٣٤ حزب و ڕێکخراو داوای راگرتنی هیرشەکانی دەوڵەتی تورک دەکەن
حزب و ڕێکخراوی مەدەنى لە ناوچەکانى باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بڵاویان کردەوە، هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلانى عێراق و سووریا ڕەتدەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەری خاکی خۆیان
ناوەندی هەواڵ
٣٤ حزب و ڕێکخراوی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ناوچەکانى ڕۆژئاوا و باشوورى کوردستان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: هێرشە بەردەوامەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەلانى عێراق و سووریا ڕەتدەکەینەوە و دووپاتی دەکەینەوە کە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێت بەرپرسیارێتی پاراستنی سەروەری خاکی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە دژی هێرشەکان.
ئاماژە بەوەکراوە، لەگەڵ هەبوونی ئاڵۆزییە جۆراوجۆرەکان و دۆخی ئاژاوەگێڕی و ئەو ناسەقامیگرییە لە ناوچەکەدا هەیە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە سیاسەتی دوژمنکارانە و هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر گەلانی کورد، عەرەب، ئاشووری و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و سووریا، ئەمە جگە لەوەی لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی جێبەجێی دەکات و دەستوەردان دەکات لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەشدا، ساڵانێکە دەوڵەتی تورک بە کۆمەڵێک بیانووییەک کە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە، ڕووبەرێکی بەرفراوانی ناوچەکەی داگیرکردووە و هەموو ئەجێنداکانی بۆ لکاندنی ناوچە داگیرکراوەکانی ناوچەکە بە سنوورە سیاسییەکانییەوە و جێبەجێکردنی پڕۆژەی میساقی میلی خۆیەوە جێبەجێ دەکات تاوەکو باکوری عێراق/هەرێمی کوردستان، و باکووری سووریا بە دەوڵەتەکەیەوە بلکێنێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەم دواییانەدا تورکیا هێرشی گەورەی دەستپێکرد و سەدان تانک و هەزاران سەرباز و چەتەی خۆی جێگیر کرد لە ناوچە داگیرکراوەکانی لە باکووری سووریا و دواتر هێنای ئەم چەتانەی جارێکی دیکە نوقمی شەڕە بێماناکەی خۆی کرد لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هاوبەشی و پاڵپشتی هەندێک لایەنی کوردی و هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا لە هەندێک کاتدا، سوود وەرگرتنیش لە بێدەنگی حکومەتی عێراق، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام دەزانین هەموو ئەو پاساوانە جگە لە درۆ هیچی تر نین کە هیچ کەسێک فریو نادات، دەزانین شەڕڤانانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەتەکانی داعش لە سووریا و عێراق، هەر ئەوانیش بوون کە ئێزدییەکانیان لە قڕکردنی تەواوەتی پاراست، لە سەردەمێکدا کە دەوڵەتی تورک پاڵپشتی داعش و قاعیدەی دەکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە وەک نوێنەری حیزبەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەکادیمیستەکان، سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، پیشەییەکانی ڕاگەیاندن، و هەموو گەلان و کۆمەڵگەکان، ئەم هێرشە سیستماتیکیانە ئەم هێرشانە لە هەرێمی کوردستان ڕەتدەکەینەوە و داوا لە حکومەتی بەغدا و پەرلەمان و هێزە نیشتمانییەکانی عێراق دەکەین کە بەرپرسیارێتییە مرۆیی و ئەخلاقی و یاسایی و سەروەریەکانیان سەبارەت بەم سەرپێچیانە لە ئەستۆ بگرن، کۆتایی بهێنن بەم هێرش و تاوانە نامرۆڤانە بەردەوامەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر خاک و سروشت و هاوڵاتیانی کوردستان.