٢٨ وڵاتی جیهان داوای كۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە دەكەن

لە بەیاننامەیەكی هاوبەشدا ٢٨ وڵاتی جیهان دەڵێن: دەبێت لە ئێستاوە شەڕی غەززە كۆتایی پێبێت، چونكە ئازاری خەڵكی مەدەنی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێكی بێ وێنە.

ناوەندی هەواڵ

 

 ٢٨ وڵاتی جیهان داوای كۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە دەكەن، هەروەها كوژرانی زیاتر لە ٨٠٠ فەڵەستینی لە كاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی یارمەتی مرۆییەكان بە ترسناك پێناسە كراوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، مۆدێلی گەیاندنی هاوكاری حكومەتی ئیسرائیل مەترسیدارە و ناسەقامگیری درووست دەكات، خەڵكی غەزە لە كەرامەتی مرۆیی بێبەش دەكات.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، ڕەتكردنەوەی حكومەتی ئیسرائیل لە ڕێگەدان بە یارمەتییە مرۆییە سەرەكییەكان بۆ خەڵكی مەدەنی، جێگەی قبوڵكردن نییە، ئیسرائیل دەبێت پابەند بێت بە ئەركەكانی بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەكان.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئوسترالیا و كەنەدا ڕایانگەیاندووە، ئازاری خەڵكی مەدەنی لە غەززە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار و بێوێنە، هەروەها ئیدانەی بەردەوامی ڕێگری لە هاوكارییەكان و كوشتنی نامرۆڤانەی خەڵكی مەدەنی لەناویاندا منداڵان دەكەن، كە لە هەوڵدەدەن پێداویستییە سەرەتاییەكانیان لە ئاو و خۆراك دابین بكەن.