ئەنجومەنی ژنانی سووریا بانگەواز بۆ چەسپاندنی مافی ژنان لە دەستوور و یاساکاندا دەکات
لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بونیادنانی سووریایەکی نوێ، ئەنجومەنی ژنانی سووریا دەڵێت: مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە ژیانی گشتیدا، بنەمای بونیادنانی دەوڵەتێکی دادپەروەر و دیموکراتیک پێکدەهێنن.
ڕۆنیدا حاجی
حەسەکە ـ لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی کە سووریا بەخۆیەوە دەبینێت و ئەو هەوڵانەی ئاراستەی بونیادنانی دەوڵەتێکی نوێ کراون کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دامەزراوە، پرسی مافی ژنان وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان دەردەکەوێت کە پێویستی بە چارەسەرکردنی جددی هەیە لە هەردوو ئاستی دەستووری و یاساییدا.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجومەنی ژنانی سووریا جەختی لەوە کردەوە، کە بەهێزکردنی ژنان و مسۆگەرکردنی بەشدارییان لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا، لەگەڵ پاراستنیان لە توندوتیژی و جیاکاری، پایەیەکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و داهاتوویەکی دادپەروەرتر و جێگیرتر.
”نابێت ژنان پشتگوێ بخڕێن”
ڕیم ئیدریس، کارگێڕی ئەنجومەنی ژنانی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە بەهێزکردنی ژنان و مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیرییان پێشینەیەکی سەرەکییە، ئەمەش پێویستی بە کارکردنی بەردەوام هەیە بۆ هۆشیارکردنەوە و فێرکردنی ژنان، بەرزکردنەوەی تواناکانیان لە ڕووی هزری و پیشەییەوە، بە شێوازێک کە توانایان بۆ بەشداریی کارا لە کۆمەڵگەدا پەرە پێبدات.
ڕوونیکردەوە، کە بەهێزکردنی ژنان لە پەرەپێدانی ڕۆڵ و متمانەیان بە تواناکانیانەوە دەست پێدەکات، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر خێزان و کۆمەڵگەکەیان، تا دەگاتە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوو، هەروەها جەختی لە گرنگیی ئەوە کردەوە کە ژنان تەواوی مافە شەرعی و یاساییەکانیان بەدەستبهێنن و ئەم مافانە بە شێوازێکی ڕوون لە دەستووردا بچەسپێنرێن، بەشداریی ژنان نابێت تەنها سنووردار بێت بە بوارێکی دیاریکراووەوە، بەڵکو دەبێت هەموو مەیدانه سیاسی، ئابووری، کارگێڕی و فەرهەنگییەکان بگرێتەوە، ژنان لایەنێکی لاوەکی یان تەواوکەر نیین لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو هاوبەشێکی سەرەکیین لە بونیادنانی و داڕشتنی داهاتووەکەیدا، وتی: بونیادنانی سووریای نوێ بێ ئامادەبوونێکی ڕاستەقینە و کارای ژنان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا ناتوانێت بێتەدی.
لەو چوارچێوەیەدا، جەختی لەوە کردەوە لەسەر پێویستیی خستنەناوەوەی دەق و ماددە یاساییە ڕوونەکان لە پرۆسەی بونیادنانی سووریای نوێدا کە پاراستنی مافی ژنان مسۆگەر بکات و بەشداریی تەواویان لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا بپارێزێت، هەروەها ژنان بۆ ماوەیەکی درێژ بە هۆکار و پاساوی جۆراوجۆرەوە ناخۆشیی پەراوێزخستنیان چەشتووە، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە کۆتاییهێنان بەم ڕەفتارانە و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ ژنان تا ئەو پێگەیە بگرنە ئەستۆ کە شایەنییەتی.
بانگەوازی کرد بۆ پێداچوونەوە بەو یاسایانەی کە کاریان پێدەکرێت و دووبارە سەیرکردنەوەی ئەو ماددانەی کە دەکرێت دژی ژنان بەکاربهێنرێن، هەندێک جار یاساکان دەقۆزرێنەوە بۆ فشارخستن سەر ژنان یان بێبەشکردنیان لە پاراستن و مافەکان، کە ئەمەش پێویستی بە چاکسازییەکی گشتگیر هەیە.
پرۆژەیاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی
ڕیم ئیدریس باسی لە پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیش کرد، ئەم بابەتە تەنها ژنان نەگرێتەوە، بەڵکو سەرجەم ئەندامانی خێزان لەخۆدەگرێت، وتی: ژن، پیاو، منداڵ و بەتەمەن هەموویان ڕەنگە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی بن لە ناو خێزاندا، بۆیە پێویستە یاسایەک دەربکرێت کە سەرجەم ئەندامانی خێزان بپارێزێت، پێویستە پرۆژەیاساکە لە ڕێگەی هاوپەیمانییەوە پەرەی پێبدرێت، ناساندن و بڵاوکردنەوەی لەناو کۆمەڵگەدا بکرێت، چونکە بووە بە پێویستییەکی سەرەکی.
بانگەوازی لە ژنان کرد، کە مافەکانیان بزانن و ڕوو لە دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بکەن بە مەبەستی پاراستنیان، جەختی لە گرنگیی بوونی چارەسەر و لێپرسینەوەی ڕاستەقینە کرد بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی مافی ژنان.
"نابێت نیشتمانێک بەبێ بەشداریی ژنان بونیاد بنرێت"
ڕۆژین عەبولقادر، ئەندامی لژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی ژنان لە سووریا، جەختی کردەوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان هێشتا بە تەواوی مافەکانی خۆیان نازانن، پێویستە هۆشیار بکرێنەوە لەسەر مافەکانیان وتی: مافە سەرەکییەکانی ژن بریتیین لە یەکسانی لەبەردەم یاسادا، مافی ژیان و ئاسایشی جەستەیی، فێرکردن، ئازادی و کەرامەت، کرێی دادپەروەر، چاودێریی تەندروستی، بەشداریی سیاسی، فێربوون، دەستکەوتنی هەلی کار و پۆست، موڵکداری، ڕەگەزنامە، ئازادیی بیروڕا، مافی ژن لە پاراستن لە توندوتیژی و جیاکاری و قۆستنەوە یەکێکە لە مافە سەرەکییەکانی "نابێت نیشتمانێک بەبێ بەشداریی ژنان بونیاد بنرێت، چونکە ژن بنەمای کۆمەڵگەیە.
"پێویستە مافی ژنان لە دەستووردا مسۆگەر بکرێت"
ئاماژەی بەوەشکرد، کە مسۆگەرکردنی مافی ژنان لە دەستووردا بناغەیەکی یاسایی بۆ پاراستنی مافەکانیان دابین دەکات، وتی: کاتێک مافی ژنان لە دەستووردا مسۆگەر دەبێت، ژنان دەستەبەرییەکی یاساییان دەبێت لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، پێویستە یەکسانی لەنێوان ژنان و پیاواندا بەدی بێت و هیچ جیاکارییەک بوونی نەبێت، بەتایبەت لە بوارەکانی کارکردن، وەرگرتنی پۆست و بەرپرسیارێتییەکان، بەشداریی سیاسییدا.
وەک چالاکوانێک لە بواری مافی مرۆڤ و مافە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەڵێن دەدات کە بەردەوام بێت لە کارکردن لەپێناو مافی ژناندا، تاوەکو ژنان تەواوی مافەکانی خۆیان بەدەستدەهێنن.
"پێویستە ژنان بە بێ ترس داوای مافەکانیان بکەن"
ڕۆژین عەبدولقادر بانگەوازی لە ژنان کرد، کە بەهێز بن، ژنانی ئەمڕۆ نەوەی ژنانی مەزنن کە بەشدارییان کردووە لە دروستکردنی گۆڕانکاریی زۆر لە مێژووی سووریادا، لە کۆتای قسەکانیدا وتی: بەبێ بەشداریی ژنان لە سەرجەم بوارەکانی ژیان و سیاسەت و بڕیارداندا، سووریایەکی ئازاد و دادپەروەر بونیاد نانرێت، بۆیە پێویستە مافەکانیان لە دەستوور و یاساکاندا مسۆگەر بکرێت و بپارێزرێن.