٥٢ ساڵەی بۆردوومانی هەڵەبجە بەبیرهێندرایەوە
ئەمڕۆ هاوکاتی ٥٢ ساڵەی بۆردوومانی خەڵکی بێتاوانی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە، ڕێز لە قوربانیانی ئەو تاوانە گیراو و تاجە گوڵینە بۆ گیانی شەھیدان داندرا.
میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەڵەبجەو بەڕێوەبەرایەتی یادگاری هەڵەبجە، لە ٥٢ ساڵەی بۆردوومانی خەڵکی بێتاوانی هەڵەبجە لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعسەوە، ڕێز لە قوربانیانی ئەو تاوانە گیراو و تاجە گوڵینەی ڕێز و وەفا بۆ گیانی شەھیدان دانرا
گوڵی محەمەد کە برایەکی لەو بۆردوومانە شەهید بووە وتی: ئیمە ئەو رۆژە میوانێکی زۆرمان هاتبوو وتیان خۆ هیچ نییە بچینە دەوری چاوگ، دوای ئەوە کاتیان بەسەر برد ئیتر میوانەکان هاتنەوە لەگەڵ براکەم چوونە بازاڕ، بەڵام لەوێوە بەداخەوە شەهید بوو، پاشتر هێنایانەوە بۆ مزگەوت هەرچەندە بارودۆخ ئالۆز بوو بەڵام دایکم وتی: "دەبێت بیشۆن" و بردمان لە شەهیدانمان ناشتمان.
وتیشی: ٥٢ ساڵە بەبێ هیچ شتێک کوڕەکەمان شەهید بوو رۆیشت و تائیستا هیچمان بۆ نەکراوە، لەهەڵەبجە هیچمان بۆ نەکراوەو هەموو خەڵکی هەلەبجە رایان کرد، ئێمە وتمان هەڵەبجە بەجیێناهێڵین، تازە براکەمان شەهید بووە.
خەلکی هەڵەبجە لەهەموو بارودۆخیک قوربانی داوە، لەم بۆردوومانەشدا ٥٠ هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون و ساڵانە بەبیردەهێندرێنەوە.