١٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێپاک لە باشووری کوردستان بەرز ڕاگیرا

لە ١٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێپاک لە باشووری کوردستاندا ئاماژە بەوەکرا، ئامانج ئەوەیە ژنی کورد لە جیهاندا بناسێنن و هێز و ئیرادەیان نیشان بدەن، ڕێپاک لە مێژووی دامەزراندییەوە تا ئێستا خەباتێکی بێوچانی ئەنجامداوە.

سلێمانی 

 

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، بە بۆنەی ١٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی پەیوەندییەکانی ئافرەتانی کورد "ڕێپاک" لە باشووری کوردستان، مەڕاسیمێک بۆ بەرزڕاگرتنی ئەنجام درا و تێیدا زەهرا فاتمە کاشان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێپاک وتارێکی پێشکەش کرد.

 

زەهرا فاتمە کاشان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڕێپاک ڕایگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە ژنی کورد لە جیهاندا بناسێنین و هێز و ئیرادەی ئەوان نیشان بدەین، هەروەها ڕێپاک لە مێژوو دامەزراندییەوە تا ئێستا خەباتێکی بێوچانی ئەنجام داوە لەپێناو دۆزی ئازادیی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجی دامەزراندنی ڕێپاک بە گشتی پرسی ژن، ڕێکخراوی ژن، تێکۆشین و خەباتی ژنانە، بۆ ئەوەی پرسی ژن چارەسەر بکرێت و درێژە بە تێکۆشانی کورد بدرێت، وەکو ڕێکخراوێکی دامەزراو و ئامانجی ئەوەیە، لە کوردستان و جیهانیش تێکۆشان و خەباتی ژنان و نەتەوەی کورد بە سەرجەم حزب و ڕێکخراوەکانەوە بڵند بکرێت و فراوانتر بکرێت، بۆ ئەمەش تێکۆشانێکی بێوچان ئەنجام بدرێت، چونکە پرسی ئازادیی ژن و پرسی کورد لە سەرەوەی هەموو حزب و ئایدۆلۆژیایەکەوەیە.

 

وتیشی: ئامانجێکی دیکەمان ئەوەیە لەگەڵ ژنانی جیهان تێکۆشانێکی هاوبەش بکەین و پەیوەندییەکانمان پێش بخەین، یەکێکی دیکە لە پرسەکانمان ئەوەیە چۆن لە چوار پارچەی کوردستان، بۆ پرسی ئازادی ژنی کوردو ئابووری سەربەخۆ و ڕووبەڕووبوونەوەی توندتیژی دژی ژنان و بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەییی چۆن پێکەوە تێکۆشانیکی هاوبەش ئەنجام بدەین.

 

هاوکات، لە ماوەی ئەمساڵدا کار و خەباتی زۆر ئەنجام درا لە کۆڕ و سیمینار و کۆنفرانس و چالاکی جۆر بە جۆر دەمانەوێت تێکۆشانمان لەو چوارچێوەیەدا درێژە پێ بدەین.

 

هەروەها، هەر لە مەڕاسیمەکەدا بەڵگەفیلمێک پێشکەشکرا و تێیدا دامەزراندنی ڕێکخراوەکە و کار و چالاکییەکانی خرانەڕوو.

پاشان، گفتوگۆیەکی کراوە لە نێوان ئامادەبوواندا بەڕێوەچوو و ڕۆڵ و پێگەی ڕێکخراوەکە بەرز نرخێندرا.