پارێزەرێکی سویدی: نابێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا بێدەنگ بێت

لینا شارلۆتا لاگناندەر، پارێزەری سویدی کە بەشداری دادگای گەلی ڕۆژئاوای کرد، کە دەوڵەتی تورکیا بە تاوانەکانی بەرامبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادگایی دەکرێت، ڕایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستی بە فشارە بۆ سەر تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.

هێلین خۆبوون

 

 برۆکسل- دادگای گەلی ڕۆژئاوا کە دەوڵەتی تورکیا بە تاوانەکانی بەرامبەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دادگایی دەکرێت، لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو  دادگاییەکە لە زانکۆی L'Université Libre de Bruxelles ئازادی برۆکسل - ULB) بەڕێوەچوو، دادگاییکردنەکە لەلایەن لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کۆمەڵێک پارێزەر کە چاودێری تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن، ناوەندی پاراستن و لێکۆڵینەوە لە مافەکانی ژنان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ ڕێکخرابوو، هەروەها ULB، MAF-DAD (کۆمەڵەی نێودەوڵەتی یاسا و دیموکراسی)، ELDH (کۆمەڵەی پارێزەرانی دیموکراسی ئەوروپی)، IADL (کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پارێزەرانی دیموکرات)، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) و ئینستیتیوتی کورد لە برۆکسل پاڵپشتی چالاکییەکەیان کرد.

 

 دەوڵەتی تورک نوێنەری خۆی نەنارد

 دادگا تاوانەکانی کوشتنی خەڵکی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەدار و هێرشکردنە سەر ژێرخان و ئەشکەنجەدان و کردەوەی نامرۆڤانە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی لەبەرچاو گرتبوو، پارێزەران، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، قوربانیانی هێرشەکان و شایەتحاڵانی ڕووداوەکان لە وڵاتانی جیاوازەوە بەشداری دانیشتنی دادگاکەیان کرد، هەروەها داوا لە دەوڵەتی تورکیا کرا لە دادگا بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام نوێنەرانی دەوڵەتی تورکیا ئامادەی ئەو دادگایە نەبوون، بۆیە دادگاییکردنی دەوڵەتی تورک بە غیابی بەڕێوەچوو.

 

 بیانییەکانیش بەشداریان کرد

 دادگاییکردنەکە لەلایەن زانایانی یاسایی و بازنەکانی بیانیشەوە ڕەخنەی لێگیرا، یەکێک لە بەشداربووانی دادگاییکردنەکە، لینا شارلۆتا لاگناندەر، پارێزەرەی سویدی بوو، ئەو کە ڕایگەیاند لەو کاتەی بە دۆزی کوردی زانیوە پێوەی سەرقاڵ بووە، بۆ ئاژانسەکەمان لەم بارەیەوە قسەی کردو ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندی بە دوو شاندی نێودەوڵەتییەوە کردووە، چووەتە ئامەد و ئەستەنبوڵ و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە چاودێریی دۆخی ئەوێمان کرد، لێکۆڵینەوەمان لە شێوازەکانی دابڕان کرد، هەروەها دۆخی ژنان و دۆخی پارێزەران، بەتایبەت بەدواداچوونمان بۆ دۆخی کورد لە تورکیا کرد.

 

 دادگاکە تیشکی خستە سەر بارودۆخی ژنان و منداڵانی ڕۆژئاوا

 لینا شارلۆتا ڕایگەیاند کە دەرفەتی بۆ ڕەخساوە، بۆیە سەبارەت بە ڕۆژئاوا و تورکیا هاتە دادگای گەلی ڕۆژئاوا و وتی: لەماوەی ۲دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی دۆخی ئێستا بووین، کە پێموایە زۆر گرنگ بوو، هەروەها داواکاری گشتی هەبووە و ئەمڕۆ دەرەنجامیان لێ دەرهێناوە، بەڕای من ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ئەوە پیشانی جیهان دەدات کە لە ڕۆژئاوا و تورکیا چی ڕوودەدات، دادگاکە تیشکی خستە سەر بارودۆخی ژنان و منداڵانی ڕۆژئاوا، ئەمە زۆر سەرنجڕاکێش بوو، ڕەنگە سەرنجڕاکێش وشەیەکی گونجاو نەبێت بۆ ئەمە، بەڵام زۆر گرنگە گوێ لە شایەتحاڵەکان بگرین.

 

 پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی فشار بخاتە سەر تورکیا

 لینا شارلۆتا ڕایگەیاند کە بەرپرسیارێتی ئەوان وەک کەسانێک کە هاتوونەتە ئەو دادگایە ئەوەیە کە هەموو شتێک بۆ جیهان ڕابگەیەنن و وتیشی: دەبێت ئەوە بە جیهان ڕابگەیەنین، لە هەمانکاتدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە دەست بکات بە فشارخستنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی بوەستێنێت، هەرچەندە زۆربەی ئەو بابەتانەی لە دادگادا لەبەرچاو گیراون تاوانی جەنگ بوون، وەک ئاوارەبوونی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا.