لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ژنان دەکرێنە ئامانج
لە ڕێگەی چەند پەڕەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاری ژنان دەکرێنە ئامانج، داواکاری گشتیش، کە ئەرکی جوڵاندنی ئەو کەیسانەیە لە دژی بەرژەوەندی گشتین، چاوەڕێیە سکاڵا تۆمار بکرێت و بێدەنگی هەڵبژاردووە.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ- چەند پەڕەیەک لە تۆڕە کۆمەڵاییەتیەکان بە تایبەت لە فەیسبوک و ئینستاگرام کراونەتەوە کە بە ناوی هاوسەرگیرییەوە وێنە و زانیاری لەسەر ژنان بڵاودەکەنەوە، گوایە بەدوای هاوژیندا دەگەڕێن، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو ژنانە بێ ئاگان لە بڵاوبونەوەی وێنەکانیان و لە لایەن کەسانی ترەوە دەکرێنە ئامانج، ئەم بابەتە کە دەبێت ڕاستەوخۆ داواکاری گشتی لێی بێتەدەنگ و لێکۆڵینەوە لەو پەڕانە بکرێت بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەم کارە، بەڵام داواکاری گشتی چاوەڕێی سکاڵایە و خۆی بێدەنگ کردووە لە دەستکردن بە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە.
ئاژانسی نوژنها پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و داواکاری گشتی هەرێمەوە کرد بۆ جوڵاندنی بابەتەکە بە مەبەستی چارەسەرکردن، بەڵام دەرکەوت خەمساردی هەیە و ئەو پەڕانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەردەوامن لەو کارەیان.
"دەبێت داواکاری گشتی ئەو بابەتە بجوڵێنێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکەین"
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "ئەوەی ئەو پەڕانە دەیکەن لەگەڵ ئاداب و نەریتی ئێمەدا ناگینجێت و ئەرکی داواکاری گشتییە ئەو باباتە بجوڵێنێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکات داواکاری گشتی هاتە دەنگ و داوایان لێبکات بەدوادواچوون و لێکۆڵینەوە بکەن ئەوا ئەوانیش دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم پەڕانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خەریکی ئەم کارەن.
"دەبێت ژنەکە یان ڕێکخراوێک لای فەرمانگەی داوااکری گشتی سکاڵا بکەن"
پشتیوان سمکۆ، وتەبێژی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەوەی چۆن کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن وتی: "پێشتر پەڕەی لەو جۆرە هەبووە و بەدوادواچوونمان کرد و توانیومانە ئەو کەسە بدۆزینەوە کە کوڕێک بوو بە ناوی "گۆڤەند" و ڕووبەڕووی یاسا کرایەوە".
ئەوەشی خستەڕوو ئەوان ناتوانن بابەتەکە بجوڵێنن، بەڵکو دەبێت ئەو ژنەی وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە لەو پەڕانەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بچێتە فەرمانگەی داواکاری گشتی و سکاڵا بکات، یاخود ڕێکخراوێکی ژنان بێنە دەنگ و سکاڵا تۆماربکەن.
قسەکانی وتەبێژی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە داواکاری گشتی دەتوانێت کە هەر کارێکی لەو شێوەیە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرژەوەندی گشتی هەبێت لێی بێتە دەنگ و ڕێکار بگیرێتەبەر، هەروەها بەپێی یاسا هیچ ڕێکخراویك ناتوانێت و دەسەڵاتی پێنەدراوە لە بابەتێکی لەو شێوەیەدا سکاڵا بکات.
"ئەوە ئەرکی داواکاری گشتییە و ڕێکخراوەکان دەسەڵاتیان پێنەدراوە"
شۆخان ئەحمەد، سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری یاسای ژنان-WOLA وتی: "ئەوە ئەرکی داواکاری گشتییە بێتە دەنگ و بەدواداچوون لەو بارەیەوە بکات، ئێمە وەک ڕێکخراوەکان دەسەڵاتی ئەوەمان پێنەدراوە و تەنها بۆمان هەیە ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بەرامبەر ڕێکخراوەکە یاخود ژنێکی ڕێخراوەکە کرا ئەوکات سکاڵا تۆمار بکەین، بەڵام بۆمان نییە بە ناوی هەموو ژنانەوە قسە بکەین و بێینە دەنگ، تا ئەو کاتەی ژنێک خۆی لە ڕێگەی ئێمەوە دەیەوێت بێتە دەنگ".
"ئێمە سکاڵامان کردووە و وێنەی پەیجەکانیشمان داوە بە ئاسایش"
بەهار مونزیر، سەرۆکی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان-PDO دەڵێت: "ئێمە پێشتر سکاڵامان کردووە، بەڵام ئەم بابەتانە زۆر ناچێتە پێشەوە و چارەسەر ناکرێت، بە ناوی ئێمەوە شت بڵاوکراوەتەوە یاخود پەڕە کراوەتەوە و وێنەی ژنە چالاکوانەکانی تێدا بڵاوکراوەتەوە".
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان وەک ڕێکخراو سکاڵایان بردوەتە لای ئاسایش و وێنەی ئەو پەڕانەشیان داوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە، وتیشی: "بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە و ئەو بابەتانە وەک خۆی ماوەتەوە".
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەو پەڕانە خاوەنەکانیان دیار نییە و لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین حاڵەتی کێشەی کۆمەڵایەتی و جیابوونەوەی هاوژینان تۆمار کراوە بەهۆی تاوانەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ت.پ