٢٠٠ کەس لە پەرلەمانی ئەورووپا بانگەوازییان بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی ڕێبەری گەلی کورد ڕاگەیاند
٢٠٠ کەسی دیار کە لە نێویاندا براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەن، “بانگەوازی پشتگیری لە هەوڵەکانی ڕێبەری گەلی کورد بۆ مسۆگەرکردنی ئارامی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم پەیامە دەرفەتێکی گرنگە.

ناوەندی هەواڵ
بۆ پشتگیری لە بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ٢٠٠ کەس کە لەناویاندا براوەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەن، لە بارەگای پەرلەمانی ئەورووپا لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە ناونیشانی "بانگەوازی پشتگیری لە هەوڵەکانی ئاشتی”، بە واژۆی ٢٠٠ کەس ڕایانگەیاند و تێیدا هاتووە، ئەو بانگەوازەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ـدا بۆ ئاشتی کردی، بۆ تورکیا و گەلی کورد مێژووییە، ئەم بانگەوازە هەوڵدەدات کۆتایی بە دەیان ساڵ ناکۆکی بهیێنێت، زەمینە خۆش بکات بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هاوکات بۆ مسۆگەرکردنی ئارامی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتێکی گرنگە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، پێویستە هەموو لایەنەکان ئەم ساتەوەختە مێژووییە هەڵبسەنگێنن و پێکەوە کار بکەن، وەڵامدانەوەی ئەرێنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان، پێشهاتێکی بوێرانە و جێگەی دڵخۆشییە، بەشداربوونی عەبدوڵا ئۆجالان لە پرۆسەی ئاشتی بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە زۆر گرنگە، عەبدوڵا ئۆجالان کە ٢٥ ساڵە لە زیندانە، دەبێت ئازاد بکرێت، ئەمە تەنها مافە سەرەتاییەکان مسۆگەر ناکات، هاوکات دەبێتە مسۆگەرکردنی مافەکان بۆ گەلی کورد.
هەروەها وتیشیان: ئێمەی واژۆکارانی ئەم ڕاگەیاندراوە داوا لە تورکیا و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، هەنگاوی یەکلاکەرەوە بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام بنێن، داوا لە هەموو ڕۆشنبیران و بزووتنەوە و چالاکانی ژنان و هونەرمەندان و ئەکادیمیستەکان و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران و چالاکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین ئەم ڕاگەیاندراوە واژۆ بکەن و پشتگیری لە بانگەوازەکەمان بکەن.
لە کۆتایشدا ڕایانگەیاند، ئەم پرۆسەیە دەبێت ببێتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگایەک کە تورک و کورد بە ئاشتی و یەکسانی و ئازادییەوە تێیدا بژین و پێکەوە چاو لە ئایندەیەکی باشتر بکەن، بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و ئاشتی لە تورکیا کاریگەری هەبێت لە گۆڕانی هەرێمەکەدا، پشتیوانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی زۆر پێویستە.