لە نێوان ئازادی کەسی و پێوەرەکانی پیشەیی... دۆسیەی لوەخەلەف کاردانەوەی لەسەر سنووری دەسەڵاتی سەندیکاکان هەڵدەگیرسێنێتەوە
ڕاگرتنی پارێزەری گەنج لوە خەلەف لە کارەکەی بە بڕیارێکی دیسپلینی سەندیکای پارێزەران، کاردانەوە و دیبەیتێکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی یاسایی، مافی مرۆڤ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە
ئەسما فەتحی
میسر-لەگەڵ دەستپێکردنی کاردانەوەکان بەرامبەر بەم دۆسیەیە، پرسیارگەلێک سەبارەت بە هاوسەنگی نێوان پاراستنی نەریتەکانی پیشەکە و ڕێساکانی ڕێکخستنی کارکردن تیایدا، لەلایەکەوە، ڕێزگرتن لە ماف و ئازادییە کەسییەکانی پارێزەران (ژنان و پیاوان) لەلایەکی ترەوە سەریان هەڵدا، بەتایبەت لە دوای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی زانیاری و وێنەی کەسیی پارێزەرەکە، ئەو هەڵوێستە جیاوازانەی کە بەدوای خۆیاندا هێنا؛ هەندێکیان پشتگیری بڕیارەکەی سەندیکایان کرد بەوەی کە ڕکارێکی ڕێکخستنە، هەندێکی تریش دژایەتییان کرد و بە پێشێلکاریی ئازادییە کەسییەکانیان دانا.
ڕاپۆرتەکە لایەنەکانی ئەم دۆسیەیە دەخاتە ڕوو لە ڕێگەی شیکارییەکی یاساییەوە کە لەلایەن هێبە عادل، پارێزەری ڕاژەی (النقض) و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمینداری دامەزراوەی "پارێزەرە ژنانی میسر بۆ مافەکانی ژنان" پێشکەش کراوە، هەروەها باسی لە باگراوندەکانی بڕیارەکە، سنوری دەسەڵاتەکانی سەندیکا، جیاکردنەوەی ژیانی تایبەت لە پابەندبوونە پیشەیییەکان کردووە، هاوکات تیشکی خستووەتە سەر ڕوانگەکەی بۆ ڕێگاکانی پەرەپێدانی سیستەمی ڕاهێنان و پێگەیەندنی پارێزەرە نوێیەکان، بە شێوازێک کە بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی دووبارەبوونەوەی هاوشێوەی ئەم رووداوانە.
باگراوند و پاڵنەرەکانی قەیرانەکە
هێبە عادل، پارێزەر، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو کاردانەوەی ئەم دۆسیەیە، ڕێژەیەکی زۆر تێکەڵاوی تێدا بووە، وەک ژمارەیەک لە لێدوان و ڕاگەیاندراوە بڵاوکراوەکان پشتیان بە بەدواداچوونی وردی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە یان بە بڕیاری دەرچووی سەندیکا نەبەستووە، بەڵکو بڕیارەکە لەلایەن سەندیکای گشتیی پارێزەرانەوە دەرچووە، نەک لەلایەن سەندیکای لقییەوە وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوەش دوای لێکۆڵینەوەیەک دێت کە لەگەڵ "لوە خەلەف" ئەنجامدرا سەبارەت بەو سکاڵایانەی پەیوەندییان بە ئاستی کارکردنی پیشەیییەوە هەبووە، کە چاوپۆشیکردن لە حیجاب هەرگیز جێگەی لێکۆڵینەوە نەبووە و هۆکاریش نەبووە بۆ بڕیارەکە، بەپێی ئەوەی لە ڕاگەیاندراوی سەندیکادا هاتووە و ئەوەش کە سەبارەت بە ڕووداوەکانی لێکۆڵینەوەیە ڕاگەیاندراوە.
جلوبەرگی پیشەیی... نەریتی پیشەیی یان سنووردارکردنی ئازادی؟
هێبە عادل جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پابەندبوون بە جلوبەرگی پیشەیییەوە ڕکارێکی نوێ نییە لەناو سەندیکای پارێزەراندا، بەڵکو نوێنەرایەتی یەکێک لەو نەریتە ڕیشکێشانە دەکات کە بۆ ماوەیەکی درێژ کاری پێکراوە، پارێزەر لە کاتی بوونی لەناو دادگاکان و سەندیکاکاندا پابەندە بە دەرکەوتن بە جلوبەرگی فەرمییەوە کە گونجاو بێت لەگەڵ سروشتی پیشەکە، وەک چۆن لە ژمارەیەک لە پیشە دادوەرییەکانی تریشدا واباوە، وتی: ئەم پابەندبوونە پەیوەندی بە باوەڕ و هەڵبژاردنە کەسییەکانەوە نییە، بەڵکو ئامانج لێی پاراستنی سیمای پیشەیی پارێزەرەکەیە، ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ لایەنە دادوەرییەکان و داواکاران بۆ جیاکردنەوەی لەناو دادگاکاندا، ئەوەش بە جۆرێک کە بەشداری بکات لە کارا کردنی ئەو مسۆگەرییە یاساییانەی کە بۆی دیاریکراون لە کاتی بەجێگەیاندنی کارەکەیدا، بەتایبەت لە سایەی ئەو رووداوانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەخۆیەوە بینیوە لە دەستدرێژیکردنە سەر پارێزەران بە بیانووی جیانەکردنەوەیان لە کەسانی سەردانیکار بۆ دادگاکان، جگە لەوەش سەندیکای پارێزەران لەڕێگەی پەیمانگای یاسا و پرۆگرامەکانی ڕاهێنانەوە، حەز دەکات پارێزەرانی نوێ ئاشنا بکات بەو نۆرمانەی کە پیشەکە ڕێکدەخەن، ئەمەش وەک بەشێک لە بڕوانامەی پیشەیی کە پێش دەستپێکردنی کارکردن بە تەواوی، هەروەها پابەندبوون بەو ڕێسایانەوە پارێزەرانی ژن و پیاو بەبێ جیاوازی دەگونجێت.
ئایا کاردانەوەکە سنووری دۆسیەکەی تێپەڕاند؟
هێبە عادل جەختی لەوە کردەوە، ئەو شتەی کە دۆسیەکە لە بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت و زانیاری کەسیدا بەخۆیەوە بینی، یەکێک بوو لە لایەنە هەرە ئاڵۆزەکانی قەیرانەکە، گفتوگۆکردن لەسەر هەر بڕیارێکی سەندیکایی ماف نادات بەوەی مرۆڤ دەستدرێژی بکاتە سەر ژیانی تایبەت یان دووبارە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی کەسی، گەر خاوەنەکەی بڕیاری نەدابێت بیخاتە بەردەست بڵاوکردنەوەی گشتییەوە، وتی: گفتوگۆکە دەکرا لە سنووری بڕیارەکە و ئەو ڕێکارانەی کە گرتوویەتیەبەر سنوردار بمابایەوە، بەڵام بڵاوکردنەوەی وێنەکان و ئەو بانگەشە نەسەلمێنراوانەی دۆسیەکەی گواستەوە بۆ مەودایەک لە جەمسەرگیری، کە تێیدا کاردانەوەکان و سەرنجەکان زاڵتر بوون بەسەر پشتیوانیکردن بە راستییە یاساییەکاندا.
پشتیوانی دادپەروەرانە
لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی کاردانەوەکاندا، دامەزراوە دادپەروەرەکان و ژمارەیەک لە دەستپێشخەرییەکان پشتیوانی خۆیان بۆ "لوە خەلەف" ڕاگەیاند، بەوەی کە ڕووداوەکە نیگەرانییەک دەوروژێنێت کە پەیوەندییان بە ماف و ئازادییە کەسییەکانەوە هەەیە، پێیان وایە کە پشتیوانیکردن لە ژنان خۆی لە خۆیدا بەهایەکی گرنگ دەمێنێتەوە، بەرگریکردن لە ژنان و پاڵپشتیکردنیان نوێنەرایەتی بەشێک لەو پەیامە دەکات کە بۆ چەند ساڵێک لە ڕێگەی دامەزراوەی "پارێزەرە ژنانی میسر بۆ مافەکانی ژنان" کاری بۆ کراوە، وتی: ئەگەر پشتیوانییەکە لەسەر ڕاستی ناڕاست بونیادنرابێت، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە (بەبێ ئەوەی خاوەنەکەی مەبەستی بێت) ئاڵۆزکردنی قەیرانەکە لە جیاتی بەشداربوون لە چارەسەرکردنیدا، ڕێزگرتن لە مافەکانی تاکەکان هەمیشە دەبێت لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافی گشتی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری ڕاست و دروستدا هاوتەریب بێت.
خوێندنەوەیەکی یاسایی بۆ سروشتی بڕیارەکە
بڕیاری ڕاگرتنی پارێزەرەکە لە کارکردن پرسیارگەلێکی سەبارەت بە گونجاوی سزاكە لەگەڵ سروشتی رووداوەکە وروژاند، ئایا ڕێگای تری سزایی کەمتر توند هەبوون کە مرۆڤ پەنایان بۆ بەرێت، بەتایبەت کە هێشتا لە سەرەتای ڕێڕەوی پیشەییی خۆیدایە، وتی: هەڵسەنگاندنی بڕیارەکە ناکرێت لە پێگەی یاسایی پارێزەرەکە لە کاتی ڕوودانی پێشێلکارییەکەدا جیابکرێتەوە، لوە خەلەف لە خشتەی پارێزەرانی ژێر ڕاهێناندا تۆمارکرابوو، کە قۆناغێکە تێیدا پارێزەر هەموو ئەو دەسەڵاتانە بەدەستناهێنێت کە ڕێگەی پێدەدەن بە شێوازێکی سەربەخۆ کارکردن لە پیشەکەدا ئەنجام بدات، بەڵکو کارەکەی لەژێر چاودێری ئەو پارێزەرەدایە کە ناوی لەسەری تۆمارکراوە و بەپێی ئەو سنورانەیە کە یاسای پارێزەری کێشاوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە لێکۆڵینەوەکان، بەپێی ئەوەی سەندیکا ڕایگەیاندووە، سکاڵایان تێدابووە کە پەیوەندییان بە هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ڕێکارگەلێکەوە هەبووە کە یاسا ڕێگەیان پێ نادات بۆ پارێزەرێک لە ڕاهێنان، ئەمەش ئەوە بوو کە دەوەستایە سەندیکا دەستوەردان بکات وەک لایەنی تایبەتمەند بە پاراستنی ڕێساکانی مەرجەکانی پیشەگەڕی، سەبارەت بەو بڕیارەش پێی وایە کە ئامانجەکەی، بەپێی ئەم تێڕوانینە، تەنها سنووردار نییە بە سەپاندنی سزاکە، بەڵکو ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکە و پاراستنی خودی پارێزەرەکە لە تووشبوون بە بەرپرسیارێتی یاسایی لە داهاتوودا.
لە بەرامبەردا، هێبە عادل دووپاتیکردەوە، کە ڕووداوەکە دەرگا دەکاتەوە لەبەردەم پێداچوونەوە بە سیستەمی سزادانی تێپەڕێنەر لەناو سەندیکادا، بە شێوازێک کە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکان تەنها سنووردار نەبێت بە سزاکانی نەریتی، بەڵکو درێژببێتەوە بۆ گرنگیدان بە ڕێکارگەلی چاکسازی و ڕاهێنانی کە بەشداری بکەن لە بەرزکردنەوەی کارایی پارێزەرە نوێیەکان و بەهێزکردنی زانینیان سەبارەت بە ماف و ئەركە یاساییەکانیان.
پەرەپێدانی سیستەمی ڕاهێنان... خۆپارێزی پێش سزادان
هێبە عادل ئاماژەی بەوەشکرد، کە هاوشێوەی ئەم ڕووداوانە پێویستی بە پەرەپێدانی ئامرازەکانی پێگەیەندنی پارێزەران دەردەخەن، نەک تەنها تێپەڕین بە سەپاندنی سزاکان دوای ڕوودانی پێشێلکارییەکە، سەرمایەگوزاریکردن لە ڕاهێنان و هۆشیاریدا نوێنەرایەتی یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی پاراستنی گەنجانی پیشەکە دەکات، هەروەها پێشنیاری خستنەڕووی بەرنامە و تاقیکردنەوەی خولیی دەکات بۆ دڵنیابوون لە تێگەیشتنی پارێزەرە نوێیەکان لە یاسای پارێزەری و ڕێکارە ڕێکخەرەکانی کارەکەیان، لەگەڵ دابینکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی کە ڕێگەیان پێبدات شوێنپێهەڵگرتنی هەموارکردنە یاساییەکان بکەن و ئاگاداری دوایین بریار و پێکھاتە یاساییەکان بن، بەو شێوەیە دەبینێت کە سەندیکا، لەگەڵ دامەزراوە پیشەیی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش هەڵدەگرن لە ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێ لە پارێزەران کە زانینی یاسایی و لێهاتوویی پراكتیكی هەبن، بە جۆرێک کە چاکسازی لە کوالێتی بەردەوامبوونی پیشەیی بکات و پێگەی پیشەکە و متمانەی کۆمەڵگە پێیدا بپارێزێت.
بەهێزکردنی پارێزەرانی ژنان
لە دەرەوەی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە، هێبە عادل ئاماژەی بەوەشکرد، کە دۆخی پارێزەرانی ژن لە میسر لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش دوای چەندین ساڵ لە پرسیارکردن لە توانای کارکردنیان لە چوارچێوەی پیشەکەدا، ئاڵەنگاری چیتر لەسەر سەلماندنی مافی ژنان نییە بۆ پراکتیزەکردنی یاسا، بەڵکو لەسەر دابینکردنی ژینگەیەکی پیشەیی دادپەروەرانە کە پشتگیری هەموو پارێزەران بکات، چ ژن و پیاو، بە یەکسانی، لەگەڵ ئەزموونی دەستپێشخەری " پارێزەرانی ژنانی میسری" دەهێنێتەوە یاد، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بە ناوی "پارێزەری ژنی میسری... هەنگاو بۆ پێشەوە" دەستیپێکرد، هەروەها دەستپێشخەرییەکە لە کاتێکدا سەریهەڵدا کە پارێزەرانی ژن وەک کەمکردنەوەیەک لەناو پیشەکەدا سەیر دەکران، ئەمەش وایکرد ڕێکخەرانی بەرنامەی ڕاهێنان و پێشبڕکێی داکۆکیکردن دابنێن بە ئامانجی بەرزکردنەوەی لێهاتوویی پیشەیی و متمانە بەخۆبوون، و دابینکردنی ئامرازی زانیاری بۆ یارمەتیدانی پارێزەرانی ژن بۆ باشترکردنی ئەدای خۆیان لە هۆڵەکانی دادگادا.
دووپاتیکردەوە، کە قۆناغی ئێستا پێویستی بە تێپەڕاندنی وتاری لەسەر بنەمای هەڵاواردن لە نێوان پارێزەرانی ژن و پیاو و وەرگرتنی وتارێکی پیشەیی لەسەر بنەمای دەرفەت و ماف و ئەرکی یەکسان هەیە، وتی: ئەو ئاڵەنگاریانەی ئەمڕۆ لەبەردەم پارێزەرانی گەنجدان هاوبەشن و پێویستی بە پەرەپێدانی سیستەمی ڕاهێنان و بڕوانامە هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگ بێت لەگەڵ زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی پارێزەران، لەگەڵ ئەوەشدا سەندیکای پارێزەران، سەرەڕای ئەو تەنگەژە ڕێکخستنانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە سایەی نزیکبوونەوەی ژمارەی ئەندامەکانی لە یەک ملیۆن پارێزەر، داوای لێدەکرێت کە ئامرازەکانی چاودێری و ڕاهێنانی نوێ بکاتەوە، میکانیزمی زیاتر کارا دابنێت بۆ بەدواداچوونی پارێزەرە ژێر ڕاهێنانەکان، بە جۆرێک کە دەستەبەری بەدەستهێنانی ڕاهێنانی ڕاستەقینەیان بکات، نەک تەنها خۆشاردنەوە بە ڕێکارەکان.
شایانی باسە، دۆسیەی لوە خەلەف، ئاڵۆزییەکان دەردەخات کە سنووری ڕووداوێکی تاکەکەسی یان بڕیارێکی سزایی تێدەپەڕێنێت، چونکە پرسیارە کۆن و نوێیەکانی هێنایەوە پێشەوە سەبارەت بە سنووری دەسەڵاتی سەندیکاکانی پیشەیی، و میکانیزمەکانی لێپرسینەوە لە ئەندامەکانی، هاوسەنگی نێوان پاراستنی نەریتی پیشەکە و پاراستنی ماف و ئازادییە کەسییەکان، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو ڕۆڵەی کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەم سەردەمەدا دەیگێڕن لە دروستکردنی ڕای گشتی، ئەوەی کە ڕەنگە لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناتەواوەوە سەربکەوێت لە فراوانبوونی بازنەی کاردەنەوەکان پێش ئەوەی ڕاستییەکان ڕوون ببنەوە.