یاسای باری کەسی لە سووریا؛ کەلێنێک لە نێوان دەق و بەکارهێنان
سەرەڕای هەموارکردنی یاسای باری کەسیی سووریا، ژنان هێشتا ڕووبەڕووی کەلێنێک دەبنەوە لە نێوان دەقی یاسایی و جێبەجێکردنیدا، لە نێوان لێکدانەوە دادوەرییەکان کە ڕەنگە کاریگەری لەسەر مافە دارایی و خێزانییەکانیان هەبێت.
ڕەنیم خەڵوف
دیمەشق – یەکەم یاسای باری کەسی لە سووریا بە فەرمانی یاسایی ژمارە ٥٩ لە ٧ی ئەیلوولی ١٩٥٣ دەرچوو، کە بڕگەکانی لە فەقهیەی ئیسلامییەوە وەرگرتووە، بە ئاماژەیەکی بنەڕەتی بۆ پرسەکانی خێزان و هاوسەرگیری و جیابوونەوە دادەنرێت، ئەم یاسایە لە سێ قۆناغدا چەندین هەموارکردنەوەی بەسەردا هاتووە.
هەموارکردنەوەی یاساکە لە ساڵی ١٩٧٥ بە یاسای ژمارە ٣٤ دەستی پێکرد، کە تیشکی خستە سەر بەرزکردنەوەی تەمەنی یاسایی بۆ هاوسەرگیری، ڕێکخستنی بابەتی مارەیی، سنووردارکردنی مافی هاوژین بۆ جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە، هەروەها دامەزراندنی "قەرەبووی جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە"، جگە لە بەهێزکردنی مافی سەرپەرشتیکردنی دایک، هەموارکردنی دووەم لە ساڵی ٢٠٠٣ هات، دواتر هەموارکردنی ساڵی ٢٠١٠ کە باس لە بڕگەی وردی کرد کە لەگەڵ پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کارگێڕییەکان بگونجێت کە پەیوەندییان بە تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەوە هەیە.
بەڵام بەرچاوترین هەموارکردن لە ساڵی ٢٠١٩دا بوو، ئەمەش دوای هەڵمەتێکی داکۆکیکردن لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بوو، ئەم هەموارکردنە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە ٦٠ ماددە، دیارترینیان بەرزکردنەوەی تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بۆ ١٨ ساڵ بۆ هەردوو کوڕ و کچ، هەروەها ئەو رایبەتمەندیەی پێشووی هەڵوەشاندەوە کە ڕێگەیان بە هاوسەرگیری منداڵان دەدا لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا، لە هەموارکردنەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کە هاوسەرگیری لە نێوان تەمەنی ١٥ بۆ ١٨ ساڵدا پێویستی بە تەمەنی یاسایی و مۆڵەتی دادوەر و مافی هەڵبژاردنی هاوژینی هەیە، سەرەڕای ئەوەش، هەموارکردنەکان ڕێگەیان بە جێگیرکردنی مەرجی تایبەت لە ڕێککەوتنی هاوسەرگیریدا دا بۆ ئەوەی سوود بە هەریەک لە هاوژینەکان بگەیەنێت (وەک بڕگەیەک کە فرەژنی قەدەغە دەکات، ئازادی ژن بۆ کارکردن یان بەردەوامبوون لە خوێندن، مافی جیابوونەوەی ژن).
هەروەها هەموارکردنەکان مافی سەرپەرشتیکردنی دارایی منداڵەکانیان بە دایکان بەخشی لە ئەگەری نەبوونی باوک، مردن، بێتوانایی، هەروەها مافی یەکسانیان پێدرا لە هەندێک مامەڵەی دارایی سەبارەت بە منداڵەکانیان، هەروەها زەمینەکانی ژنان فراوانتر کرد بۆ ئەوەی داوای جیابوونەوەی دادوەری بکەن و کۆنتڕۆڵەکانی جیابوونەوەی تاکلایەنەیان توندتر کرد بۆ پاراستنی خێزانەکان لە هەڵوەشانەوە.
جگە لەوەش، هەموارکردنەکان داوای هەڵسەنگاندنی دووبارەی پاڵپشتی دارایی هاوژینی و منداڵیان کردووە بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ئابووری ئێستا و ئاستی ژیان بێت، هەروەها زیادکردنی قەرەبووی جیابوونەوەی ئارەزوومەندانە لە بەرژەوەندی ژنەکە، جەختیان لەسەر وەرگرتنی شێوازە زانستی و پزیشکییە دەردەمییەکان (وەک پشکنینی دی ئێن ئەی) لە دامەزراندنی یان ڕەتکردنەوەی باوکایەتی لە ڕێگەی بڕیارە دادوەرییەکانەوە کردەوە. سەرەڕای ئەم هەموارکردنانە، هێشتا بە کەمی ماونەتەوە و ژنان بە هاوڵاتی پلەدوو دادەنرێت کاتێک بڕیارێک دەردەچێت.
لێکدانەوەیەکی ناتەواو!
لەما جەمال، پارێزەر ڕوونیکردەوە، کە کەموکوڕی لە تێگەیشتن لە سروشتی ئەو هەموارکردنانەدا هەیە کە پەیوەندییان بە یاسای باری کەسی سووریاوە هەیە، وتی: کەمپینەکانی داکۆکیکردن کە داوای هەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن زۆرجار سەرنج دەخەنە سەر دەقە ئاینییەکان وەک سەرچاوەیەکی یاسادانان، بەبێ ئەوەی لەبەرچاو بگرن کە ناوەکی کێشەکە زیاتر لە لێکدانەوە و بەکارهێنانی یاساییدایە نەک لە خودی دەقەکاندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە کێشە بنەڕەتییەکان پەیوەندییان بە کۆمەڵێک بابەتەوە هەیە، لەوانە سەرپەرشتیکردن، سەلماندن، جیابوونەوە، ناوبژیوانی، قەرەبووکردنەوە، سەرپەرشتیکردن، نیشتەجێبوون، نەفەقە، میکانیزمەکانی جێبەجێکردن، داڕشتنی ڕێککەوتن و ڕێکارە دادوەرییەکان.
جەختی لەوە کردەوە، کە مافی سەرپەرشتیکردن وەک نموونەیەک دەهێنێتەوە و بە یەکێک لە دیارترین بابەتەکان دەزانێت کە دەتوانێت زیان بە ژن و منداڵ بگەیەنێت، هەروەها دەقی یاسایی وا گریمانە دەکات کە سەرپەرشتیکردن دەبێت بە بەرژەوەندییەکانی منداڵەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام زۆرجار بەکارهێنانی دەقەکە بە شێوەیەکی زارەکی وەردەگرێت، سەرپەرشتیکردن بە دایکەکە دەدات تا ئەو کاتەی هاوسەرگیری نەکردووە و دەیگوازێتەوە بۆ باوکەکە لەگەڵ دووبارە هاوسەرگیرییەکەیدا.
لەم چوارچێوەیەدا، لەما جەمال دەپرسێت: لە کوێ بەرژەوەندی ئەو منداڵە لەبەرچاو دەگیرێت؟ چۆن گونجاوترین سەرپەرشتیار دیاری دەکرێت؟ کێ بڕیار دەدرێت کە باوک گونجاوترینە تەنها لەبەر ئەوەی دایکەکە هاوسەرگیری کردووە؟، جگەلەوەش چارەسەرکردنی ئەم پرسانە دەبێت لە بەرژەوەندی منداڵ و بارودۆخی ڕاستەقینەوە دەست پێبکات، نەک تەنها جێبەجێکردنی پیتی یاسا.
وتیشی: سەختی ئەم کێشەیە بە ڕوونی لە دۆسیەی ئەو کچەدا دەرکەوت کە لە مانگی ئابی ڕابردوودا لەلایەن باوکیەوە لە دەرعا کوژرا، هەروەها دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە بەرامبەر بە منداڵان پێویستی بە چاکسازییەکی خێرا لە یاسای باری کەسی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی منداڵ و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی، لە چوارچێوەیەکدا کە لەگەڵ بنەماکانی شەریعەتی ئیسلامیدا بگونجێت.
یەکێک لە هەموارکردنە گرنگەکانی یاسای باری کەسی لە ساڵی ٢٠١٩ پەیوەندی بە ڕێککەوتنی هاوسەرگیرییەوە هەبوو، دوایین هەموارکردنەکە ئامانجی ئەوە بوو کە ببێتە ئامرازێکی بەنرخ بۆ پاراستنی ژنان، کە بتوانن مافەکانی خۆیان مسۆگەر بکەن بە هێنانە ناوەوەی مەرجەکان لە ڕێكکەوتنەکەدا، بۆ نموونە ژن دەتوانێت مافی کارکردن و درێژەدان بە خوێندنی خۆی دیاری بکات و فرەژنی قەدەغە بکات و مافی جیابوونەوە بە خۆی بدات.، بەڵام لەما جەمال وتی: دەقی یاسایی ئێستا پارێزگارییەکی کاریگەر بۆ ژنان دابین ناکات، چونکە پێویستی بە پەنابردنە بەر دادگاییکردن و سەلماندنی مافەکانی مرۆڤ لە دادگا هەیە.
لەماجەمال ڕوونیکردەوە، کە تەنانەت لە حاڵەتی فرەژنیدا، ژن پەنایەکی یاسایی کاریگەری نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاوژینەکەی بکاتکە هاوسەرگیری دووەم ئەنجام بدات، تەنانەت ئەگەر مەرجێکی بەو واتایەی لە ڕێککەوتنی هاوسەرگیریدا جێگیر کردبێت، بەپێی چوارچێوەی یاسایی ئێستا، زۆرترین شت کە دەتوانێت بیکات داوای جیابوونەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پێویستە بەرزکردنەوەی ئەو ئامرازە یاساییانە و گۆڕینی بۆ مسۆگەری پابەندکەر و ڕوون بۆ هاوژینەکە، بەجۆرێک مەرج و مافە ڕێککەوتووەکان کاریگەر و جێبەجێکردن بن، هیچ بوارێک بۆ خۆدزینەوە یان دەورەدان نەمێنێتەوە.
مافەکانی پێشێلکراو و ستانداردەکانی سەلماندنی زیانەکان ڕوون نین
لەما جەمال هۆشداری دەدات لە کێشەیەکی دیکە لە لێکدانەوەکانی پەیوەست بە یاسای باری کەسی، سەبارەت بە دۆخی دارایی ژنان دوای جیابوونەوە، وتی: دەقە ئیسلامیەکان مافە داراییەکانی ژنان مسۆگری دەکەن، لەوانەش وەرگرتنی مارەیی تەواویان، ئەمە جگە لەوەی شوێنی نیشتەجێبوونی پێویست بۆ خۆی و منداڵەکانی لەژێر سەرپەرشتی ئەودا دەستەبەر دەکەن، بەڵام بە بۆچوونی ئەو ئەم مافانە لە دادگاکاندا بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ ناکرێت، وتی: زۆر گرنگە پێگەی دارایی ژنەکە بەهێز بکرێت لەڕێگەی نەفەقەیەکی گونجاو و دەستەبەرکردنی خانوو بۆ پەروەردەکردن و چاودێریکردنی منداڵەکان و مسۆگەریکردنی وەرگرتنی مارەییەکەی.
ئاماژە بەوە شکرد، کە لە حاڵەتەکانی جیابوونەوەدا ژنان پێویستە ڕوودانی زیانەکان بسەلمێنن، بەڵام کێشەکە لە نەبوونی ستانداردی یاسایی ڕوون و تایبەتدایە بۆ پێناسەکردن و سەلماندنی زیان، وتی: ژن چۆن دەتوانێت بیسەلمێنێت کە زیانی پێگەیشتووە لە نەبوونی یاسایەکی ڕوون کە سروشتی زیانەکە دیاری بکات؟
ڕوونیکردەوە، کە هەندێک یاسا، وەک یاسای ئوردن، پۆلێنکردنی ڕوونی زیانەکان دادەمەزرێنن، وەک زیانگەیاندنی ڕەوشتی و دەروونی و ماددی، بەڵام دۆخەکە لە یاسای سووریادا جیاوازە، کە ڕاپۆرتەکانی ناوبژیوانان باس لە ڕێژەی سەدی خراپ بەکارهێنان دەکەن بەبێ ئەوەی ئەو پێوەر و بنەمایانە ڕوون بکرێتەوە کە پشتیان پێبەستووە بۆ دیاریکردنی ئەو ڕێژەیە یان چۆنیەتی حیسابکردنیان.
ئەو وەک نموونە هەڵسەنگاندنێک بۆ لە ٥٠٪ی خراپ بەکارهێنانەکە دەهێنێتەوە، پرسیار لە بنەما یاساییەکەی دەکات کە ناوبژیوان لەسەری گەیشتوەتە ئەم ڕێژەیە و چ پێوەرێکی بەکارهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکان، هەروەها ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە ناڕوونانە دەتوانن ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبێت لەسەر مافە داراییەکانی ژن، وەک لێسەندنەوەی بەشێک لە مارەییە دواخراوەکەی یان سنووردارکردنی نەفەقە، کە ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی ستانداردی یاسایی ڕوون هەیە کە هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانە مسۆگەر بکات و مافەکانی ژنان بپارێزێت.
لە کۆتاییدا، لەما جەمال، پارێزەر جەختی لەوە کردەوە، کە کێشەکە لە دەقەکەدا نییە، بەڵکو لە لێکدانەوەی ناوبژیوانەکاندایە، لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێشەوە، بە هۆی لێکدانەوەی ناوبژیوانەکانەوە چەند ژنی سوری مافەکانیان لەدەستداوە؟ وە چەند ژنی سووری بێ ئاگان لە مافەکانیان وەک لە شەریعەتی ئیسلامیدا هاتووە، کە یاسای باری کەسی لە سووریا لێیەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە.