٨٢ براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئازادیی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان نامەیەکی نوێیان نارد
بە مەبەستی ئازادیی جەستەی ڕیبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ٨٢ براوەی خەڵاتی نۆبڵ بانگەوازێکیان ئاڕاستەی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا کرد و داوایان کرد، “مافی هیوا” جێبەجێ بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
٨٢ براوەی خەڵاتی نۆبڵ نامەیەکی نوێیان ئاڕاستەی کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا کرد، تێیدا داوا کرا بڕیاری ٢٠١٤ـی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا دەربارەی ڕێبەری گەلی کورد جێبەجێ بکرێت و “مافی هیوا” مسۆگەر بکرێت.
ئەم بانگەوازە، سێیەمین بانگەواز بوو کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن براوەکانی خەڵاتی نۆبڵەوە ئاڕاستەی کۆمیتەی وەزیران دەکرێت، لە نامەکانی پێشوودا ئاماژە بە هەلومەرجە قورسەکانی گۆشەگیریی توندی زیندانیکردنی ڕێبەری گەلی کورد حەبدوڵا ئۆجالان کرابوو، پشتگیری لە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” کرابوو و داوا کرابوو کە مافە یاساییەکانی ڕێبەرو لەنێویاندا “مافی هیوا” مسۆگەر بکرێت.
ئەم بانگەوازە پێش کۆبوونەوەی کۆمیتەی وەزیران کرا، کە ئەمڕۆ دەستپێدەکات و تا ١١ـی حوزەیران بەردەوام دەبێت، بەڵام کۆمیتەکە بابەتی مافی هیوای نەخستووەتە ڕۆژەڤی خۆیەوە.
براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ لە دوایین نامەیاندا ئەوەیان بەبیر هێنایەوە، کە ڕێبەر یەکێکە لە کەسایەتییە سەرەکییەکان کە پڕۆسەی ئاشتیی ئێستای لە تورکیا دەستپێکردووە.
هەروەها لە نامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە ڕێبەری گەلی کورد نەک تەنیا بۆ تورکیا، بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەنگێکی گرنگە بۆ ئاشتی.
هەر لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە کاتێکدا کە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قورس و دژوار دەبێت، هەڵوێستی پێداگرانەی ڕێبەر لەسەر دیالۆگ و چارەسەریی دیموکراتیک، ڕۆڵێکی بونیادنەرانەی گێڕاوە، ئەم هەڵوێستە، ڕێکخستن و کۆمەڵگەی کوردی ئاڕاستەی ڕێگاکانی چارەسەریی ئاشتییانە کردووە.
ڕاگەیاندراوە، کاریگەریی ڕێبەر ئاپۆ سنوورەکانی تورکیای تێپەڕاندووە؛ لە ناوچە کوردییەکانی سووریا و ئێراندا، لەسەر پێوەرەکانی چارەسەریی سیاسی، بەهێزکردنی بەشداریی دیموکراتیک و کەمکردنەوەی گرژییەکان خاوەن کاریگەرییە.
هەر لە نامەکەدا باس لەوەکراوە، ساڵی ٢٠٢٥ پەکەکە بەشێوەیەکی تاکلایەنە ئاگربەستی ڕاگەیاندووە و پاشان گۆڕانکاری لە خۆیدا کردووە و هەنگاوی ناوە بەرەو کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی، ئەم هەنگاو و پێشکەوتنانە نیشاندەری ئیرادەیەکی دیارن لەسەر پێکەوەژیان و ئاشتی، جەخت کراوەتەوە کە ئەم هەنگاوانە، لەگەڵ ئەو پێوەرانەدا کۆکن کە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پشتیان پێ دەبەستێت.
هەروەها براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ ئاماژەیان بە گۆڕانکاری و ڕووداوە بونیادییەکانی ناو تورکیاش کردووە و دەڵێن: پەیوەندی و دانووستانی ڕاستەوخۆی “کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکێتیی نەتەوەیی” لە پەرلەمان لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا، پێشکەوتنێکی گرنگە.
لە نامەکەدا هۆشداری دراوە کە سەرەڕای ئەمەش، چوارچێوەی “بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر”ـی ئێستا، هێشتا ڕێگرە لەبەردەم دیالۆگێکی بەمانا و پڕۆسەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا.
براوەکانی خەڵاتی نۆبڵ، داوایان لە کۆمیتەی وەزیرانی کۆنسەی ئەورووپا کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ساڵی ٢٠١٤ـی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپا هەنگاوی ڕوون و کاریگەر بنێت.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، جێبەجێکردنی “مافی هیوا”ـی پەیوەست بە سزای قورسی هەتاهەتایی، ڕوونکردنەوەی پێگەی یاسایی ڕێبەری گەلی کورد و بەشداربوونی بە شێوەیەکی کارا و مانادار لە پرۆسەی ئاشتی، هەنگاوێکی بنەڕەتییە.
هەروەها داوا کراوە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت و دەرفەتی پێ بدرێت بە شێوەیەکی تەواوەتی، بێسنوور و ئازادانە بەشداری هەوڵە ئاشتیخوازییەکان بکات.
لە نامەکەدا ڕوونکراوەتەوە، کە بەشداری بەهێز و هەمیشەیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە پرۆسەکە، بۆ پاڵپشتی لە بەرەوپێشچوونی دیموکراسی و لە باربردنی هەوڵی ئەو کارەکتەرانەی کە خواستوویانە پرۆسەی چارەسەری لەباربەرن، زۆر گرنگە.
لە کۆتا دێڕی نامەکەدا هاتووە: لەم ساتە چارەنووسسازەدا، جیهان پێویستییەکی هەنووکەیی بە سەرکردەی ئاشتیخواز هەیە.