١٩٠ مامۆستای زانکۆ ڕەخنە لە ڕەتکردنەوەی پلانی فێرکردنی زمانی دایک لە قوتابخانەکان دەگرن

زیاتر لە ١٩٠ مامۆستای زانکۆ ڕەخنەیان لە ڕەتکردنەوەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە گەڵاڵەی فێرکردنی زمانی ڕەسەن و نەتەوەیی لە قوتابخانەکانی ئێران گرت و بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێرانیان لە قەڵەم دا.

ناوەندی هەواڵ- زیاتر لە ١٩٠ مامۆستای زانکۆکانی تەورێز لە نامەیەکی ناڕەزایەتیدا بۆ مەسعوود پشزکیان، ١٤هەمین سەرۆک وەزیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دژایەتیی مەجلیسیان بە گەڵاڵەی فێرکردنی زمانی زگماکی و نەتەوەیی لە قوتابخانەکاندا شەرمەزار کرد. ئەم پلانە کە لە دانیشتنی ٢٨ی شوبات مەجلیسی شۆرای ئیسلامیدا پێشکەش کرا، بە ١٠٤ دەنگی بەڵێ و ١٣٠ دەنگی نەخێر و ٥ دەنگی بێ لایەن ڕەتکرایەوە. پێشتر نوێنەری حکومەتیش ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بەم پلانە.

 

واژۆکارانی نامەکە بە ئاماژەدان بە بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی مەسعوود پزشکیان بۆ فێرکردنی زمانی زگماکی لە قوتابخانەکاندا، سەرسوڕمانیان دەربڕی کە ئەم بەڵێنانە جێبەجێ ناکرێن، سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراونەتەبەر. جەختیان لەوە کردەوە کە پلانی فێرکردنی زمانی دایکی، تەنانەت وەک بابەتێکی هەڵبژێردراویش دەتوانێت بەشداری بکات لە دادپەروەری پەروەردەیی.

 

لە نامەکەدا هاتووە کە لە وڵاتانی دراوسێدا زمانە ناوخۆیی و نەتەوەییەکان دانپێدانراون و لە وڵاتانی وەک عێراق و ئەفغانستانیش فێرکردنی زمانی تورکی لە قوتابخانەکاندا باو و ئاساییە. لە کاتێکدا ئێران بە مێژوو و شارستانیەتە دەوڵەمەندەکەیەوە ڕێگری دەکات لە فێرکردنی زمانە غەیرە فارسییەکان لە قوتابخانەکاندا.

ئیمزاکاران هەروەها ئاماژەیان بە بنەماکانی ١٥ و ١٩ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە جەختیان لەسەر ئازادی بەکارهێنانی زمانە خۆجێی و نەتەوەییەکان لە قوتابخانەکاندا کردووەتەوە و خوازیاری دەستەبەرکردنی ڕێوشوێنی یاسایی بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوە جیاوازەکان بۆ وەرگرتنی خوێندنی زمانی دایکی بوون.

 

ئەم ڕەخنانە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنی هەماهەنگی یەکێتی مامۆستایان و شیرین عیبادی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێشتر ڕەخنەیان لە ڕەتکردنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە لەلایەن پەرلەمانەوە گرتبوو.

 

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ باس لە دەستگیرکردنی مامۆستایانی زمانە زگماکییەکان، وەک زمانی کوردی، لە ئێران و ئەو سزا قورسانە دەکەن کە پێیان دەگات.