١٠ ڕۆژ دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل... مهاباد و هەنگاوەکانی بەرەو خۆبەڕێوەبەری
زیاتر لە هەفتەیەک دوای شەڕی ئێران و ئیسرائیل، شاری مهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای بەردەوامی گرژیەکان هەنگاو بەرەو خۆبەڕێوەبەری دەنێت.

ڤیان مێهرپەروەر
مهاباد-زیاتر لە هەفتەیەک بەسەر شەڕی ئێران و ئیسرائیلدا، شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕووبەڕووی هێرش و ئاڵەنگاری جۆراوجۆر بوونەتەوە، لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلەوە تا ئاسایشی شوێنی شارەکانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام شارێکی وەک مهاباد بووەتە پەناگەیەکی ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی تاران، کرماشان و ناوچە سنوورییەکانی دیکەی وەک پیرانشار و سەردەشت.
سێبەری جەنگ
لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا، دانیشتوانی شاری مهاباد بۆ دەستکەوتنی بەنزین، نان و پارەی نەختینە پرسیان هەبووە، هەندێک شتومەکی خۆراکی وەک مەعکەرۆنی و تونە و کەلوپەلی قوتوو لە مارکێتەکاندا بەشەخۆراک کراون و هێڵەکانی نانیش درێژن.
جگە لەوەش بازاڕەکان جگە لە دوکانی سەوزە و میوە فرۆش بەتەواوی چۆڵن، فرۆشتن وەستاوە، پارەی کاش لە بازاڕەکاندا کەم بووە، مامەڵەی نافەرمی دۆلار بە نرخێکی بەرزتر لە ڕێژەی ئێستا مامەڵەی پێوەدەکرێت.
مەهاباد کە لە ماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا شایەتی هەلومەرجی جۆراوجۆر بووە، بووەتە شوێنێکی دڵخوازی هاوڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نەبوونی دامودەزگاکانی حکومەتی پشتیوانی لە ئاوارە، ماڵی هاوڵاتیانی شاری مهاباد بوونەتە میوانداری ناسیاو و تەنانەت کەسانی نامۆ.
کیمیا سێفی، کە لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ماڵی هاوڕێیەکی لە شاری مەهاباد دەمێنێتەوە، وتی: ئێمە دانیشتووی ناوچەی پونک بووین، دوای ئەوەی هێرشەکان توندتر بوون، ناچار بووین شار بەجێبهێڵین، هاتین بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو ڕۆژی یەکەممان لە پیرانشار بەسەر برد، دواتر بووین بە میوان لە شاری مهاباد.
شیدا میر محەمەدی، کە لە کرماشانەوە ئاوارە بووە بۆ ماڵی کەسوکارەکەی لە مەهاباد، وتی: کاتێک هێرشەکان دەستیان پێکرد، بەرەو شاری مەهاباد بەڕێکەوتین، ئێستاش هەفتەیەک لەگەڵ کەسوکارمانداین، دڵتەنگین کە ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێهێشتووە، بەڵام هاودەنگی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی گەلەکەمان هیوامان پێدەبەخشێت.
هەنگاوەکانی خۆبەڕێوەبەری لە مهاباد
هەرچەند هەژاری و نەبوونی دەرفەت، ژیانی زۆر کەسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی قورس کردووە، بەڵام هاوڵاتیان لە ڕێگەی یەکڕیزی و تەبایی، هەوڵی ڕزگارکردنی خۆیان لە حکومەتێک دەدەن کە ساڵانێکە سامانی گەلی تاڵان کردووە، جگە لە ژیانێکی سەخت هیچی دیکەی بۆ نەهێناوە.
لەم هەلومەرجە سەختەدا سەلماندوویانە کە هاوکات لەگەڵ یەکڕیزی و تەبایی، تەنیا خۆڕێکخستن و خۆبەڕێوەبردن لەلایەن هاوڵاتیانەوە دەتوانێت دەروازەی ئازادی بێت، ئەمەش تەنیا لە ڕێگەی پێشەنگایەتی ژنانەوە بەدی دێت، یادەوەری مێژوویی لەنێوان ئەزموونەکانی ڕابردوودا باشترین بەڵگەی ئەم بانگەشەیە.
لەم بارەیەوە عائیشە.ج وتی: لەکاتی شەڕ و سەختیدا ژنان گەورەترین کاری سیاسی ئەنجام دەدەن و بە غەریزە لەگەڵ خۆیان هەڵیدەگرن، ئەمە هونەری پەروەردەکردنە، بەم غەریزەیە ژنان دەتوانن ڕێکبخەن و بیانپارێزن و پلان بۆ داهاتوو دابنێن، لەهەموو شەڕەکاندا هەمان شتە، بەڵام پیاوسالاری و هەژموونی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی چینایەتی و چەوساندنەوەی ژنان شۆڕشی گەورەی بەستووە، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستمانە ڕێکخراوە کۆمەڵگەکانن کە ژنان پێشەنگایەتیان دەکەن، ژنانی ئێمە لە شۆڕشە تاڵانکراوەکانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە و ئەمڕۆش پێشەنگەکانی ڕێکخستنن لە دڵی قەیرانەکەدا، ئەم ژنانە ئەوانەن کە هەژموونی دەسەڵاتی پیاوسالاری دەخەنە خوارەوە.