وریشە مورادی؛ دەرکەوتنێکی ڕوونی "بەرخۆدان ژیانە"
ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژنان لە تاران وێڕای شەرمەزارکردنی سزای سێدارە یەک لە دوای یەکەکانی ڕژێمی ئێران، پشتیوانی خۆیان لە "وریشە مورادی" و "پەخشان عەزیزی" و ژنانی دیکەی زیندانیکراو ڕاگەیاند.
پەرژین سوڵتان
تاران- ئەمە یەکەمجار نییە کە سزای لەسێدارەدانی ژنێکی تێکۆشەر لەلایەن ڕژێمێکی گەندەڵ و دیکتاتۆرەوە دەربکرێت و دواجاریش نابێت، باس لە توندوتیژی و هێرشی سیستماتیکی ڕژێمە ئیسلامییەکان دەکەین دژی ژنان، ژنانی ئازادیخواز کە هەمیشە دڕکی چاوی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکان بوون، تێکۆشان بەردەوامە.
فەلسەفەی تێکۆشانی وریشە بۆ "ژن، ژیان، ئازادی"یە
لارا فەلاحی، چالاکوانی بواری ژنان ئاماژەی بەوەدا کە سزای ئەو دوو ژنە تێکۆشەرە تووڕەیییەکی زۆری لای کۆمەڵگەی ژنانی ئێران و کوردستان و بەتایبەتی کۆمەڵگەی ژنە تێکۆشەرەکان ورووژاندووە، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی تەنها چونکە ژنن بۆ ئێمە گرنگ نین، بەڵکو ئەوەی گرنگترە فەلسەفە و شێوازی تێکۆشان و کۆمەڵە هەوڵدانیان لە ژیانیاندایە، ئەمەش وایان لێدەکات تایبەت و بەنرخ بن بۆ کۆمەڵگەی ژنان، فەلسەفە و تێڕوانینێک کە جەخت لەسەر دادپەروەری ناوەندی و یەکسانی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە و هەوڵی زیادکردنی ئازادی بۆ ژیان بۆ هەموو ئەو کەسانە بدات کە سەر بەم خاکەن.
لارا جەختی کردەوە لەوەی ئەگەر بە ئیرادەی جددی سیستمی ڕژێمی ئیسلامی ئاگادار بکەینەوە کە ئەم سزایانە دەتوانن ئاکامی نەرێنی و ئاکامێکی قورسیان هەبێت، دەتوانین کاریگەر بین لە ڕاگرتنی ئەم جۆرە سزایانە، لەسەر بنەمای ئەمەش پێویستە هەموو هەنگاوێک بنێین بۆ ئەوەی بیانگەڕێنینەوە ناو کۆمەڵگەی ژنانی تێکۆشەر و هەوڵبدەین بۆ ژیانێکی ئازاد، چونکە ئەوان تێکۆشانیان بۆ "ژن، ژیان، ئازادی" کردووە.
ترسی ڕژێم لە یەکگرتوویی ژنی تێکۆشەر
لیندا لۆتفیان، چالاکوانی کۆمەڵایەتی وتی: سزای لەسێدارەدان بۆ ژنانی تێکۆشەر، یەکێکە لە لایەنەکانی سەرکوت و جینۆسایدی ژنانی تێکۆشەر و ئازادیخوازان، کە بە درێژایی مێژوو هەمیشە شاهیدی ئەوە بووین لەلایەن حکومەتە خۆسەپێن و دیکتاتۆریەکانەوە بەڕێوەدەچێت و چڕبوونەوەی درکردنی ئەم سزایانە دوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران زیاتر لە پێشوو دەبینین کە لە ترسی ڕژێم لەم ڕاپەڕینە و چالاکییەکانی ژنانی تێکۆشەرەوە سەرچاوە دەگرێت.
ڕوونیشی کردەوە، وریشە مورادی و ژنانی دیکەی ژێر چەقۆی سێدارەدان کاریان بۆ ژیان و ئازادی و یەکسانی بۆ ژنان کردووە و ئێمەی ژنانیش لە پشتی ئەوانین و بە توندی ئیدانەی سزاکانی ڕژێم دەکەین، ڕۆژانی گەش ژێر ئاڵای "ژن، ژیان، ئازادی" دەبینین.
لیندا لۆتفیان ئاماژەی بەوەشکرد، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ "وریشە مورادی" تەنها بۆ وریشە نییە، بەڵکو بۆ وریشە و هەموو ژنانی ئازادیخوازە، ئەمەش دڵی کۆمەڵگەی ژنانی ئازار داوە، بەڵام بوێرتری کردووە و هاودەنگی و هاوسۆزی زیاتری لە کۆمەڵگەدا دروستکرد؛ ئەوەی ڕژێمی ئێران لێی دەترسێت یەکگرتوویی ژنانی تێکۆشەرە.
ژنان لە هەموو کاتێک بوێرترن
پونە خۆرامان، زانای یاسا، سزای وریشە مورادی بە نادادپەروەرانە ناوبرد و ڕایگەیاند، بێ گومان ئەم سزایە، وەک سزای لەسێدارەدانی "پەخشان مورادی" و "شەریفە محەمەدی"، بەڵگەنامەی پێویستی نییە و لەگەڵ تۆمارکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان دوای چەند مانگێک لێپرسینەوە ، ئەشکەنجە و سووکایەتیکردنە.
وتیشی: پێدەچێت ڕژێم چەندە لە مەیدانە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی وڵاتدا لاوازببێت، بە فشارخستنە سەر کۆمەڵگەی تێکۆشەران، بەتایبەتی ژنانی تێکۆشەر، بۆ قەرەبووکردنەوەی شکست و لەرزینەکەی، تووڕەیی خۆی لەسەر ژنانی کۆمەڵگە بەڕێوەببات، ڕۆژانە شاهیدی دەرکردنی سزای لەسێدارەدان و دەستبەسەرکردن و گرتنی چالاکوانان دەبین و بێگومان ئەمەش بە مانای بەرهەمی هەوڵی ژنان لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" دێت، ژنان لە هەموو کاتێک بوێرانەتر لە تێکۆشانیان بەردەوامن و ئەمە دروشم نییە بەڵکو ئەوەی دەیبینین و هەوڵ و چالاکی و کاردانەوەیانە بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدانی ناڕەوا، کە کۆمەڵگەی ژنانی ئازاد و تێکۆشەر لە هەموو شوێنێکی جیهان بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خوێناوی کۆدەکاتەوە و لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە هاودەنگی و هاوسۆزی سنوورەکان دەبەزێنێت و هەموو ژنان کۆدەکاتەوە.
وریشە هێمای بەرخۆدانی ژیانە
وریشە مورادی، لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامی تاران بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵواتی، لە ١٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ سزای سێدارەی بەسەردا دەپێندرا، پرۆسەی دادگاییکردنی وریشە هەر لە سەرەتای دەستبەسەرکردنیەوە نادادپەروەرانە بووە، بەجۆرێک کە مافی سەردانکردن و هەبوونی پارێزەری لێ زەوت کراوە، هەروەها سەرەڕای مانگرتنی ٢٠ ڕۆژەی لە خواردن مافی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە.
لە کاتی مانگرتن لە خواردن ٩ کیلۆ لەکێشی کەمیکردو بە داواکاری دووبارەی چالاکوانانی مەدەنی و مافی مرۆڤ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا، ئێستاش لە ژێر چەقۆی سێدارەدا پابەندە بە تێکۆشانەکانی و نموونەیەکی ڕوونە بۆ "بەرخۆدان ژیانە".