کوشتنی منداڵێک لە تونس پرسیار لەسەر کاریگەری یاساکانی پاراستنی منداڵان دروست دەکات

کوشتنی هارون دیاردەی گەشەسەندنی توندوتیژی دژی منداڵانی لە تونس هێنایەوە پێشەوە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بۆشایی یاسایی و جێبەجێکردن، ئەمەش وایکردووە دایکان و چالاکوانان ترسی قووڵی خۆیان دەرببڕن و داوای چاکسازیی بەپەلە و سزای توندتر بکەن.

ئیخڵاس حەمرونی

تونس ـ نزیکەی مانگ و نیوێک لەمەوبەر کوشتنی دڕندانەی هارون زیبی تەمەن چوار ساڵ کە ڕفێندرا و دواتر بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، بۆچوونی گشتی لە پارێزگای قەسرین لە تونس هەژاند، دوای ئەوەی تەرمەکەی دۆزرایەوە لە ئەنجامی دەستدرێژیکردنە سەری بە شتێکی ڕەق لەسەری، کە بووەتە هۆی شکانی کەللـەیسەری، لە پارێزگای زهور، یەکێک لە ناوچەکانی تەنیشت ناوەندی شار، ئەم تاوانە دانیشتووانی تووشی شۆکێکی دوو هێندە کرد، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەلامەتی و ئاسایشەی کە بڕیارە ئەم گەڕەکانە پێشکەشی بکەن.

 

ئەم تاوانە ترسناکە جارێکی دیکە تیشکی خستە سەر پەرەسەندنی ڕووداوەکانی توندوتیژی بەرامبەر بە منداڵان، بەتایبەتی کاتێک تاوانبارەکە هاوڵاتی ناو خێزانەکەیە، ئەو ترسەی دایکان لە بەرامبەر ئەم جۆرە کارەساتە دووبارەبووانەدا تووشی دەبن، هێنایە پێشەوە.

 

دایکانی "دڵەڕاوکێ"

فەتحیە خزر وتی: هەواڵی کوشتنی هارون، منداڵ بۆ کۆمەڵگەی تونسی و بەتایبەتی کۆمەڵگەی قەسرین و هەموو دایکان شۆک دەکات، ئەم تاوانە ترسێکی زۆری لای دایکان دروستکردووە بۆ منداڵە بچوکەکانیان کە بەتەنها دەچنە خوێندنگە، بەتایبەتی کە ئەم تاوانە لەناو ژینگەیەکی خێزانیدا ڕوویداوە، واتە هارون، منداڵ لەلایەن خزمێکەوە کوژراوە، ئەمەش وایکردووە زیاتر ترسمان هەبێت بۆ منداڵەکانمان، نەک تەنها لە کەسانی نامۆ، بەڵکو لە کەسوکاریشەوە، ئەمڕۆ هەست دەکەین منداڵەکانمان سەلامەت نابن، جا لەگەڵ خێزانەکانیان بن یان لەدەرەوەیان، لە خوێندنگە یان لە شوێنە گشتیەکان، چونکە لە خوێندنگەشدا تووشی توندوتیژی دەبن.

 

فەتحیە خزر پێی وایە لە کەیسی تاوانە هاوشێوەکاندا دەوڵەت دەبێت ڕێبازێکی توند لە دادگاییکردندا بگرێتەبەر، وتی: دەبێت سزاکان ڕێگر بن، هەروەها نابێ تاوانبار وەک تاوانەکانی تر دادگایی نەکرێت، چونکە کەسێک کە منداڵێکی بچووکی بێ تاوان بکوژێت کە و هیچ تاوانێکی نەکردووە، دەبێت لەسەری سزا بدرێت.

 

جەختی لەوە کردەوە کە دەوڵەت دەبێت یاسای تایبەت بۆ منداڵان دەربکات، هەروەها سزای دەستدرێژی، توندوتیژی، یان کوشتن دەبێت توندتر بێت، پرۆسەی یاسایی لەم جۆرە کەیسانەدا دەبێت کورت بێت و وەک کەیسەکانی دیکە درێژ نەبێت، سزاکەش دەبێت توندتر بێت، هیچ پاساوێک و پاڵنەرێک نییە بۆ کوشتنی ژیانی مرۆڤێک، هەروەها هیچ دەستدرێژکارێک یان تاوانبارێک نابێت دەستدرێژی بکاتە سەر منداڵێک.

 

پێی وایە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هیچ سەلامەتییەک نەماوە، تەنانەت بۆ گەورەکانیش، کەواتە ئەی منداڵان؟ کوشتنەکان کە منداڵی دەکەنە ئامانج بەردەوام لە زیادبووندایە، منداڵیش چیتر هەست بە سەلامەتی ناکات، تەنانەت لەناو خێزانەکانی خۆیاندا، ئەمڕۆ تێبینی ئەوە دەکەین کە توندوتیژی ئاراستەی منداڵان دەکرێت لە هەڵکشاندایە و هەمەچەشنە، شێوازەکانی لە کەیسێکەوە بۆ کەیسێکی دیکە دەگۆڕێت، تەنانەت هەندێک شێواز لەناو خودی خێزانەکەدا پراکتیزە دەکرێن، لەگەڵ هەندێک لە دایک و باوکان بە بیانووی پەروەردەکردنی دروست بە ئەنقەست لە منداڵەکانیان دەدەن.

 

پەیامەی ئاراستەی دایکان کردووە و وتی: دەبێت دایکان لە منداڵەکانیانەوە نزیک بن، چونکە هەندێکجار منداڵێک لەوانەیە بەر توندوتیژی یان کارە بێ ئەخلاقییەکان بکەوێت، وەک دەستدرێژی یان ئازاردانی سێکسی، لەوانەیە لە ترسی کاردانەوەی دایکی ناوێرێت بە دایکی بڵێت، بۆیە زۆر گرنگە دایکێک هاوڕێی منداڵەکەی بێت و گوێیان لێبگرێت و پشتگیریان بکات، لەکاتی پێویستدا ئامۆژگارییان بکات بەربەست یان مەودای نێوانیان دانەنێین، بۆ ئەوەی متمانەیان بەدەستبهێنن، لە پرسەکانیان تێبگەن و ئاگاداری ئەوە بن کە لە ژینگەی خێزانەکەیان یان لە کایەی گشتیدا ڕووبەڕووی چی دەبنەوە.

 

 

"دەبێت دامەزراوەی ڕۆشنبیری و وەرزشی تایبەت بە منداڵان دابمەزرێنرێت"

سەمیرە غرسلی وتی: ئەم هەواڵە شۆکێکی گەورە بوو بۆ من، چونکە بەداخەوە تاوانەکە لە پارێزگای قەسرین ڕوویدا، لە ناوچەیەک کە من بە سەلامەتی دەزانم، نزیک بوومەوە لە ناوەندی شار و ماڵی ناوەندەکانی پاسەوانی نیشتمانی، وەک گەڕەکی زهور. لەگەڵ ئەوەشدا تاوانێکی وەک ئەم لە دڵی شارەکەدا ڕوویدا، لە گەڕەکەکانی وەک  زاهور، نوور، یان بساتین، کە بڕیارە هەموویان سەلامەت بن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دایکانی پارێزگاری قەسرین، هاوسۆزی خۆمان بۆ دایکی منداڵەکە دەربڕی، تەنانەت بە پەیامێکی سادەش، لەگەڵیدا وەستاین لە بەرامبەر ئەو توندوتیژییەی کە منداڵان تووشی دەبن، هەروەها کارمان کرد بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانمان سەبارەت بە گرنگی ڕێزگرتن لە مافەکانی منداڵان و هەوڵدان بۆ پاراستنیان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی، چونکە پاراستنی منداڵان تەنها لە ماڵەوە سنووردار نییە، تەنانەت کاتێک دایکێک بەوپەڕی وریاییەوە دەوریان دەدات، ئەوا لە دەرەوەی دیوارەکانی ماڵەکەیان بەرەوڕووی مەترسییەکان دەبنەوە.

 

سەمیرە غەرسەلی وتی: ئێمەی دایکانی قەسرین لە شەقام و سەرسوڕمانەکانی دەترسین، بەڕاستی کوشتنی هارون بۆ هەموو دایکێک و هەموو خێزانێک شۆککەر و بە ئازار بوو، ئەم جۆرە توندوتیژییە بووەتە دیاردەیەک کە هەڕەشە لە منداڵەکانمان دەکات، دەبێت چارەسەر بکرێت، پێویستی بە هۆشیاری و هاودەنگی بەکۆمەڵ هەیە لەلایەن هەمووانەوە بۆ ئەوەی لە بەرامبەر ئەو کارانەدا بوەستن و بەر لەوەی پەرەیان پێبدرێت زیاتر.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک دایکێک ناتوانم منداڵەکەم بە پەتێک ببەستم، یان ڕێگری لێبکەم لە یاری تۆپی پێ، چوونە خوێندنگە، یان یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانی، ناتوانم منداڵەکەم لە مافی چێژوەرگرتن لە منداڵی و یاریکردن و چوونە دەرەوە و فێربوون بێبەش بکەم. ئەمە مافی سروشتی خۆیەتی، بە ترسیش ناتوانرێت سنووردار بکرێت، بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە، کە دەبێت پارێزگاری ڕاستەقینە بۆ منداڵان لە شوێنی گشتیدا دابین بکات لە ڕێگەی دامەزراندنی دامەزراوەی ڕۆشنبیری و وەرزشی تایبەت بە منداڵان، کە بتوانن بە سەلامەتی بەشداری چالاکییەکانیان بکەن و بەدواداچوون بۆ خولیاکانیان بکەن لە ژینگەیەکی سەلامەتدا، ئەم دامەزراوانە دەبێت نزیک بن لە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەی دایکان و باوکان بتوانن چاودێری منداڵەکانیان بکەن لەکاتی پێویستدا.

 

پێی وابوو نەبوونی ئەو جۆرە شوێنانە لە ناوچەکانی وەک زهور، بساتین و نور لە قەسرین منداڵەکانمان لە شوێنی یاریکردنی سەلامەت بێبەش دەکات و ناچاریان دەکات پەنا بۆ کافێ ببەن، سەرەڕای تەمەنی بچووکیان، چونکە ئەوانە تاکە شوێنن کە لە دەرەوەی ماڵەوە لەبەردەستیاندایە، بۆیە من پێموایە دابینکردنی شوێنی وەرزشی سەلامەت و کراوە، یان تەنانەت شوێنی تایبەت بۆ وێنەکێشان، شانۆ، مۆسیقا و سەما، چارەسەرێکی بنەڕەتی دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی منداڵان، ئێمە ئامادەین پشتگیری لەم دەستپێشخەرییانە بکەین و هەر کارێک کە ژینگەیەکی سەلامەت بۆ منداڵەکانمان دابین بکات، دەبێت هەموومان یەکگرتوو بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم توندوتیژییە و دابینکردنی منداڵییەکی تەندروست و سەلامەت بۆ هەمووان.

 

کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەی ئۆنلاین

لەیلا تلیلی، ئەندامی کۆمەڵەی منداڵانی بەختەوەر ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە پارێزگای قەسرین هەوڵیدا هەڵوێستێکی ڕوون و پتەوی هەبێت لەسەر ئەو ڕووداوە پڕ لە ئازارەی کە گیانی هارون زیبی برد، ڕوونیکردەوە کە تەنها بیستنی هەواڵەکە شۆکێک بوو بۆ کۆمەڵگە ناوخۆیی و ناوچەیی و نیشتمانییەکان، چونکە هەموو تونسییەکان هاوسۆزی ئەو خێزانە بوون و تاوانە قێزەونەکەیان شەرمەزار کرد.

 

جەختی لەوە کردەوە کە کۆمەڵەکە هەر لە سەرەتاوە ئامادە بووە و هەموو پشتیوانییەکی بۆ خێزانە خەمبارەکە کردووە، کە لە دۆخێکی کۆمەڵایەتی ناسکدا دەژین، ئەو ناوچەیەی ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی بۆ ژیانێکی شایستە نەبووە، نەک تەنها بۆ منداڵان بەڵکو بۆ هەموو دانیشتووانەکەی، ژێرخانی دروستی نەبوو و ئامرازی کات بەسەربردن یان شوێنی تایبەت بە چاودێری منداڵانی سەرەتایی نەبوو.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ کۆمەڵەکانی دیکە، کۆمەڵەکەمان حەزی کرد پاڵپشتی دەروونی و ماددی پێشکەشی خێزانەکە بکات و هەوڵیدا هاوپەیمانییەکی کۆمەڵایەتی پێکبهێنێت بە هاوشێوەی "دوانە" لەنێوان کۆمەڵە چالاکەکان لە کەرتی منداڵدا، بەمەبەستی پاراستنی منداڵان و وەستانەوە بەرامبەر بەو جۆرە تاوانانە.

 

لەیلا تلیلی ئاماژەی بەوەدا ئەوەی کە دۆسیەکەی هێندەی تر ئازاربەخش کردووە ئەوەیە کە ئەو منداڵە دەستدرێژیکارەی هارۆنیش منداڵێکی هەمان بنەماڵە بووە، ئەمەش ڕووداوەکەی ئاڵۆزتر کردووە و زەنگی مەترسی لەسەر بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لەنێو منداڵاندا دروستکردووە.

 

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدا، کۆمەڵەی منداڵانی بەختەوەر هەڵمەتی هۆشیاری ڕێکدەخات کە هەموو ئەو گروپانە دەکاتە ئامانج کە لە بواری منداڵیدا چالاکن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بارودۆخی کۆمەڵایەتی سەختیان هەیە، ئەم هەڵمەتە ئامانجی پەروەردەکردنی دایکانە سەبارەت بە پێویستی پاراستنی منداڵەکانیان و بڵاوکردنەوەی چەمکی سەلامەتی لەناو ژینگەی خێزاندا، لەگەڵ گرنگیدان بە پرسەکانی توندوتیژی و چەوساندنەوە و دەستدرێژی سێکسی.

 

 

یاساکان بەس نین

ئەمال حەقی، پسپۆڕی یاسایی ڕوونیکردەوە، توندوتیژی دژی منداڵان یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە ئێستادا ڕوودەدات، چ لە تونس و چ لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەها یەکێکە لە ئامارە شۆککەرەکان، کە یەک ملیار منداڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەی توندوتیژی تەنها لە توندوتیژی جەستەیی یان دەروونیدا بەرجەستە نییە، بەڵکو توندوتیژی سێکسیش دەگرێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵ، وەک لە یاسای تونس لە بەشی سێیەمی یاسای مافەکانی منداڵدا پێناسە کراوە، هەموو مرۆڤێکە کە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت، مەگەر تەمەنی گەورەی نەگەیشتبێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە منداڵ لە لەدایکبوونەوە تا دەگاتە تەمەنی ١٨ ساڵ، بە منداڵ دادەنرێت. ئەمڕۆ ئەم منداڵە بەرکەوتەی چەندین جۆری توندوتیژی دەبێت، جا چ دەروونی بێت، چ جەستەیی، یان سێکسی، یەکێک لە زۆرترین جۆرە بەربڵاوەکانی توندوتیژی لەم دواییانەدا توندوتیژی خێزانییە.

 

ڕوونیشیکردەوە، تونس کۆمەڵێک یاسای گشتگیری هەیە بۆ پاراستنی منداڵان، وەک دەستووری تونس کە پاراستنی تەواوی منداڵانی تێدایە (وەک لە ماددەی ٢٨دا هاتووە)، هەروەها لە تونس ئەو ڕێکەوتنانە هەن کە ئەو وڵاتە پەسەندی کردووە، گرنگترینیان پەیماننامەی مافەکانی منداڵ و هەروەها یاسای ژمارە ٥٨ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان و یاسای مافەکانی منداڵ کە بە یەکێک لە گرنگترین یاساکان دادەنرێت.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەم جبەخانەیە یاساییە لەڕووی یاساییەوە بە شێوەیەکی گشتی هەموو بۆشاییە یاساییەکان دەگرێتەوە، چونکە هاوتەریبە لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئەمە بە تیۆری دەمێنێتەوە، چونکە لەنێوان ڕاستی و کارپێکردندا چەندین کەلێن هەیە، وەک یاسای ژمارە ٥٨ کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە، لە ماددەی ٢٩ی دا هاتووە کە منداڵێکی قوربانی کە تووشی توندوتیژی بە هەر جۆرێک بووبێت، یەکجار بە ئامادەبوونی پزیشکی دەروونناس گوێی لێدەگیرێت، (ئەم دانیشتنە یەکجار لە ڕێگەی تۆمارکردنی دەنگی و ڤیدیۆییەوە ئەنجام دەدرێت)، بەڵام بە کردەوە ئەمە جێبەجێ ناکرێت و بوونی نییە.

 

پێی وایە شاهیدی منداڵەکە لە پراکتیکدا بە کەمی دەمێنێتەوە، چونکە لە نەبوونی شایەتحاڵێکی سەرەکی یان بەڵگەی فیزیکیدا، ئەو جۆرە شاهیدیە بەهۆی تەمەنی بچووکی منداڵەکەوە قبوڵ ناکرێت، هەروەها فشاری خێزانی و کۆمەڵایەتیش یەکێکە لەو هۆکارە گرنگانەی کە کاریگەری لەسەر پرۆسەی یاسایی هەیە، بەو پێیەی خێزان هەندێکجار وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر منداڵەکە مامەڵە دەکات، داوایان لێدەکات زانیاری ئاشکرا نەکەن لە ترسی دەنگۆ بەزۆری فشار بەکاردەهێنرێت بۆ دابەزاندن یان کشانەوە لە سکاڵاکە.

 

ئەمال حەقی داوای هۆشیاری زیاتری دایکان و باوکان و بەتایبەت سەرپەرشتیارانی کرد بۆ باشترکردنی بارودۆخی پەروەردەکردنی منداڵەكانیان، ماڵەکە بکرێتە شوێنێکی سەلامەت و نزیککردنەوەی دایک و باوک لە منداڵەکە بۆ ئەوەی بتوانن هەر دەستدرێژییەک کە تووشی دەبن بەبێ ترس لە دایک و باوکیان یان کۆمەڵگەکە، ڕاپۆرت بکەن. هەروەها داوای کردووە کە ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە منداڵەکەوە هەیە، وەک مامۆستایان یان ناوەندی چاودێری ڕۆژانە، بە دابینکردنی خولی پەروەردەی بۆیان چاکبکرێنەوە، هەروەها پێویستە پەروەردەی سێکسی بخرێتە ناو بەرنامە پەروەردەییەکانەوە، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و شێوازی بیرکردنەوەی منداڵ.

 

ئەمال حەقی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی منداڵان بە شێوەیەکی یاسایی و کردەیی کردەوە، ژمارەی ناوەندەکانی چاودێری و پاراستنی قوربانییەکان لە تونس کەمن، تەنها نزیکەی ١٠ ناوەندن، بەڵام سەرەڕای ئەم بۆشاییانە هەمیشە لایەنێکی خۆپارێزی و ڕێگریکردن هەیە کە دەبێت حکومەت و تاکەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتی وەریبگیرێت.