"پێویستە پێشێلکاری سەر ڕۆژنامەنووسان بوەستێندرێت"

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تونس، جەخت لەوە دەکاتەوە کە چاکسازی لە ڕێگەی سەرکوتکردنەوە بەدی نایەت.

زهور مەشرەقی

 

تونس- ئەمیرە محەمەد، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی تونس، پێی وایە سەندیکاکە خەبات دەکات بۆ پاراستنی ئازادی، دیارترین دەستکەوتیشیان جێبەجێکردنی یاسای ١١٥یە و کار دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵ و دەنگۆی نادروست.

 

ئەمیرە محەمەد ڕایگەیاند، جێبەجێکردنی یاسای ٥٤ کارێکی قورسە، چونکە بووەتە مەترسی بۆ سەر ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت هاوڵاتیانیش، تەنانەت بووەتە بەربەستێک بۆ باسکردن لە گرانی نرخەکان لە تونس، وتیشی: یاسای ١١٥ کە کەرتی ڕۆژنامەوانی لە تونس ڕێکدەخات، دەتوانێت بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ناڕاست، دەنگۆ و ناوزڕاندن ببێتەوە، دەسەڵاتیش بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست، چونکە لە ڕێگەی میدیاوە دەتواندرێت زۆرترین هەواڵ بگاتە هاوڵاتیان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانرێت لەژێر بوونی ئەو فەرمانەی پێشوودا باس لە ئازادی بکرێت و وتی: ئەمڕۆ سووکایەتی بە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین دەکرێت، دیسان باس لە ئەشکەنجەدان و ڕاگرتنی زیاتر لە ٤٠ ڕۆژنامەنووس دەکرێت کە ڕەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون.

 

ئەمیرە محەمەد، پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان و ئازاردانی جەستەیان هەروەها پاساو هێنانەوە بۆ ئەشکەنجەدانیانی ئیدانە کرد، وتیشی: گرنگە دەسەڵات گوێ لە بۆچوونی جیاواز بگرێت و ڕووبەڕووی پەیامی ڕۆژنامەنووسان ببێتەوە و ئازادی ڕادەربڕین بپارێزێت، کە بە دیارترین دەستکەوتی شۆڕش دادەنرێت، گرنگە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بەشداری بکەن و لە قۆرخکردنی دەسەڵات دوور بکەونەوە، ئێمە تامی ئازادیمان کرد و نامانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ڕژێمە دواکەوتووەکان.

 

سزا بوونی هەیە بۆ ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی نەشیاو هەواڵ بڵاودەکەنەوە

لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات، دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەخت بووە و کاریگەریشی کردووەتە سەر داڕمانی دراوی تونسی، بە جۆرێک کاری لەسەر شۆڕشی ئازادی کردووە.

 

لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٢ سەرۆکی تونس فەرمانێکی دەرکرد کە بە مەرسومی ٥٤ ناسراوە، تێیدا هاتووە، سزا بە زیندانیکردن بۆ ماوەی پێنج ساڵ و باج وەرگرتن بە بڕی پەنجا هەزار دینار بۆ هەر کەسێک کە بە مەبەست تۆڕ و سیستمی زانیاری و پەیوەندیکردن بەکاربهێنێت بە شێوەیەکی نەشیاو، بانگەشەکردن، بڵاوکردنەوە، یان ناردن یان ئامادەکردنی هەواڵی ناڕاست، لێدوان، دەنگۆ، یان بەڵگەنامەی هەڵبەستراو یان ساختە بە ئامانجی هێرشکردنە سەر مافی کەسانی دیکە، یان زیانگەیاندن بە ئاسایشی گشتی یان بەرگری نیشتمانی.