"توندوتیژی دژی ژنان لە یەمەن کێشەیەکی کۆن و بەردەوامە"
ئیشراق مەقتەری،دادوەر ئاماژەی بەوەکرد شەڕی یەمەن بووەتە هۆی زیادبوونی ئاستی توندوتیژی دژ بە ژنان و بڵاوبوونەوەی توندوتیژییەکان و بارگرانیە لەسەر ژنان.
هالە ئەلحاشدی
یەمەن-ژنان لە یەمەن ڕووبەڕووی ئاستەنگی و کێشەی گەورە دەبنەوە لە ئەنجامی شەڕی بەردەوام لە وڵاتەکەدا و ژنان و منداڵان نزیکەی سێ چارەکی کۆی گشتی ژمارەی ئاوارەکان لە یەمەن پێکدەهێنن، ئەمەش وایکردووە بەهۆی قەیرانی مرۆییەوە زیانیان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خراپ ببێت.
هەرچەندە ژنان پشتیوانی خێزانەکانیان دەکەن بەڵام جیاکاری ڕەگەزی لە بەرامبەریان هەیە
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانە، ژنان پشتیوانی نزیکەی ٢٦%ی خێزانە ئاوارەکان لە یەمەن دەکەن، ئەمەش وایان لێدەکات لە دۆخێکی سەختدا بن کە پێویستیان بەوەیە بەرپرسیارێتییەکی بەرچاو لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان هەڵبگرن، لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵسوکەوتە جیاکارییەکان و توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەزی بەردەوامن لە کەمکردنەوەی توانایان بۆ پشتگیریکردنی خۆیان و خێزانەکانیان.
ژنان لە یەمەن ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و پاراستن، بەتایبەتی سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز، نزیکەی ٧.١ ملیۆن ژن لە یەمەن پێویستیان بە خزمەتگوزاری هەیە کە پشتیوانی و هاوکاری پێشکەش بکات بۆ چارەسەرکردنی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی.
ژنان لە یەمەن ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەبنەوە، لەوانە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، هەڕەشە و ئەشکەنجەدان، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە لە سنووردارکردنی جووڵە و جیاکاری لە بەشداریکردنی سیاسی و کۆمەڵگەدا.
"توندوتیژی دژی ژنان لە یەمەن کێشەیەکی کۆن و بەردەوامە"
دادوەر ئیشراق مەقتەری، ئەندامی لیژنەی نیشتمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، وتی: توندوتیژی دژی ژنان لە یەمەن کێشەیەکی کۆن و بەردەوامە، چونکە لەم ڕووەوە هیچ باشتربوون و پێشکەوتنێک ڕووی نەداوە و بە پێچەوانەوە، جەنگ لە وڵاتەکەدا بووەتە هۆی زیادبوونی ئاستی توندوتیژی و بڵاوبوونەوەی زیاتر و زیادبوونی باری ژنان.
ڕوونیکردەوە هۆکاری توندوتیژی بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی یاساوە بووە کە جیاکاری لە دژی ژنان دەکات، بووە هۆی هاندانی توندوتیژی، چونکە ئەوە پاساوە و ئەنجامدەرەکان لەسەر بنەمای ئەوە بێ تاوان کراون، لە هەمان کاتدا، دەستووری یەمەن بنەمای یەکسانی ڕەگەزی لە ماف و ئازادییەکاندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، لێکدانەوەی ڕاستەقینەی ئەم بنەمایە مانای چییە، بۆ یاسا و نەریتی کۆمەڵایەتی جێدەهێڵدرێت.
"جەنگ هۆکاری سرەکی پیشێلکاری و توندوتیژییەکانە"
دادوەر ئیشراق مەقتەری ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی و ڕەزامەندی حکومەتی یەمەن هەیە بە ئامانجی بەدیهێنانی یەکسانی لە دەستوور و ستراتیژ و پلاندا، لەگەڵ ئەوەشدا، جەنگ هۆکاری سەرەکییە لە پشت سەرهەڵدانی زۆرێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە یەمەن، بەتایبەتی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی و ڕەتکردنەوەی ژنان لە چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، بەربەست هەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە لە یەمەن، بەتایبەتی حوسییەکان، چونکە ڕێگری لە جوڵەی ژنان دەکەن لە نێوان پارێزگاکان و سنووردارکردنی ڕۆڵیان لە بواری مەدەنیدا.
لە کۆتایی قسەکانیدا دادوەر ئیشراق مەقتەری جەختی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنێک بۆ بەهێزکردنی هەستی سەلامەتی ژنان و هاندانیان بۆ ڕاپۆرتکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی و بەهێزکردنی متمانە لە نێوان زیانبەرکەوتووان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و دەزگا ئەمنییەکان و دامەزراوە حکومییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی یەمەن، هەروەها داوای بەشداریکردنی پەرلەمانی یەمەن و پەرەپێدانی ڕێوشوێنەکان لە ستراتیژی دادوەری و ئاسایش و بڕیارەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان.