هەڵەبجە، پانێڵێک دەربارەی ڕۆژی جیهانى دادپەروەری بەڕێوەچوو
بەئامادەبوونی چالاکوانان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگای مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان ئیڤێنتی (هەڵەبجە و عەدالەت و دادگەری تاوانکاری نێودەوڵەتى) بەڕێوەچوو.
هەڵەبجە
کۆمەڵەی قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە و سەنتەری گەشەپێدانى چالاکی لاوان سەرلەبەیانى ئەمڕۆ لە ئیڤێنتێکدا کە بۆ یاساناس و پاریزەران و چالاکوانان و کەسوکاری شەهیدان سازدرابوو، باس لەو تاوانانە کرا کە بەرامبەر هەڵەبجە کراوە، هەروەها کەمتەرخەمی و بێدەنگبوونى جیهان لە ئاست ئەم کەیسە خرایەڕوو.
پارێزەر گوڵزار عەلی، یەکیک لە بەشداربووانى پانیڵەکە، تایبەت بە ژنها دوا و وتى: بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە ئیڤێنتێکمان سازکرد بە شێوەیەکی گشتى باس لە دادپەروەری کرا لەرووی کۆمەڵایەتى و سیاسی و فەلسەفی و عەقڵانیەوە، باس لە دادگای نێودەوڵەتى و لایەنى بەهێز و لاوازی دادگاکە کرا، کە بەهۆیەوە هەڵەبجە بەردەوام زوڵم و زۆرداری لێکراوە.
هەروەها وتیشی: کاتێک باس لە تاوان و دادگا و دادپەروەری دەکرێت، دەبێت باس لە هەڵەبجە بکرێت، چونکە بە چەندین شیواز زوڵمی لێکراوە و کەمترین جار قەرەبوو کراوەتەوە.
ئەم پاریزەرە باس لەوەش دەکات، پێویستە خەڵکی هەڵەبجە قەرەبوو بکرێنەوە، داواشیان تۆمار کردووە لەسەر ئەو کۆمپانیایانەی مادەى خاوییان فرۆشتوە بە حکومەتى بەعس، کە ژمارەیان ٢٠ کەسە و ٨ کەسیان کۆمپانیان و ١٢یان کەسانى بازرگانن و ئاساین، لە ڕێگەى فرۆشتنى ئەو مادانەوە بڕێکی زۆر پارەی خەیاڵیان دەستکەوتووە.
ئەمە لە کاتێکدایە ٣٢ ساڵ بەسەر کیمیابارانى هەلەبجەدا تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا هەڵەبجە بە جینۆساید نەناسێنراوە و دانى پێدا نەنراوە، کۆمپانیاکان سزانەدراون و هاوڵاتیان لەسەر ئاستى جیهان و عێراق و کوردستان قەرەبوو نەکراونەتەوە.
ت.پ