١٤ تەرمی دیکەی یەختە ژێرئاو کەوتووەکەی ئیتاڵیا دۆزرانەوەو زۆرینەیان ژن و منداڵن

تیمی فڕۆکەوانیی و دەریایی وڵاتی ئیتاڵیا بەردەوامن لە گەڕان و بەدواداچوون بۆ تەرمەکانی دیکەی ناو یەختە ژێرئاو کەوتووەکەی ئیتاڵیا، ١٤ تەرمی دیکەیان دۆزیوەتەوە، کە ٨یان منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٤ یەختێک له‌ ناوچه‌ی بۆدرومی توركیاوه‌ بۆ ئیتاڵیا به‌ڕێكه‌وتبوو‌، ڕۆژی ١٣ی حوزەیران گه‌یشتووه‌ته‌ ئاوه‌كانی ئازادیی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی یۆنان، کۆچبەرانی ناو یەختەکە ئاماژه‌یان ناردووه‌ كه‌ سه‌لامه‌تن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ شه‌پۆلێكی به‌هێزی ئاو لێیداون و ‌ ژێرئاوكه‌وتووه‌، لەو یەختدا کە زۆرینەی کوردی باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون گیانیان لەدەستداوەو تەنها دوو ژن لە کۆچی چەند خێزانێک ڕزگاریان بووە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئیتاڵی، تەرمی ژمارەیەک کۆچبەری دیکە لە کەناراوەکانی کالابریا دۆزراونەتەوە و بەرەو بەندەری گراتسی بەڕێکراون، کە لە ١٤ تەرم پێکهاتوون و چوار ژن و دوو پیاو و ٨ منداڵن.

 

بەکۆی گشتی تا ئێستا تەرمی ٢٠ کۆچبەر دۆزراونەتەوە، کە پێکهاتوون لە ٦ ژن و ٦ پیاوو ٨ منداڵ، بە وتەی ڕزگاربووەکانی ناو ئەو یەختەش زیاتر لە ٦٠ کەس لە ناو یەختەکەدا بوون پێش ژێرئاوکەوتنی.

 

تەرمەکان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە دۆزراونەتەوە، لە ئێستاشدا بەلەم و فڕۆکەی زیاتر ڕەوانەی شوێنی ئەو تەرمانە کراون بۆ ئەوەی پڕۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی کۆچبەرەکانی دیکە بەردەوام بێت.