٣٠ چالاکوانی سیاسی داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سزای لەسێدارەدانیان لە ئێران دەکەن

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ٣٠ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی سەرنجیان خستووەتە سەر زیادبوونی حاڵەتەکانی لەسێدارەدان بەهۆی هۆکاری سیاسی و ئایدیۆلۆژی لە ئێران، نەبوونی دادگایی دادپەروەرانە و بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ ترساندنی کۆمەڵگا.

ناوەندی هەواڵ – لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەکانی لەسێدارەدان لە ئێران لەمساڵدا، ڕەخنە و ئاگادارکردنەوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردن، زیاتر دەبن.

 

لە دوایین هەنگاودا، ٣٠ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێ و بێ مەرجی سزای لەسێدارەدانیان لە ئێران کردووە. چالاکوانەکان ئاگاداریان داوە لەوەی زیادبوونی لەسێدارەدان بەهۆی هۆکاری سیاسی و ئایدیۆلۆژی، دەرئەنجامی مەترسیداری بۆ کۆمەڵگا لێدەکەوێتەوە.

 

بەیاننامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ژمارەیەک لەو کەسانەی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا دەستگیر کراون، بەبێ ئەوەی دادگاییەکی دادپەروەرانەیان بۆ بکرێت، لەسێدارە دراون. هەروەها، بە ئاماژەدان بە دۆسیەی پەیوەست بە ڕووداوی «مەیدانی عەلی خانی» لە ئیسفەهان، ڕەخنەی توند لە نەبوونی سەربەخۆیی دادوەری لە ئێران دەگرێت.

 

دادگاییەکان بە نهێنی ئەنجام دەدرێن

واژۆکارانی بەیاننامەکە دەڵێن دادگاییەکان زۆرجار بە نهێنی ئەنجام دەدرێن و لە چاوی ڕای گشتی و میدیا دەشاردرێنەوە، لە کاتێکدا هەندێک لەسێدارەدان بە ئاشکرا ئەنجام دەدرێن و ناسنامەی ئەو کەسانەی لەسێدارە دەدرێن، تا چەند کاتژمێرێک پێش جێبەجێکردنی حوکمەکە، دەشاردرێتەوە.

بەیاننامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سزای لەسێدارەدان تەنها سزایەک نییە کە بەرامبەر بە تاوانبار جێبەجێ دەکرێت، بەڵکو هۆکارێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و نیگەرانی و هەستی نائاسایشی لە سەرانسەری کۆمەڵگادا. هەروەها، ئەم سزایە بە تایبەتی لە دۆسیە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکاندا، بازنەی توندوتیژی فراوانتر دەکات و ژمارەی خێزانە مەینەتبارەکان زیاد دەکات.

 

ئاگاداری لە زیادبوونی ناڕەزایی و توندوتیژی

واژۆکاران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان لە دۆسیەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نیشتمانی و تۆمەتی جاسوسی ڕەتکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم سزا سەرکوتکەرە چارەسەری بنەڕەتی قەیرانەکان ناکات.

 

هەروەها ئاگاداریان داوە کە بەردەوامبوونی ئەم سیاسەتە، لەگەڵ خراپبوونی بارودۆخی ژیان و زیادبوونی فشار لەسەر بەشداری سیاسی و مافە مەدەنییەکان، دەبێتە هۆی توندتربوونی ناڕەزاییەکان و کەوتنە ناو بازنەی توندوتیژی و تۆڵەسەندنەوە.

 

بانگەواز بۆ ڕژێمی ئێران

بەیاننامەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە توندوتیژیی دەوڵەت و شەڕ دوو ڕووی یەک دراون و ئەزموونی چەندین دەیەی ڕابردوو سەلماندوویەتی کە سیاسەتی سەرکوت و کوشتن لە سەرکوتکردنی جووڵانەوە کۆمەڵایەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکاندا سەرکەوتوو نەبووە.

 

واژۆکاران داوا دەکەن هەموو حوکمەکانی لەسێدارەدان دەستبەجێ و بێ مەرج ڕابگیرێن و ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی مافی ژیان، مافە مەدەنییەکان و ئاسایشی بەردەوام لە ناوخۆی وڵات دەزانن. هەروەها جەخت دەکەنەوە کە ئەم داواکارییە، سەرەڕای جیاوازییە سیاسی و کولتوورییەکانیان، لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێراندایە.