"مافی بەخاکسپاردن و ماتەمینی خێزانەکان بە بڕیارێکی سیاسی پێشێل کرا"

پارێزەر ئایشە شەهریبان دەمیرەل باسی لە ڕەتکردنەوەی تەرمی ڕۆژنامەنووسان جیهان و بیلگین نازم داشتان کرد و وتی: مافی بەخاک سپاردن و ماتەمینی بنەماڵەکان پێشێل کراوە، ئەم بڕیارە سیاسییە و لە دەرەوەی یاسایە.

 

 مەدینە مامەدئۆغڵو

 

 شرناخ- ڕێگە نەدرا تەرمی ڕۆژنامەنووسان جیهان بیلگین و نازم داشتان کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تیرۆر کران، بگەیەندرێنەوە بۆ تورکیا،  ئەو شاندەی کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە دەروازەی سنووری خابوور لە شاری سلۆپیی سەر بە شرناخ مانەوە بۆ وەرگرتنی تەرمەکان، یەکێکیان پارێزەر ئایشە شەهریبان دەمیرەل بوو، بەڕێوەبەری ناوەندی گشتیی OHD، هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئەو بابەتە پێشکەش بە دەزگاکەمان کرد.

 

 ئایشە شەهریبان دەمیرەل ئاماژەی بەوەکرد، تەنانەت کاتێک گەیشتوونەتە سنوورەکە، وەزارەتەکان مۆڵەتی پێویستیان دەرکردبوو، بەڵام لە دەروازەکەدا ڕووبەڕووی دۆخێکی دژبەیەک بوونەتەوە، وتی: رۆژی ٦ی کانوونی دووەم،لەگەڵ شاندێک کە لە ٨ کەس پێکهاتبوو، چووینە دەروازەی سنووری خابوور،  لەم پرۆسەیەدا هەم دامەزراوە فەرمییەکان و هەم وەزارەتەکان دەیانزانی کە ئێمە لە سنوورەکە تێدەپەڕین بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان، زانیمان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانیش مۆڵەتیان بۆ ئەمە داوە، دوای ئەوەی مۆڵەتمان پێدرا، لەگەڵ خێزانەکانیان چووینە دەروازەی سنوور، هەر لەو ساتەوەی کە چووینە دەروازەی سنوور، ڕووبەڕووی بەربەستی جۆراوجۆر بووینەوە، هەرچەندە مۆڵەتمان پێدرابوو،  بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە گومرگی دەروازەکە ڕاگیراین، بەردەوام بیانووی ئەوەی 'سیستمکە شکاوە و کێشە هەیە'، ڕێگرییان لێدەکردین.

 

 "مافە یاساییەکان پێشێل کران"

 ئایشە شەهریبان دەمیرەل ئاماژەی بەوەدا کە بەم ئاستەنگانە دەوڵەتی تورکیا یاساکانی خۆی پێشێل کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بەپێچەوانەی ئەو بیانووانەی کە خراونەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکاندا کە پەرلەمانتاران لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و دەرەوە هەیانبوو، دەرکەوت کە ئەو ئاستەنگانە سەپێندراون بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی پرسەکە، دوای چەند ڕۆژێک بۆمان دەرکەوت کە وەزارەت هەرگیز ڕێگەمان پێنادات تەرمەکان وەربگرینەوە، ئەمەش پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی و تورکیا بوو،  دەتوانین بڵێین بە پێچەوانەی دەستووری خۆیانەوە مامەڵەیان کردووە، دەبوو بنەماڵەی نازم داشتان و جیهان بیلگین مافی ئەوەیان هەبوایە بە خاکیان بسپێرن و ماتەمینیان بۆ بگێڕن، بەڵام ئەمە بە بەربەست و بڕیاری سیاسی پێشێل کرا، ئەمە بڕیارێکی تەواو سیاسی و ئارەزوومەندانە بوو.

 

"سکاڵای تاوانکاری تۆمار دەکەین"

 ئایشە شەهریبان دەمیرەل ڕایگەیاند، سکاڵای تاوانکاری سەبارەت بە چەند ڕۆژێک لە ئەشکەنجەدان و دەستبەسەرکردنی لە دەروازە سنوورییەکە تۆمار دەکات و لە کۆتاییدا وتی: لە لایەکەوە یاساکان پێشێلکراون، لە لایەکی دیکەشەوە هەم پرسەکە و هەم خێزانەکان پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە و ئەشکەنجە دراون، داواکارییەکە بە تەواوی ڕەوا بوو، هەرچەندە بە خێزانەکان وترابوو کە 'مۆڵەت دراوە'، بەڵام هێشتا مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا کرا، بانگەواز لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ئەو ئەشکەنجە و مامەڵە خراپەی کە بەهۆی پێنەدانی تەرمی نازم داشتان و جیهان بیلگین و هەروەها بۆ پێشێلکردنی یاسا ڕووبەڕوومان بووەتەوە بەدەنگ بێن، ئێمە سکاڵای تاوانکاری لەسەر ئەو بابەتە تۆمار دەکەین.

 

 ڕۆژنامەنووسان نازم داشتان و جیهان بیلگین کە تەرمەکانیان بە خاک نەسپێردرا، دوێنێ لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری قامیشلۆی سەر بە کانتۆنی جزیرە بەخاک سپێردران.