"٨ ئادار هێمای خەباتی ژنانە بۆ ڕزگاری و دەرفەتێکە بۆ وەستانەوە لە دژی دەسەڵاتی ئێران"

شۆرای هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕایانگەیاند، شۆرشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی دەسەڵاتدارانی ئێران پێی ناوەتە قۆناغیکی تازەوە، ٨ ئادار هێمای خەباتی ژنانە بۆ ڕزگاری و دەرفەتێکە بۆ وەستانەوە لە دژی دەسەڵاتی ئێران.

ناوەندی هەواڵ

 

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ٨ی ئادار داهێنانی ژنانی سۆسیالیستی جیهانە، کە تێیدا دژی هەڵاواردن و نایەکسانیی ڕەگەزی و لەپێناوی ڕزگاریی ژن لە سەرتاسەری جیهان وەستانەوە، هەروەها ژنان لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیووە.


ئاماژە بەوەشکراوە، ڕەوتی شۆرشەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی دەسەڵاتدارانی ئێران پێی ناوەتە قۆناغیکی تازەوە و ئەو قۆناغە تازەیە لە خۆپیشاندانی ژنان دژبە سەرکوت و نایەکسانیی ڕەگەزیدا خۆی نیشانداوە و لە دژی کۆنەپەرستی و جیاکاریی ڕەگەزی وەستاونەتەوە.


شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەشیخستەروو ستەم و هەڵاواردنی دەسەڵاتی ئێران بەرامبەر ژنان بێ بەزەیانەترین جۆری هەڵاواردن و ستەمە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەیدراوەکەدا هاتووە: هیچ هەوڵێکی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات نەیتوانی ژنان لە خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی باڵاپۆشی زۆرەملێ پاشگەز بکاتەوە. ڕۆژی جیهانیی ژن، هێمای خەباتی ژنانە بۆ ڕزگاری و دەرفەتێکە بۆ وەستانەوە لە دژی یاساکانی ئێرانە ئەوەش بە چالاکیی و خۆپیشاندان و وتنەوەی درووشم دژی جیاکاری و نادادییەکان دەبێت.