەردەدایە؟

هەموو ساڵێک ٩ی ئەیلوول باس لە پاراستنی پەروەردە لە هێرشەکان دەکرێت، بەڵام گەلی کورد دوای ساڵانیک لە جەنگ و ڕووبەڕووی هێرشەکانی سەری، دووبارە رووبەڕووی نەپاراستن دەبێتەوەو وانە کوردییەکان لە هەندێک ناوچە سنووردار دەکرێن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٩ی ئەیلوول ڕۆژی جیهانی پاراستنی پەروەردەیە لە هێرش، ڕێوڕەسمێکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکانە و بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە دۆخی نالەباری منداڵان و سیستمی پەروەردەیی کە بەهۆی ناکۆکییەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمڕۆژە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ لە ڕێگەی بڕیارنامەی ٧٤/٢٧٥ی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەندرا، چونکە هەموو منداڵێک، تەنانەت لە ناوچە دژوار و جەنگاوییەکاندا، مافی خوێندنی لە ژینگەیەکی ئارامدا هەیە کە نابێت بکرێنە ئامانجی نکۆڵی کردنی نەتەوەیی و ناسنامەو سەربازیی.

 

زیانە جەنگییەکان بۆ پەروەردەی گەلی کورد

بەهۆی مێژووی پڕ لە ململانێ، شۆڕش و شاڵاوە داگیرکارییەکان لە دژی گەلی کورد، کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە کوردستان ڕووبەڕووی زیانی گەورەی ماددی، مرۆیی و مەعنەوی بووەتەوە، ئەم جەنگانە کاریگەرییەکی درێژخایەنیان لەسەر پاشەکشەی ئاستی زانستی و ژێرخانی پەروەردەیی جێهێشتووە.

 

لە باشووری کوردستان لە ماوەی جەنگە جیاوازەکاندا (وەک شاڵاوەکانی ئەنفال، جەنگی ئێران-عێراق، و شەڕی دژ بە داعش)، سەدان بینای قوتابخانە و ناوەندی خوێندن بە تەواوی وێران کران یان کرانە سەربازگە و پەناگە، ئەمەش پرۆسەی خوێندنی لە زۆر ناوچە پەکخست، هەروەها ئاوارەبوونی بەکۆمەڵی خێزانەکان لە کاتی شەڕ و کیمیاباراندا بووە هۆی ئەوەی نەوەیەک لە منداڵانی کورد بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە مافی سەرەتایی خوێندن بێبەش بن، ئەمەش ڕێژەی نەخوێندەواریی لە ناو کۆمەڵگەدا بەرزکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان، پسپۆڕان و ئەکادیمیستانی کورد لە جەنگەکاندا گیانیان لەدەستدا، یان بەهۆی ناسەقامگیریی ڕامیاری و ئابوورییەوە ناچار بە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات بوون، کە ئەمەش بۆشاییەکی گەورەی لە کادیری بەتوانای پەروەردەییدا دروستکرد، ێش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١، ڕژێمە داگیرکەرەکان پرۆگرامی خوێندنیان وەک ئامرازێک بۆ تواندنەوەی زمانی کوردی و سەپاندنی ئایدۆلۆژیای شۆڤێنی بەکاردەهێنا، کە ئەمەش دژایەتییەکی ڕاستەوخۆی پەروەردەی نەتەوەیی کورد بوو، دەرئەنجامە ئابوورییەکانی دوای جەنگیش، وەک نەبوونی بودجەی پێویست بۆ کەرتی پەروەردە و دواکەوتنی موچەی مامۆستایان، ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی لەسەر کوالێتی خوێندن و کەمبوونەوەی گرنگیپێدانی زانستی لە ناوەندەکانی خوێندندا هەبوو.

 

هەروەها هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بڕبڕەی ژێرخانی ڕۆژئاوای کوردستان، زیانێکی قورس و ڕاستەوخۆیان بە کەرتی پەروەردە و پرۆسەی خوێندن گەیاندووە. ئەم هێرشانە نەک تەنها زیانی ماددی، بەڵکو کاریگەری دەروونی و کۆمەڵایەتی قووڵیان لەسەر قوتابییان و مامۆستایان جێهێشت، بەهۆی تۆپباران و بۆردومانە بەردەوامەکانەوە لە ناوچە جیاجیاکانی وەک ئامێدی، زاخۆ، سیدەکان و دەڤەری بەرواری باڵا، دەیان قوتابخانە بە تەواوی داخراون یان پرۆسەی خوێندنیان تێدا پەککەوت، چۆڵبوونی سەدان گوند لەسەر سنوورەکان بووەتە هۆی ئەوەی خێزانەکان ناچار بن بەرەو سەنتەری شارەکان کۆچ بکەن، ئەمەش منداڵانی لە ژینگەی ئاسایی خوێندنی خۆیان بێبەش کردووە.


         


        

سەدان قوتابخانە و ناوەندی خوێندن لە ناوچە جیاوازەکان بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتی شەڕی داعش بە تەواوی وێران بوون یان زیانیان پێگەیشت، بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبا، ئاو و تۆڕەکانی پەیوەندی بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان کارێکی وایکردووە کە قوتابخانەکان بێبەش بن لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی بەڕێوەچوونی خوێندن.

 

لێرەدا دۆخی پەروەردەی کوردیی بەپێی ناوچەکان بەکورتی دەخەینەڕوو:

-باشووری کوردستان لێرەدا پەروەردەی کوردی تەواو پارێزراو و فەرمییە، خوێندن بە زمانی دایک (کوردی) لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆ لە دەستووری عێراق و یاساکانی هەرێمدا چەسپێنراوە، وەرزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پرۆگرامەکانی خوێندن دادەنێت.

 

-ڕۆژئاوای کوردستان: لە ژێر سایەی خۆبەڕێوەبەریدا لەماوەی ساڵانی شۆڕشدا، خوێندن بە زمانی کوردی پەیڕەو دەکرێت، بەڵام هەمیشە لە ئاستی نێودەوڵەتی یان لەلایەن حکومەتی سووریاوە بە تەواوی دانی پێدا نەنراوە و هەمیشە لەژێر مەترسی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندایە، لە کۆتا گۆڕانکارییدا لە ٢٧ی ئاب حکومەتی سووریا زمانی کوردی خستە پرۆگرامی خوێندنەوە، بەڵام لە هەفتەیەکدا بۆ سێ وانە سنوورداری کردووە، ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتووەتەوە.

 

-باکووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان: لەم بەشانەدا پەروەردە بە زمانی کوردی وەک سیستمێکی فەرمی و سەرەکی نەپارێزراوە.، خوێندنی فەرمی تەنیا بە زمانەکانی تورکی و فارسین، و چالاکییە پەروەردەییە کوردییەکان زیاتر لە چوارچێوەی خولی تایبەت یان هەوڵی مەدەنی جێگەیان دەبێتەوە و زۆرجار ڕووبەڕووی ڕێگری دەبنەوە..


لە کۆتاییدا کەرتی پەروەردە بۆ منداڵانی کورد تەنانەت لەو شوێنانەی کە پارێزراویشە (وەک هەرێمی کوردستان)، بەدەست هۆکاری وەک قەیرانی دارایی، نۆژەننەکردنەوەی پێویستی قوتابخانەکان، پڕۆگرامەکانی خوێندن دەناڵێنێت.