چالاکوانێکی تونس بێدەنگی نێودەوڵەتی لەبەرامبەر تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکات

جەنات کەداشی، سەرۆکی کۆمەڵەی فێمێنیستی "حەوا" جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان ڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکان لە تونس و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردەوە، بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لەو ناوچانەدا.

زهور مەشریقی

 

تونس- سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٣ ساڵ بەسەر شۆڕشی تونسدا، بەڵام ڕاستی ژنان ئاڵۆز بووە و تەنها لە ساڵی ٢٠١٧ یاسای دژە توندوتیژییان بەدەستهاتووەو ئەویش لەسەر کاغەز ماوەتەوە،  بەکارهێنانی ژنان وەک کارتی هەڵبژاردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان زیادی کردووە.

 

جەنات کەداشی، سەرۆکی کۆمەڵەی فێمێنیستی "حەوا" وتی: ڕاستی ژنان لە شاری سیدی بوزید کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ڕۆژئاوای تونس نەگۆڕاوەو بووەتە تراژیدیا، سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەوان هاوبەش بوون لە شۆڕشەکەدا و هەموو ئەو سیاسەتانەی سەرکوتکردن کە بەر لە ڕووخانی ڕژێمی سەرۆکی پێشوو زین عابدین بن عەلی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، دوای ١٣ ساڵ لە شۆڕش، خەونەکانی ژنانی پارێزگای سیدی بوزید بۆ ئازادی و هاوڵاتیبوون و یەکسانی بوونەتە دروشم.

 

"ڕێژەی ژنانی بێکار زۆرەو سنووردارە"

ئاماژەی بەوەکرد، ژنانی سیدی بوزید لە ساڵی ٢٠١٠دا خۆپیشاندانیان کرد بۆ داواکردنی ڕووخانی ڕژێم و دابینکردنی بەشی هەرێم لە سامانی نیشتمانی، بەتایبەتی پارێزگاکە کە دەکەوێتە ناوەندی ڕۆژئاواوە بە پەراوێزخراوترین و هەژارترین ناوچە دادەنرێت و ڕێژەی ژنانی بێکار زۆرە و کارەکانیان سنووردارە بۆ کەرتی کشتوکاڵ لە بارودۆخێکی لاوازدا و بەبێ بیمەی تەندروستی،  ژنانی پارێزگای سیدی بوزید هیچ پۆستێکی باڵایان لە پۆستەکانی بڕیاردان وەرنەگرتووە، هەروەها دەرفەتی ئەوەشیان پێنەدراوە تراژیدیاکانیان ڕابگەیەنن.

 

"ئازادی و دەستکەوتەکانمان لە ژێر هەڕەشەدان"

وتیشی: گەڕاینەوە بۆ خاڵی سفر کە تێیدا لەگەڵ حکومەتی بن عەلی بووین، بازرگانی بە ئازادیی ژنانەوە دەکرد، تەنها وەک ڕازاندنەوەیەک وێنەی ژنانی بەکاردەهێنا و ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی خراپترداین، ئازادی و دەستکەوتەکانمان لەژێر هەڕەشەدان و هەموو چاوەکان لەسەرمانە بۆ سنووردارکردن، دوایینیان ئەو پەراوێزخستنی هەڵبژاردنە بوو کە ژنان لە بوونی بەهێزیان لە ئەنجومەنە ناوخۆییەکان و پەرلەمان بێبەش کرد، هەروەها ڕیفراندۆمێک کە ژنانی لە بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا بێبەش کرد.

 

جەنات کەداشی، ئاماژەی بەو جیاکارییە کرد کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە ناوچە ناوخۆییەکاندا، بارودۆخەکەیان بەسەختی ماوەتەوەو باشتر نەبوو، بەڵکو هەژارییەکەیان دوو هێندە کرد، بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کە ئارەزووەکانیان وەک خەونێک وایە کە بەدەستهێنانی قورسە، جگە لە بوونی جۆرێک لە ڕق و کینە لە ئەنجامی ئەم بارودۆخە و کەمبوونەوەی شێوازی ئازادی و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی مافەکان.

 

"فێمینیستەکان دەستبەرداری خەونەکانیان نابن"

جەختی لەوە کردەوە، فێمێنیستەکان دەستبەرداری خواستەکانیان نابن بۆ ئەوەی لە چوارچێوەیەکی دیموکراسی ئازاددا بژین، بەردەوام دەبن لە تێکۆشان بۆ ڕێگەگرتن لە ئامانجکردنی دەستکەوتەکانیان کە لە ئەنجامی خەباتی فێمێنیستییەوە بەدەستهاتوون، ژنانی تونس لە بەرامبەر هەموو ئەو پلانانەی کە هەوڵی ترساندنیان دەدەن دەوەستنەوە، سەرەڕای تراژیدیا و سەختییەکان، ژنانی سیدی بوزید بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ ماف و ئازادیی زیاتر و بەرەو بەدەستهێنانی شوێنێکی پارێزراو دوور لە کوشتن و توندوتیژی و جیاکاری و پەراوێزخستنی سیستماتیکی.

 

"توندوتیژی و داگیرکاریی لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بەردەوامەو ئەوە تاوانە"

جەنات کەداشی باسی لە بارودۆخی ژنان لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد، کە ڕووبەڕووی شەڕ و توندوتیژی بوونەتەوە لەلایەن لایەنە چەکدارەکان و داگیرکەرانەوە، ئاماژەی بە بوونی هەڵمەتێکی ڕاگەیاندن کرد بۆ ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکان دژی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکان، وتی: لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کوشتن، دەستدرێژی، ڕفاندن لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بەرامبەر ژنان بەردەوامە، ئەوەی لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان تێیدا دەژین بەرز دەبێتەوە بۆ ئاستی تاوان دژی مرۆڤایەتی.

 

"ژنانی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا و غەززە لەبیرناکەین"

داوای کرد کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بەرپرسیار بکرێت لە تاوانەکانی جەنگ لەو ناوچەیەدا، کە ژیانی ژنانی چەند ئەوەندە سەختتر کردووە، هەروەها لاوازیی پێگەی نێودەوڵەتی شەرمەزار کرد کە دەبێت کار بکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر داگیرکارییەک، وتیشی: لە تونسەوە هاوکاری ژنانی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەین و هەروەها ژنانی فەڵەستین و غەزەش لەبیر ناکەین کە هەموویان لەبەرچاوی جیهاندا دەردەکەون و لەبەردەم چاوی کامێراکاندا دەکوژرێن، ژنانی تونس بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی ژنان لە هەر شوێنێک بن بۆ ئازادی خۆیان و بۆ ئەوەی لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین.

 

سەبارەت بە گرنگی هەماهەنگی فێمێنیستی، لە کۆتایی قسەکانیدا جەنات کەداشی جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان ڕێکخراوەکان و کۆمەڵەکان لە تونس و هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردەوەو وتی: باش دەبێت فێمێنیستەکان لە تونس ئاگادار بکەینەوە دەربارەی بارودۆخی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بۆ بەدەستهێنانی تۆڕێکی فێمێنیستی کە دەبێت سنوورەکان تێبپەڕێنێت بەبێ وەستان، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ئاشتی و پێدانی دەنگ بە ژنان لەو ناوچانەدا.