تانیا تاهیر: زیندووکردنەوەی بڕیاری عەشیرەت و خێڵەکان لە ناوچەکەدا بۆتە زیادبوونی کوشتنی ژنان
تانیا تاهیر مامۆستای یاسا دەڵێت: لە ڕێگەی بەرنامەداڕێژی سیاسی دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتەکان زیندوو دەکرێتەوە، ژنان دەکەنە کاڵایەک بۆ بەرژەوەندییەکانیان.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی - سەرەڕای بوونی دامەزراوە و یاسا تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئامارەکانی چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵ نیشان دەدەن کە دیاردەی کوشتن و گیانلەدەستدانی ژنان لە باشووری کوردستان هێشتا بەردەوامە، بەپێی زانیارییە کۆکراوەکان، لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تا کۆتایی نیسانی ئەمساڵ، ١٠ ژن کوژراون و ١٢ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، تەنها لە مانگی نیساندا سێ حاڵەتی کوشتن و دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراون، ئەو ئامارانە لە کاتێکدا بڵاودەبنەوە کە چالاکانی مافی ژنان باس لەوەدەکەن زۆرێک لە حاڵەتەکان بە هۆی فشارە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان ناگەنە ڕاگەیاندن یان بە شێوەیەکی تەواو لێکۆڵینەوەیان لەسەر ناکرێت.
لە ئەنجامی کۆکردنەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان، کە دەست ئاژانسی نوژنها کەوتووە، بەم جۆرەبوو:-
تەنها لە ١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تا کۆتایی کانوونی دووەم ٨ ژن بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.
لە ١ی شوبات، ژنێکی تەمەن ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ڕانیە، بەڵام بەپێی وتەی پزیشکەکان پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدابوو کە شوێنەواری فیشەک بە سەری ژنەکەوە بووە.
٢ی شوبات لە شارۆچکەی دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ٣٥ ساڵی دانیشتووی سلێمانی، بەشێوەی گوماناویی کەوتە ڕووباری سیروانەوە و گیانی لەدەستدا.
٣ی شوبات؛ لە گوندی تاسلوجەی سنووری شارۆچکەی سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی ژنیکی گەنج بەدەستی براکەی بە فیشەک کوژرا.
٢٦ی شوبات، لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە شارۆچکەی خەبات، ژنێک لەسەر پردی کۆن کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، شایەتحاڵەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە پێش ڕووداوەکە، دەمەقاڵێ لە نێوان ژنەکە و سەرنشینێکی ناو ئۆتۆمبێلێکی تەکسی ڕوویداوە.
١ی نیسان، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ بەناوی "ر.ج" لەنزیک ماڵی باوکی لەپڕۆژەیەکی نیشتەجێ بوون لە شارەدێی شۆڕش بەدەستی دوو برای بەفیشەک کوژرا.
لە ٢ی نیساندا ژنێک لە شارۆچکەی سەیدسادق بە چەک کوژرا و ژنێکی دیکەش بریندار بوو، هەر لە هەمان ڕۆژدا، تەرمی ژنێک لە ناوچەی زێی گەورەی سنووری خەبات دۆزرایەوە.
دوای نزیکەی دوو هەفتە، ژنێکی ناوچەی سەنگەسەر بە ناوی هەژان ڕەسوڵ دوای گڕگرتنی سۆپاوەکەی گیانی لەدەستدا؛ ڕووداوێک کە هێشتا پرسیار لەسەر هۆکارە ڕاستەقینەکانی ماوەتەوە.
لە ٢٠ی نیسانیشدا ژنێکی ٣٠ ساڵ لە هەولێر بەشێوەی گوماناوی گیانی لەدەستدا و کۆتایی مانگەکەش تەرمی ژنێکی دیکە لە گوندی سەربیری پردێ دۆزرایەوە.
لە ١٩ی ئایار ٣ تەرمی ژنێک بە شێواندراوی لە چیمەنی کەرکوک دۆزرایەوە ،،، ئەوە لەکاتێداکیە، لە ١٥ی ئادار لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٥ ساڵ بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە کوژرا.
رۆژی ٢٣ی ئادار، منداڵێکی کچی تەمەن ١٣ لە شارۆچکەی سەیدسادق، بەشێوەیی گوماناویی گولـلەیەک بەر سەری کەوت و شەوی ڕابردوو گیانی لەدەستدا.
لە کاتێکدا ئەو ژمارانە وەک ئاماری فەرمی یان تۆمارکراو دەخرێنەڕوو، چاودێران پێیان وایە ژمارەی ڕاستەقینە لەوە زیاتر بێت، هەندێک حاڵەت وەک "خۆکوژی"، "ڕووداوی ناڕوون" یان "گیانلەدەستدانی گوماناوی" تۆمار دەکرێن، بەبێ ئەوەی هۆکارە سەرەکییەکان بۆ گشتی خەڵک ئاشکرا بکرێن، شارەزایانی یاسایی دەڵێن لە زۆر حاڵەتدا کۆکردنەوەی بەڵگە و پاراستنی شایەتحاڵییەکان بە شێوەیەکی پێویست ناکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک کەیس بەبێ ئەنجامی ڕوون کۆتایی پێبێت، هەروەها هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١١ یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی پەسەند کرد، بەڵام چاڵاکان دەڵێن کێشەکە تەنها یاسایی نییە، بەڵکوو هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کەلتوورییەکان هێشتا ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەردەوامبوونی توندوتیژی دژ بە ژناندا دەبینن، کەمی پەناگە، لاوازی پشتگیری دەروونی و یاسایی بۆ قوربانییان و درەنگی لە چارەسەرکردنی هەندێک کەیس، وەک بەربەستێکی سەرەکی ناودەبرێن، ئامارە کۆکراوەکان نیشان دەدەن کە لە ساڵی ڕابردوودا ٥١ ژن لە شار و ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان کوژراون یان بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
" زیندووکردنەوەی بڕیاری عەشیرەت و خێڵەکان لە ناوچەکەدا، بۆتە زیادبوونی کوشتنی ژنان "
تانیا تاهیر، مامۆستا یاسای لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، بە پشتبەستن بە گۆڕانکارییە جیهانییەکان، ژنانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەوڵ و تێکۆشانەکانیانەوە تا ڕادەیەکی باش توانیویانە سەرکەوتووبن لە بەسەدتهێنانی ئاماجەکانیان، بەڵام ئەو ئامارانەی لە ڕێگەی ڕاگەیاندراوەکانەوە دەبیندرێت، ڕاچلەکاندنێکی هزری و دەروونی بە مرۆڤ دەدات، ئاماژە بەوەدەکات کەلێنێکی گەورەی هزری و کۆمەڵایەتیی و سیاسیی لە ناوچەکەدا بوونی هەیە، وتی: ئەو کولتوورە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی لە ناوچەکەدا بوونی هەیە، بۆتە هۆکاری کوشتنی ژنان لە ناوچەکەدا، کوشتنەکان بە هێنانەوەی پاساوی شەرەف و پاراستنی خێزان، پاساوێکە بۆ کوشتنەکانی ژنان، دەمانباتە بە ڕاستییەک کە دامەزراوەو یاساکان، لایەنە سیاسیی و پەیوەندیدارەکان هەڵوێستەی لەسەر بکەن، بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژنان و ڕێگرییەکان لە کوشتنەکانی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا، پێویستە دامەزراوە حکومییەکان کە تەواوی دامودەزگاکانی ناوچەکەیان بەدەستە، بۆیە هەڵوێستی جیدی پێویستە هەبێت، هەروەها کۆمەڵێک کێشەی یاسایمان هەیە، بە تایبەت لە ناو یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، کە ماددەی ٤٠٩، باس لە سوکردنی زینای زەوجی دەکات، زۆر جار مەرجنییە هەر خیانەتێکی زەوجی زینای زەوجی بەدوای خۆیدا هێنابێت، بەڵام لە یاساکەدا زۆرجار دەرفەت دروستدەکەن تا سزاکە لەسەر تاوانباران بەهۆکاری ئەو یاسا و مادەیەوە سوکدەکەن، کە بۆخۆی تاوانبار لە سزا ڕاستەکەی دوردەخاتەوە، کە سزاکەی تەنها سێ ساڵ دەبێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٠٢دا یاسای ژمارە پێنج ئەو یاسیەی وەستاندا کە کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا ئەو یاسایەی عێراق نەیگرێتەوە، هەروەها ئێمە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانیمان لە ناوچەکەدا هەیە، سەرەڕای هەموو سەەنجەکان بەڵام یاسایەکی باشبوو لە سەردەمی خۆیدا، کە تواندرا کۆمەڵێک بڕگەو یاسای باش لە ناوو یاساکەدا جێبکاتەوە، کۆی خێزان لە ناو یاساکەدا تێیدا سودمەندە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕوویی سیاسییەوە پلانداڕشتن بۆ زەقکردنەوەی خێڵ و عەشیرەتەکان دەدرێت، وتیشی: لە ڕێگەی بەرنامەڕێژیی سیاسییەوە گرنگی بە خێڵ و عەشیرەەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، کە خێڵ و عەشیرەتەکان ژنان وەکو کاڵا و دەستکەوتێک بۆ پاراستنی شەرەف و کەرامەتی خۆی بەکار دەهێنێت، ئاماژە بە ژنان و چوارچێوەی شەرەفی خۆیان لە ژنێکدا کۆدەکەنەوە، بەڵام شەرەف و کەرامەتی هەر تاکێک پەیوەستە بە هەر تاکێکەوە، تا بتوانێت مومارەسەی ماف و ئازادییەکانی خۆی بکات، زیندوکردنەوەی خێڵ و عەشیرەت کێشەیەکی گەورەیە لە لایەن سیاسەتی ناوچەکەوە زیندوکراوەتەوە، کە کێشە بۆ دادگاکانیش دروست دەکات، هەروەها دەسەڵاتی حکومڕانی و سیاسیی بە درێژای مێژوو ژانن و پیاوان خەباتیان تێدا ئەنجامداوە، بەڵام بە درێژای مێژوو سیاسییەکان نەیانتوانیوە خۆیان لە کارکردن لە سیاسییەکی پیاوسالاری دەرباز بەکەن، کە تەنها ژنانیان وەک پڕکردنەویەکی خەریزەکانی خۆیان بینییوەم بۆیە کێشەیەکی زۆری بۆ بەشدااریکردنی ژان لە کایەکانی ژیاندا دروستکردووە، ژنانێک بەهۆکاری ئەقڵیەتی خێلەکی و پیاوسالارییەوە ناتوانن وەک پێویست داوای مافەکانیان بکەن.
" بەشێکی زۆر لە میدیاکان لەژێر دەسەڵاتی حزب و لایەنێکدا هەوڵی شێواندنی دابونەریتەکانمان دەدەن"
جەختی لەوەکردەوە، لە ئێستدا میدیاکان لە ناوچەکەدا بە هۆکاری زیاتر بەرەوپێش بردنیان لە دەسەڵاتی یەکەمدان، بە هۆکاری ئەو بارودۆخە سیاسیی و فکرە سیاسییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوڵقاوە، میدیا سیاسییەکان ڕویان لە زیادبوون کردووە، وتی: بەشێکی کەم لەمیدیاکان توانیویانە پارێزگاری لە ئیتیک و یاساکانی رۆژنامەگەری و میدیایی بکەن، یان بەشێکی زۆری ڕاگەیاندن نەیتوانیوە پارێزگاری لە کولتوور و دابونەریتە جوانەکانی کورد لە ناوچەکە و ژنان بگرن، لە ڕێگەی تەڵە میدیاییەکانەوە ژنان لە ڕێگەی سیستمی سەرمایەداریەوە وەک کاڵایەک نیشان دەدەن، ژنان لە ڕێگەی پرسیار و چەواشەکارییەوە دەخەنە هەڵەیەکی گەورەی میدیاییەوە، پێویستە چەندین فلتەری میدیایمان هەبێت تا بتواندرێت میدیاکاران و میدیاکان بە باسی ئامادەی ناو کاری میدیایی بکرێن، پێویستە میدیاکان لەگەڵ کۆمەڵگەدا هۆسیاری بڵاوباکتەوە نەک هەڵە و شێواندنی کۆمەڵگە دروستبکات.
تانیا تاهیر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چالاکوانانی ژنان هەڵوێستەی گرنگ لەسەر ئەو بابەتە بکەن، ئەو کەسانەی سوڵتەی حکومڕانین لە ناوچەکەدا، پێویستە هەڵوەستەی جدی لەسەر ئەو بابەتە بکەن، ئەگەر بیانەوێت کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران وو ئازاد دەستەبەر بکەن، ناتوانن مافەکانی ژنانی تێیدا پەراوێز بەکەن، بە تایبەت لە کاتێکدا ژنان لەژێر پاساوی شەرەفدا بکوژرێت، تا لە ڕێگەی خێڵ و عەشیرەتەکاندا کوشتنەکان ئاسایی بکرێتەوە، تا ئازادی ژنان بەدەستنەیەت.