پۆلیسی هەولێر ئاماری روداوه‌كانی جه‌ژن و مانگی ره‌مه‌زانی راگه‌یاند

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی مانگی رمەزاندا سێ حاڵەتی کوشتن روویداوە. دەشڵێت، "لە رۆژانی جەژندا تەنها ٣٨ روداوی جۆراوجۆر رویانداوە".

ناوەندی هەواڵ

هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، لە سێ‌ رۆژی جەژن لە پارێزگای هەولێر ٣٨ روداوی جۆراوجۆر رویان داوە و هیچ حاڵەتێكی كوشتن تۆمار نەكراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە لەو روداوانەش ٣٣ حاڵەتیان لێكۆڵینەوەیان لەسەر كراوە تەنها پێنج حاڵەت ماوە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت، لە رۆژانی جەژنیشدا هیچ حاڵەتێكی دزیكردنیش روی نەداوە كە پێویستی بە لێكۆڵینەوە بێت.

 

ئاشكراشیكرد: لە ٣٠ رۆژی مانگی رەمەزاندا ٥٣٢ داوای یاسایی تۆماركراوە و لەو ژمارەیەش ٤٧٢ كەیس یەكلاكراوەنەتەوە و سێ حاڵەتی كوشتنیش تۆمار كراوە.