١١ ژن لە زیندانی ئێڤین سزا دران

لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە، ١١ زیندانیی سیاسیی ژن بەهۆی بەشداریکردنیان لە هەڵمەتی 'سێشەممەکانی نا بۆ لە سێدارەدان' لە زیندانی ئێڤین لە مافە سەرەتاییەکان بێبەش کراون.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، زیندانیانی سیاسیی ژن بە ناوەکانی ئیلاهە فولادی، فەرووغ تەقیپوور، ساکینە پەروانە، شیوا ئیسماعیلی، زەهرا سەفایی، گۆڵڕۆخ ئیرایی، مەرزیە فارسی و وریشە مورادی لە زیندانی ئێڤینی تاران، لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە هێشتا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا بێبەشن.

 

ئەم سنووردارکردنانە دوای ئەوە سەپێندران، کە ئەم زیندانییە سیاسییانە ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و بەشدارییان لە هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" دا کرد.

 

هاوکات نەسیم سیمیاری بەهۆی قسەکردن لەگەڵ لیندسی فۆرمان، زیندانییەکی بەریتانی کە لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە، مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی لێ زەوت کراوە.

 

هەروەها لیندسی فۆرمان و هاوژینەکەی بە هەمان شێوە لە پەیوەندیکردن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەشکراون، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەبارەی بارودۆخی زیندانەکانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی کۆتوبەندکردنی زیاتر بوونەتەوە، هەر بۆیە بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد.

 

لە لایەکی دیکەوە غەزال مەرزبانیش بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر سزاکەی کە نۆ ساڵ و هەشت مانگ زیندانییە، بەشداریی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"ی کرد و مانی لە خواردن گرت، لە بەرامبەردا سزا درا.