هاوسەرگیریی منداڵ لە عێراقدا... منداڵییەک کە کورتکراوەتەوە بۆ ڕێککەوتنی هاوسەرگیری و بەرپرسیارێتی زیاتر لە تەمەن

سەرەڕای ئەو یاساو ڕێککەوتنانەی کە دابینکەری پاراستنی منداڵن، بەڵام هاوسەرگیری منداڵان لە عێراقدا هێشتا ماوە کە هەڕەشە لە مافی منداڵانی کچ دەکات بۆ خوێندن و ژیانێکی پارێزراو، بەرپرسیارێتییەکیان دەخاتە سەر شان کە لە سەرووی تەمەن و توانای هەڵبژاردنەوەیە.

تەمەنی سەرەوی

 

بەغدا ـ دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان هێشتا یەکێکە لە دیارترین ئاڵنگارییە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان لە عێراقدا، بەهۆی هەژاری، دابونەریتی کۆمەڵایەتی و وازهێنان لە خوێندن. منداڵانی کچ هاوسەرگیری دەکەن و ڕووبەڕووی دەرئەنجامی توندی دەروونی، تەندروستی و کۆمەڵایەتی دەبنەوە، لە کاتێکدا کاردانەوەی لەسەر ئەو یاسایانە هەیە کە باری کەسێتی ڕێکدەخەن، شارەزایان پێیان وایە کە کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە، سەرباری یاسادانان، پێویستی بە سیاسەتی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی یەکگرتوو هەیە.

 

منداڵییەک کە لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا کۆتایی هات

(ز. ئ) خەونی ئەوەی دەبینید کە خوێندنەکەی تەواو بکات و ببێتە مامۆستا، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، کورسییەکانی خوێندنی بەجێهێشت پاش ئەوەی خێزانەکەی بڕیاریاندا بەهۆی بارودۆخی ئابووری و دابونەریتی کۆمەڵایەتییەوە هاوسەرگیری ئەنجام بدەن.

 

ئەو تێنەدەگەیشت لە واتای هاوسەرگیری و نە قەبارەی ئەو بەرپرسیارێتییەی کە چاوەڕێی دەکرد، دوای تەنها چەند مانگێک بوو بە هاوژین، پاشان بوو بە دایک لە کاتێکدا هێشتا منداڵ بوو. ئەمڕۆ، تەمەنی ١٩ ساڵە، منداڵەکەی لە باوەشیدا هەڵگرتووە، بەڵام وتی: ئەو شتەی زیاتر لە هەموو شتێک ئازاری دەدات ماندووبوون نییە، بەڵکو هەستکردنە بەوەی کە منداڵییەکەی لەدەستداوە پێش ئەوەی بژی.

 

سەرەڕای خۆشویستنی منداڵەکەی، بەڵام هیوادارە هیچ منداڵێکی کچی تر بە هەمان ئەزمووندا تێنەپەڕێت، هەموو منداڵێک مافی خۆی لە خوێندن، هەڵبژاردن و ژیانێکی پارێزراو بەدەستبهێنێت پێش ئەوەی بیری لە هاوسەرگیری بکاتەوە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، خەيال جەواهیرى، پزیشک ئاماژەی بەوەشکرد، کە هاوسەرگیریی منداڵان ئیتر تەنها حاڵەتی سنوردار نییە وەک ئەوەی لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی پەرەسەندوو، ئاوێنەی پاشەکشەیەکە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریدا، لەگەڵ پاشەکشەیەکی روون لەو یاسا و ڕێسایانەی کە دەبێت پاراستن بۆ منداڵان و ژنان دابین بکەن.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو منداڵەی لە تەمەنێکی زوودا هاوسەرگیری ئەمجام دەدات، ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکی ڕاستەوخۆی مافە بنەڕەتییەکانی دەبێتەوە، چونکە لە منداڵییەکەی و لە مافی خوێندن و گەشەسەندنی سروشتی بێبەش دەکرێت، ناچار دەکرێت بەرپرسیارێتی خێزانی هەڵبگرێت کە لەگەڵ تەمەن یان پێگەیشتنی دەروونی و جەستەییدا نەگونجاوە.

 

ڕوونیکردەوە، کە کۆمەڵگە ناتوانێت پێشکەوتنی بەدەستبهێنێت تا ئەو کاتەی ڕێگە بە بەردەوامیی ئەم جۆرە ڕفتارانە دەدات، بەرزبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری زوو نیشانەیەکە بۆ بوونی کەموکوڕی لە سیاسەتە کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و یاساییەکاندا، نەک تەنیا کێشەیەکی خێزانی یان کەسی بێت.

 

هۆکاری فرەجۆر

خەيال جەواهیرى جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوامیی ئەم دیاردەیە بە یەک هۆکارەوە بەستراو نییە، بەڵکو بە کۆمەڵێک هۆکاری تێکەڵاوەوە بەستراوە، کە لە پێش هەمووانەوە خۆی لە هەندێک کۆمەڵگە بە دابونەریتی کۆنەپەرستانە دەبینێتەوە کە سەیری هاوسەرگیری منداڵانی کچ دەکەن وەک شتێکی سروشتی یان وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستنی خێزان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەژاری و قەیرانە ئابوورییەکان کە هەندێک لە خێزانەکان پێیدا تێدەپەڕن، دەبێتە هۆی ئەوەی کە هاوسەرگیری منداڵە کچەکانیان بۆ کەمکردنەوەی باری دارایی، لە کاتێکدا وازهێنان لە خوێندن و دابەزینی ئاستی پەروەردە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئەگەری هاوسەرگیری منداڵان، چونکە ئەو کچەی واز لە خوێندن دەهێنێت زۆرتر ڕووبەڕووی مەترسی هاوسەرگیری دەبێتەوە لە تەمەنێکی بچووکدا.

 

ئاماژەی بووەشکرد، کە هەندێک داوای خێڵەکی و کۆمەڵایەتی هێشتا کاریگەرییان لەسەر بڕیارەکانی هاوسەرگیری هەیە، ئەمەش بەشدارە لە قووڵکردنەوەی دیاردەکە و بەردەوامبوونی سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی کە بە منداڵانی کچ دەگەیەنێت.

 

ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بەو هەموارکردنانەی کە یاسای باری کەسێتی (مەدۆنەی جەعفەری) گرتەوە، بە پاشەکشەی دادەنێت لەو بنەمایانەی کە یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ هاتنی بۆ کرد، کە مسۆگەرکاری گەورەتری دابین کردبوو بۆ پاراستنی منداڵانی کچ لە هاوسەرگیری منداڵاندا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەر دەقێکی یاسایی کە ڕێگە بە هاوسەرگیریی مندالان بدات، کەمکردنەوەیەکە لە مافەکانی منداڵ، پێچەوانەی بنەما دەستوورییەکان و ڕێککەوتنو نێودەوڵەتییەکانە کە عێراق پەسەندی کردوون، جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی منداڵان لە هەموو شێوازەکانی ئیستغلالکردن و ناچارکردن دەکاتەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە کێشەکە تەنیا پەیوەندی بە تەمەنی کچەکەوە نییە، بەڵکو بە توانای دەروونی، جەستەیی و هۆشیاریی ئەوەوە هەیە بۆ بڕیاردانێکی چارەنووسساز وەک هاوسەرگیری، ئەمەش شتێکە منداڵێک لەو تەمەنەدا ناتوانێت تێگەیشتنی ڕاستەقینەی بۆ قەبارەکەی هەبێت.

 

"دادگا دەبێت یەکەمین مسۆگەری مافی منداڵانی کچ بێت"

خەيال جەواهیرى ئاماژە بەوە دەکات، کە مەترسیدارترین دەرئەنجامی هەندێک لە هەموارە یاساییەکان بریتین لە لاوازکردنی ڕۆڵی دادگا لە پاراستنی منداڵانی کچ، دادگاکان دەبێت ئەو لایەنە سەرەکییە بن کە مافی منداڵان و ژنان مسۆگەر دەکەن، بە دوور لە فشارە کۆمەڵایەتییەکان یان دابونەریتە هۆزایەتییەکان.

 

پێیوایە کە دوورخستنەوەی دادگا لەم دۆسیانە دەرگا دەکاتەوە لە بەردەم بڕیارەکاندا، کە لەوانەیە بەرژەوەندی منداڵەکە ڕەچاو نەکەن، دەیخاتە بەر مەترسی بێبەشبوون لە سادەترین مافە یاسایی و مرۆییەکانی، کاریگەرییەکانی هاوسەرگیری زوو تەنیا لەسەر منداڵەکە نامێنێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ ژن بە شێوەیەکی گشتی، چونکە لاوازیی یاسادانان ڕەنگدانەوەی لەسەر مافەکانی دەبێت لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

 

کاریگەرییە درێژخایەنەکانی تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی

ڕوونیکردەوە، کە هاوسەرگیری زوو کاریگەری تەندروستی ترسناک بەجێدەهێڵێت، چونکە منداڵە کچەکە زیاتر ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکانی دووگیانی و منداڵبوون دەبێتەوە، بێجگە لەو کێشە تەندروستییانەی کە لەوانەیە بە درێژایی ژیانی لەگەڵیدا بمێننەوە. هەروەها  منداڵەکە ئەو پێگەیشتنە دەروونییەی نییە کە بتوانێت بەرگەی فشارەکانی ژیانی هاوسەرگیری بگرێت، ئەمەش دەیكاتە زیاتر بەر مەترسی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، تووندوتیژی خێزانی و جیابوونەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە  کە منداڵە کچەکە لەو تەمەنەدا پێویستی بە چاودێری، خوێندن و دروستکردنی کەسایەتی خۆی هەیە، نەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی دایکایەتی و بەخێوکردنی منداڵ، کە زۆرێک لە حاڵەتەکانی هاوسەرگیری منداڵان بە کێشەی خێزانی کۆتایی دێن بەهۆی نەبوونی هاوسەنگی و تێگەیشتن لە نێوان هاوژینەکاندا.

 

ۆاماژەی بەوەشکرد، کە عێراق پابەندە بە چەند ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتییەوە کە پاراستنی منداڵ و ژن مسۆگەر دەکەن، پێیوایە کە ئەم ڕێککەوتنانە دەبێت بە شێوازێکی روون ڕەنگدانەوەیان لەسەر یاسا نیشتمانییەکان هەبێت، کە مسۆگەری پاراستنی منداڵانی کچ بکات لە هاوسەرگیری منداڵدا، داوای پێداچوونەوە بە هەموو ئەو یاسایانە دەکات کە دەکرێت دەرگا لە بەردەم هاوسەرگیری منداڵ، کارکردن بۆ دەرکردنی یاسای توندتر کە منداڵی بپارێزێت، ڕێگری لە هەر جۆرە ئازاردانی منداڵانی کچ بگرێت لە ژێر هەر پاساوێکی کۆمەڵایەتی یان ئابوورییەکدا.

 

ڕاگەیاندن و پەروەردە... یەکەمین هێڵی بەرگری

خەيال جەواهیرى پێیوایە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئیتر ئەو ڕۆڵە هۆشیارییەی پێویست ناگێڕن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیەدا، ئەو بەرنامانەی باسی دۆسیەکانی ژنان، خێزان و منداڵان دەکەن سنووردار بوون بەراورد بە قەبارەی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە کۆمەڵگە ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە قوتابخانەکان، زانکۆکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی داواکراون کە هەڵمەتی ڕووناکبیری بەردەوام دەستپێبکەن، کە ئامانج بێت بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەسەر مەترسییەکانی هاوسەرگیری زوو و کاریگەرییە تەندروستی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و یاساییەکانی.

 

هەروەها جەخت لەسەر گرنگی کەمکردنەوەی وازهێنان لە خوێندن دەکاتەوە، چونکە مانەوەی منداڵانی کچ لە قوتابخانەدا یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی پاراستن لە هاوسەرگیری منداڵان، بێجگە لە توانابەخشینی ئابووری و پەروەردەیی لە داهاتوودا.

 

بەرپرسیارێتی دەوڵەت و کۆمەڵگە

خەيال جەواهیرى لە کۆتای قسەکانیدا بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕووبەڕووبوونەوەی هاوسەرگیریی منداڵ بەرپرسیارێتی وەزارەتێک یان دەزگایەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی هاوبەشە کە پێویستی بە هاوکاری دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەیە، لەگەڵ دادگا و دەزگا پەروەردەیی، ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا.

 

هاوسەرگیریی منداڵان دەمێنێتەوە بە یەکێک لەو دۆسیانەی کە زۆرترین گفتوگۆی لە عێراقدا دروست دەکات، نەک تەنیا بەهۆی پەیوەندی بە دەقە یاساییەکانەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو کاریگەرییە قووڵانەی کە لەسەر داهاتووی منداڵانی کچ و کۆمەڵگە بە تەواوی بەجێی دەهێڵێت، لە نێوان بانگەوازەکان بۆ توندکردنی یاسادانان، پتەوکردنی پەروەردە، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتیدا، پرسیارەکە بە کراوەیی دەمێنێتەوە: ئایا هەوڵەکان سەرکەوتوو دەبن لە پاراستنی منداڵی و پێدانی مافی منداڵانی کچ بۆ ژیان لە تەمەنی خۆیاندا بە دوور لە بەرپرسیارێتییەکانی هاوسەرگیری منداڵان، یان دیاردەکە بەردەوام دەبێت لە بێبەشکردنی منداڵی کچ زیاتر لە منداڵی و داهاتوویان؟.