ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ لەباربردن چی دەکەن؟
هەرچەندە لە زۆربەی وڵاتان بە یاسا ڕێگە بە لەباربردنی کۆرپەلە دراوە، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستاش لەباربردنی بە ئەنقەست قەدەغەیە و دایکان ناچارن بە نهێنی ئەم کارە بکەن و زەحمەتی زۆر ببینن.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- لەباربردن بریتییە لە کۆتایهێنانی بە ئەنقەستی سکپڕی پێش وادەی سروشتی، لە وڵاتانی ئەوروپا و فەرەنسا بە نمونە، بە یاسا ڕێگەی پێدراوە بە مەرجێک نەگاتە دوای ١٢ هەفتەی سکپڕی، بەڵام لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩ لە ماددەکانی "٤١٧ ، ٤١٨ ، ٤١٩" باس لەم حاڵەتە کراوە و بە کردەوەی تاوانکاری دانراوە، تەنها لە دۆخێکدا ڕێگەپێدراوە لەکاتی ھەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی دایکی منداڵەکە و ناتەواویی لە منداڵەکەدا، بۆ سهلماندنی ئەمەش پێویستی بە ڕاپۆرتی پزیشکی ھەیە و دەبێت ڕاپۆرتەکە لە دامەزراوەیەکی تەندروستی حکومییەوە بێت و پێنج پزیشکی پسپۆڕ واژۆیان لەسەری کردبێت.
دوو ژن کە یەکێکیان بە ناچاریی منداڵەکەی لەبار بردووە و ئەوی دیکە بە ویستی خۆی بووە بۆ ژنها قسە دەکەن:
"نیان" ناوی خوازراوی ژنێکە کە ١٢ ساڵ بەر لە ئێستا، لەکاتی سکپڕیدا بۆ ئەوەی ڕەگەزی کۆرپەکەی بزانێت دەچێت بۆ سۆنەر کردن، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: "ئەوەی چاوەڕێم نەکرد ناتەواوی منداڵەکە بوو، پێیان وتم کە کاسەی سەری نییە و پێویستە لەبارببرێت، چوومە لای پزیشکی ژنان و هەرزوو ئەو کارەیان بۆ کردم، چونکە بە یاسا هاتووە پزیشکان لەو کاتەدا دەستکراوەن، بەڵام زۆر کات پەشیمانم و بە خۆم دەڵێم بۆئەو کارەم کرد".
ژنێکی تر بە ناوی خوازراوی "شەیما" کە دوو ساڵ پێش ئێستا بە ویستی خۆی منداڵەکەی لەبار بردووە باسی چۆنیەتی کارەکە دەکات و بەم شێوەیە دەیگێڕێتەوە: "کاتێک زانیم دووگیانم غەم دایگرتم و دەستم کرد بە گریان، چونکە من کار دەکەم و منداڵی بچوکیشم هەیە، بۆیە بیرم لەوە کردەوە لەباری ببەم، پەنام بۆ زۆر پزیشک برد کەس بۆی نەکردم، وتیان مامان هەیە ئەو کارە دەکات، چوومە کەرکوک و لەوێ لە بەرامبەر بڕێک پارە منداڵەکەم لەباربرد".
دەربارەی قەدەغە کردنی لەباربردن، "شەیما" ئاماژەی بەوەکرد، کە لەگەڵ ئەو یاسایەدا نییە و پێویستە ڕێگە بە دایکان بدرێت کاتێک کە بڕیاری لەباربردن دەدات بە ئازادانە ئەو کارە بکات، دەڵێت: "کە بارودۆخی ژیان نەخوازراو بێت یاخود ژیانیکی شایشتە بۆ منداڵەکە دابین نەکرێت، ئەوا پێش ئەوەی لە سکی دایکیدا دڵی بۆ دروست ببێت، ئاسایی بێت کە لەبار ببرێت".
لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەباربردنی منداڵ قەدەغەیە
ماددەی ٤١٧
١- ژن یان هەر کەسێک کە هاوکاریی بکات بۆ لەباربردنی منداڵ، سزای ساڵێک زیندانیان یان ١٠٠ هەزار دینار سزای پارەی لێدەبڕدرێت.
٢- ئەگەر هەر کەسێک بە مەبەست یان بە ڕەزامەندیی دایکیش بێت، منداڵ لەباری ژنی دووگیان ببات یان لەباربردن بکات، بە حەوت ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.
٣- ئەگەر پزیشک یان دەرمانساز یان مامانی "ئەبە"، منداڵ لەباری ژنێک ببات، زیندانی دەکرێت.
٤- ئەگەر ژنێک بەهۆی "دەستدرێژی" منداڵەکەی لەبار ببات، زیندانی دەکرێت.
ماددەی ٤١٨
١- ئەگەر بەبێ ڕەزامەندیی ژن، منداڵەکەی لەبار ببرێت، بەو مەرجەی تەمەنی زیاتر لە ١٠ ساڵ نەبێت، ئەو کەس یان کەسانە زیندانی دەکرێت.
٢- ئەگەر کەسێک بیەوێت بەزۆر منداڵێک لەباری ژنێک ببات و ئەشکەنجەی بدات، تەنانەت ئەگەر ئەنجامی ئەو هەوڵە مردنی ژنەکە نەبێت، بە مەرجێک تەمەنی لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت زیندانی دەکرێت.
٣- ئەگەر پزیشک، دەرمانساز یا مامانییەک هاوکاری لەباربردنی منداڵێک بکات، سێ ساڵ لەکار دوور دەخرێتەوە.
ماددەی ٤١٩
ئەگەر کەسێک دەستدرێژی سێکسی یان توندوتیژی و لێدان بەرامبەر ژنێکی دووگیان بکات، یان دەرمانی زیانبەخش بداتە ژنێکی دووگیان و لە ئەنجامیدا منداڵ لەباری ئەو ژنە بچێت، سزای هەرە قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت.
"هەمواری یاساکەش هەبێت، دەبێت ڕێکار بۆ لەباربردن بگیرێتە بەر"
لەبارەی داواکاری ژنان بۆ هەمواری یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١ی ساڵی ١٩٦٩ و ماددەکانی ٤١٧، ٤١٨ و ٤١٩، ڕوپاک ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ژنها وتی: "لە ئێستادا ماددەکانی یاساکە بۆ لەباربردنی منداڵ وەک خۆی ماوە و هیچ هەموارێک لەو بارەیەوە نییە، لەباربردنیش پێچەوانەی شەرع و دەستوری عێراقیە و هیچ کەسێک مافی ژیان لێسەندنەوەی نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەمواری یاساکەش هەبێت دەبێت بە شێوەیەک بێت کە ئەو کەسانەی بە شاراوەیی ئەو کارە دەکەن ڕیکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر و لەباربردن بە ڕەزامەندی دایک و باوکیش بێت، چونکە ئەو ژنانەی هاوەڵیان هەیە ناکرێت بەتەنها بڕیار بدەن.
ت.پ