جیابوونەوەی یەک لایەنە بارێکی دیکە بەسەر شانی ژنانەوە
بە پێی ماددەی ٣٩ی یاساکانی هەرێمی کوردستان جیابوونەوەی یەکلایەنە بەبێ ئامادەبوونی ژنان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، چالاکوانێکیش دەڵێت: ژنان لە دوای جیابوونەوە ڕووبەڕووی کێشەی کۆمەڵگە و خێزانەکانیان دەبنەوە.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- سەرەڕای زۆری هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستاندا، بەهەمان شێوە جیابوونەوەی یەکلایەنەش لە دادگاکاندا تادێت ڕوو لە زیادبوون دەکات، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیری لەلایەن یەکێک لە هاوژینەکان بووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو و بە ڕێژەیەکی بەرز لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێت، بەبێ ڕەزامەندی ژنان، لەسەر واژۆی دوو شایەتحاڵ لە نوسینگەی پارێزەران یاخود لای کەسێکی ئاینی کۆتایی بە گرێبەستەکە دەهێنن، پاشان سەردانی دادگا دەکەن بۆ کۆتایی پێهێنانی هاوسەرگیریەکە، بەبێ گوێدانە بارودۆخی دەروونی هاوژین و خێزانەکانیان.
پەیام خەلیل، پارێزەر، باس لە جیابوونەوەی یەکلایەنە بەپێی ماددەی ٣٩ لە دادگای هەرێمی کوردستان دەکات، کە هاوژینان، بەڕێژەیەکی بەرچاو پیاوان بە دروستکردنی دۆسیەیەک بە واژۆی دوو شایەتحاڵ لە دەرەوەی دادگادا، یاخود لەڕێگەی مەلایەکی ئاینیی بەبێ ئاگاداری هاوژینەکانیان پڕۆسەی جیابوونەوە ئەنجام دەدەن، وتیشی: ژنان زۆر بە کەمی داوای جیابوونەوەی یەکلایەنە دەکەن، بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە لە کۆمەڵگەدا لەبارەی جیابوونەوەی ژنان لە هاوژینەکانیان کە دوورە لە بڕیارەکانی دادگاوە، جیابوونەوەی یەکلایەنە لەلایەن پیاوانەوە زۆر زیاترە، پیاوان لە دەرەوەی دادگاکان لە ڕێگەی دوو شایەت و پیاوانی ئاینیەوە جیابوونەوەیەکیان دەکەوێت، هەروەها بۆ جیابوونەوەیکانی دیکە ڕوو لە دادگاکان دەکەن.
"ژنان دەتوانن لە دادگادا داوای قەرەبووی جیابوونەوە بکەن"
پەیام خەلیل، ئاماژەی بە بەشێک لە کەیسەکان کرد، کە پیاوان بە بیانووی سەردانیکردن هاوژینەکەی دەباتە ماڵی باوکی هاوژینەکەی، پاشان بەبێ ئاگاداری ژنەکەی دەستدەکات بە ڕێکارەکانی جیابوونەوە، دەڵێت: ژنان لەکاتی جیابوونەوەیان لە دادگاکاندا لە ڕێگەی دادوەرەکانەوە دەتوانن داوای قەرەبووی جیابوونەوە بکەن، بە بڕی ٢٥ ملیۆن دیناری عێراقی، چونکە هاوژینەکانیان بەبێ ئاگاداری ئەوان جیابوونەوەی ئەنجامداوە، دادگا بەپێی داهاتی پیاوەکە هەڵدەستێت بە قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوو، هەموو نەفەقەیەکی دەکەوێت، بەپێی گرێبەستی هاوسەرگیریی هاوژینەکان مارەیی پاشەکی و پێشەکی لەلایەن دادگاوە دەدرێت، هەروەها دەتوانن لە دادگادا داوای قەرەبووی جیابوونەوە بکەن.
بە هۆکاری جیابوونەوەی هاوژینانەوە ژنان ڕووبەڕوویی لایەنی دەروونی سەخت دەبنەوە
پەیام خەلیل باسی لەوەکرد، ژنان لە کۆمەڵگەدا لە دوای جیابوونەوە بەبێ هاوژین ناودەبرێن، دەبێتە هۆکاری تێکچونی باری دەروونی ژنان و هەندێک کات پیاوانیش ڕووبەڕووی تێکچونی باری دەروونی دەبنەوە، بەداخەوە بە هۆکاری نەبوونی لایەنی تەندروستی دەروونی لە دادگاکاندا گرفتێکی دیکەیە بۆ هاوژینان، لە دادگاکاندا زۆری کەیسی جیابوونەوە وایکردوە دادگا نەتوانێت بیر لە لایەنی تەندروستی دەروونی هاوژینان و بەتایبەت ژنان بکاتەوە.
لەوبارەیەوە دەڵێت: هەبوونی توێژەری کۆمەڵایەتی لە دادگاکاندا تەنها بۆ دیاریکردنی ڕێژەی خەتای جیابوونەوەیە، نەک چارەسەرکردنی لایەنی دەروونی هاوژینان، هاوژینان دەیانەوێت بە ڕەزامەندی هەردوولا گرێبەستی هاوسەرگیری هەڵبوەشێننەوە، دادوەر بۆ یەکلایکردنەوەی خەتای جیابوونەوەیان دەیانێرێتە لای توێژەی کۆمەڵایەتی تا بۆ دادوەر ڕوون ببێتەوە ڕێژەی خەتای جیابوونەوەی بەینی هاوژینان بەرکامیان دەکەوێت.
"بە هەڵە لەکۆمەڵگەدا بڵاوە ئەگەر ژنان داوای جیابوونەوە بکەن مافی یاساییان نەکەوێت"
پەیام خەلیل، پارێزەر، دەڵێت: دادگاکان بێ گوێدانە ڕەگەز بەشێوازێکی مرۆڤانە لە کەیسەکانیان دەڕوانن، بەپێی ئەو دۆسیەیەی لەبەردەستی دادوەرە بڕیار لەسەر جیابوونەوە و سەپاندنی خەتا بۆ هاوژینان دەردەکات، لە سەرەتای ئەنجامدانی کاری گرێبەستی هاوسەرگیری، دەتوانن ژنانیش بە هەمان شێوەی پیاوان جیابوونەوەیان بەدەستبێت، هەروەها بەشێوازێکی هەڵە لە کۆمەڵگەدا بڵاوبووەتەوە، ئەگەر ژنان داوای جیابوونەوە بکەن مافی یاسای خۆی لە دادگادا پێنادرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ژنان کاتێک دەچنە دادگاکان بەپێی ئەو داوایەی لای دادوەر پێشکەشی دەکات، لەو قۆناغانەی توێژەری کۆمەڵایەتی دادگا قسە لەگەڵ هەردوو هاوژین دەکات، بە پێی هەڵسەنگاندنەکە دادگا بڕیار دەدات، بەڵام دەبێت هۆکارێکی باوەڕپێکراو هەبێت بۆ جیابوونەوە، ئایا ژنەکە بەچی هۆکارێک ناتوانێ بەردەوامی بدات بە ژیانکردن لەگەڵ هاوژینەکەی، هەروەها ژن نەفەقەی دەکەوێت لەو ڕۆژەوەی کە بڕیاری جیابوونەوە دەدەن.
" توندوتیژی خێزانی هەیە بۆیە ژنان زیاتر ڕووبەڕوی دەبنەوە"
تانیا کەمال دەروێش، چالاکوانی بواری ژنان، ئاماژەی بەوەکرد، چۆن بەپێی نەریتی کۆمەڵگە و یاسا پڕۆسەی هاوسەرگیری دیاری دەکرێت، بەهەمان شێوە بەپێی یاسا و دەستوری کۆمەڵگە پڕۆسەی جیابوونەوەش دیاری کراوە، بەداخەوە ڕێژەی جیابوونەوەی هاوژینان بەپێی کێشەکانی کۆمەڵگە ساڵ بە ساڵ بەرەو زیادبوون دەڕوات، شێوازەکانی جیابوونەوەش جیاوازتر دەبێت، هەروەها جۆری کێشەکان لەنێان هاوژینەکاندا جیاوازە، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی کێشەکانی ناو خێزان دەبنەوە، پیاوان زیاتر دەرەوەی خێزانەکانیان دەبێتە هۆکاری کێشەکانیان، دەشڵێت: ژنان بەهۆی قوڵبوونەوەی زیاتریان لەناو خێزانەکانیان و بەرپەسی یەکەمی خێزانن زیاتر وردەکاری کێشەکان ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، لەبەر ئەوەی توندوتیژی خێزانی هەیە، ژنان زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزامی دەبنەوە.
"دابونەریت وایکردووە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان لە ژێر بڕیاردانی پیاواندا بێت"
تانیا کەمال، چالاکوانی بواری ژنان باس لەوە دەکات گەورەترین پرۆسە لەناو دەستوور و یاسادا پڕۆسەی هاوسەرگیریە، لەناو پڕۆسەکەدا بە هەمانشێوە بەشێک بۆ جیابوونەوەی هاوژینەکان دیاری کراوە، هەروەها بەپێی یاسا و دەستوور و شەریعەت، یاساکان ڕێکخراوە، بەڵام لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا نەریت و تێڕوانینی کەسەکان زاڵە بەسەر ئەو یاسایانەی کە پەیڕەو دەکرێت لە دادگاکاندا، دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی دادگا ڕێگەی بە هاوژینەکان داوە جیاببنەوە، بەڵام دابونەریتی کۆمەڵگەکەمان وایکردووە زۆر بە قوڵی لەو بابەتە بڕاونین پاشان بڕیارەکە بدرێت.
سەرەڕای ئەوەی هەردوو ڕەگەز سەرپشکن بە بڕیاردانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان بە ڕەزامەندیدان، بەڵام دابونەریت وایکردووە هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان لە ژێر بڕیاردانی پیاواندا بێت، ئەم بڕیارە یەکلایەنە دەگەڕێتەوە بۆ دیاردەی پیاوسالاری و زاڵبوونی دەسەڵاتی پیاوان لە کۆمەڵگەدا، تانیا کەمال وتی: سەرەڕای ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەسەر ویستی هەردوو هاوژینەکە، بەڵام هەندێکجار پیاوان بەشێوەیەکی ناتەندروست بەبێ ئاگاداری هاوژینەکانیان جیابوونەوەی یەکلایەنە ئەنجام دەدەن، هۆکارەکەی هەبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و خۆسەپاندنی تاکە، لە هەندێک بارودۆخدا پیاوان دەرباز دەبن لە کێشەکان، بەڵام کێشەی منداڵ و خێزان و ڕووبەڕوونەوەی ئەقڵیەتی کۆمەڵگە دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم ژناندا، ژنان لە کۆمەڵگەدا لۆمەدەکرێن بە هۆکاری ئەوەی نەیتوانیوە ڕووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە تەنانەت ئەگەر ژنان هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکەش نەبن.
"جیابوونەوەی یەکلایەنە ئەو پیاوانە دەیکەن کە بەبێ ئاگاداری خێزانێکی دیکەیان پێکهێناوە"
تانیا کەمال، ئاماژەی بەوەدا، جیابوونەوەی یەکلایەنە بە ڕێژەیەکی زۆر لەلایەن پیاوانەوە تۆمار دەکرێت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هاوسەرگیریان دەدات بەبێ ویستی هاوژینەکەی، ئەم جیابوونەوەیە لەلایەن ئەو پیاوانەوە ڕوودەدات بەبێ ئاگاداری هاوژینەکانیان خێزانێکی دیکەیان پێکهێناوە، ناردنی ئاگادارکردنەوەیەکی دادگا بە مەبەستی جیابوونەوە لە هاوژینەکانیان ژنان ڕووبەڕووی حاڵەتی دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ناتەندروست دەبنەوە، بەشێوازێکی کتوپڕ لە ژیانێکەوە دەچنە ژیانێکی دیکە، هەروەها کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر خۆی و منداڵەکانی دەردەکەوێت.
لەکۆتاییدا وتی: ڕێگاچارە بۆ ئەم حاڵەتانە تەنها هۆشیارکرنەوەی کۆمەڵگە و خێزانەکانە لە سەرەتایی دروستبوونی پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە، سەرەڕای نەبوونی یاسایەک لە دادگادا وەک چۆن لەسەر ڕەزامەندی هەردوولا هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن، هەڵوەشاندنەوەی خێزانیش بەهەمان شێواز بەڕەزامەندی هەردوو هاوژینەکە بێت، بەڵام لە کاتی پێکهێنانی خێزانێک پێویستە بەرچاو ڕوونیان پێبدرێت بە هاوژینان لەبارەی کۆتایی پێهێنانی پڕۆسەکە و هەردووکیان وەک یەک سود و زیانەکانی وەربگرن.